ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دواو وتی: "دانانی کورسی بۆ پێکهاتەکان بۆ گروپە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییە جیاوازەکانە وەک هاوکارییەک بۆیان تا بتوانن نوێنەرایەتییان هەبێ لە پەرلەماندا، لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٩ وە ١١ کورسی بۆ سێ پێکهاتە دیاریکرا بە پێی یاسای ساڵی ١٩٩٢ ی هەموارکراو، کلد و سریان و ئاشور ٥ کورسیان بەرکەوت، ئاشور و تورکمان پێنج کورسی و ئەرمەنییەکان یەک کورسی، ئەو یانزە کورسییە لەسەر ئەساسی نەتەویی دراوە بەو پێکهاتانە نەک ئایینی، لە دوای چەسپاندنی یاساکە بڕگەیەک هەبوو کە لابرا و پێویست بوو، ئەویش ئەوە بوو کە دەبێت تەنها دەنگدەرانی ناو ئەم پێکهاتانە دەنگ بە کاندیدەکانیان بدەن، بە نەمانی ئەم بڕگەیە یاساکە زۆر بە خراپی بەکارهێنرا، کاندیدەکانی ئەم پێکهاتانە لە ناو چەند وێستگەیەکدا سەلماندیان کە لایەنگری هێزێکن و لە زۆر وێستگەدا ڕێگربوون لە قوڵبوونەوەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا، بە پێچەوانەی ئەوەی کە دەبوو بیکەن، بۆ نمونە لە یاسای خۆپیشاندان و سەرۆکایەتی هەرێمدا، تەنانەت لەگەڵ درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانیشدا بوون، ئەم هۆکارانە بوون وایانکرد کە خەڵک وابیربکەنەوە کە ئەم هێزانە بوونەتە داردەستی هێزێکی سیاسی و ڕێگرن لە گەشەی دیموکراسی، ئەمە وایکرد کە یەنەکە تانە لە بڕگەی تایبەت بە کورسی کۆتاکان بدات و لە دوای ١٢ دانیشتنی دادگای فیدراڵی، بڕیاری ١١ کورسی بۆ پێکهاتە کۆتاکان هەڵبووەشێتەوە، ئەم بڕیارە سودی دەبێت لەبەر ئەوەی ڕاستەوخۆ کورسی پەرلەمان دەکات بە ١٠٠ کورسی و ئەمەش وادەکات کە پێویستت بە ٥١ کورسی بێت بۆ هەڵبژاردن، ئەم بڕیارە ڕێگریش نییە لەو پێکهاتانە کە بەشداری لەم خولەی هەڵبژاردن بکەن، بەڵکو دەتوانن لەگەڵ لیستەکانی تردا، یاخود بە هاوپەیمانییەکی تر بەشداری هەڵبژاردنەکان بن."
هەروەها سەبارەت بەوەی ئەو پێکهاتانە چۆن بتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن لە دوای ئەم بڕیارەوە ئەو وتی: "پێویستەکات ئەو حیزبانەی کە بانگەوازی ئەوە دەکەن لە خەمی پێکهاتەکاندان، چەند کاندیدێک بە هەرجۆر و ڕێگەیەک بێ لەو پێکهاتانە بەشداری پێبکەن، تاوەکو بەشداربن لەم خولەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمدا."
ئارام جەمال سەبارەت بە بڕیاردان بە هەبوونی سەد کورسی لە پەرلەمانی کوردستاندا، پێیوابوو ئەم بڕیارە لە کاتێکدا هەڵەیە کە بیانەوێت دەنگ لەسەر بڕیارێک بدەن و ڕێژەیان پەنجا بە پەنجا بێت و وتیشی: "ئەم کێشەیە دەکرێ لە بڕیاری ناوخۆی پەیڕەوی پەرلەماندا ک لە سەرەتای هەر خولێکی پەرلەمان دادەنرێت بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان، هەموار بکرێتەوە بەو جۆرەی کە هەر لایەک دەنگی سەرۆکی پەرلەمانی لەگەڵ بوو، ببێتە بڕیاری یەکلاکەرەوە."
هەروەها سەبارەت بەوەی کە تا ئێستا بڕیار لە وادەی هەڵبژاردنەکان نەدراوە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستانەوە، ئارام جەلال وتی: "بڕیاری تەواو نەدراوەتە دەست هیچ کام لە کۆمسیۆنەکانی عێراق و کوردستان بۆ دیاریکردنی وادەیەک، بەڵکو دەبێت ئەم بڕیارە لەلایەن حوکمەتی هەرێمی کوردستان بدرێ بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەو ڕۆژە بێتە ڕۆژی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری کوردستان."
ئارام جەمال پێیوابوو کە بڕیاری چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵگری دوو لێکدانەوەی جیاوازە و دەکرێت ئەم بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی خولەکانی تری پەرلەمان بێت و دەشکرێت تەنها بۆ ئەم خولە بێت و دواتر هەموار بکرێتەوە و وتیشی: "دەکرێت دوای ڕێخستنی تەشکیلاتی ناو پەرلەمان، جارێکی تر یاساکە هەموار بکرێتەوە و کۆمسیۆنێکی تر دابنرێتەوە، چونکە تا ئێستاش هیچ یاسایەک نییە کە بڵێت کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کوردستان نادەستوورییە."
سەبارەت بە کێشەی سیستمی یەک بازنەیی و چوار بازنەیی لە نێوان لایەنەکان ئەو پێیوابوو هەر لە سەرەتاوە ١١ کورسیی پێکهاتە کۆتاکان کێشەی نێوان لایەنەکان و بەتایبەت پەدەکە و یەنەکە بووە، پرسی ژمارەی بازنەکان کێشەیەکی ئەوتۆ نەبووە لە نێوانیان و وتیشی: " سیستمی یەک بازنەیی و چوار بازنەیی لە ئێستادا زۆر کێشە نییە، چونکە تەزویرکردن لە هەڵبژاردندا لە دوای سیستمی بایۆمەتری زۆر زەحمەتە، بەڵام بێگومان سیستمی چوار بازنەیی باشترە، چونکە پەیوەندی نێوان دەنگدەر و کاندیند زیاترە."
ئەو لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە پێیوابوو کە دوانزە دانیشتن بۆ یەکلاکردنەوەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتە کۆتاکان کاتێکی زۆر بووە و مەسەلەیەکی سیاسی لە پشتەوە بووە، هەروەها وتی: "بڕیاری دادگای فیدراڵی هەرچی بێت پێویستە هەموو لایەنەکان پابەندبن پێوەیی و جێبەجێی بکەن، جا گەر دەستوری بێت یاخود نادەستووری بێت."
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەماندا ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن وتی: " ئەم هەڵوەشاندنەوەیە کۆتایی نییە بۆ پێکهاتەکان، دەتواندرێت جارێکی تر یاساکە هەموار بکرێتەوە، تەنها ئەوەیە گرنگە بۆ ئەم جارە لەبیرنەکەن کە دەبێت دەنگەدەرانیان تەنها لەناو خودی پێکهاتەکاندا بێت و پرسەکەیان بەلاڕێدا نەبرێت."
هـ . ب