دادگای فیدراڵی عێراق: درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕۆژی سێشەممە بڕیاریدا لەسەر نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕۆژی سێشەممە بڕیاریدا لەسەر نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.
سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، جاسم محمەد عەبود ئەلعەمیری، وتی: «بەگوێرەی دەستوور تەمەنی پەرلەمان چوار ساڵە، هەر دەقێک پێچەوانەی ئەم دەستوورە بێت ناڕاستە».
هەروەها گوتی: «پاراستنی بەردەوامیی پرۆسەی هەڵبژاردن مەسەلەیەکی گرنگە، چونکە بەردەوامیی هەڵبژاردنەکان بناغەیەکی بەهێزە بۆ سیستەمی دیموکراسی».
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە ٢٤ ی ئایار دوایین دانیشتنی بەست سەبارەت بە سکاڵای (٢٤٨/فیدراڵی/٢٠٢٢) و سکاڵا هاوشێوەکان سەبارەت بە تانەدان لە نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی یەک ساڵ، پاش تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی، دادگاکە ڕۆژی (٣٠ ئایاری ٢٠٢٣)ی دیاریکرد بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵاکە.
لە ڕۆژی ٩/١٠/٢٠٢٢، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ تەمەنی خولی پێنجەمی تا پایزی ٢٠٢٣ درێژکردەوە، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، یوسف سادق و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، سکاڵایەکیان خستە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پەیوەست بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی یەک ساڵ، بەهۆی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، سکاڵاکاران پشتیان بەست بۆ کۆمەڵێک مادە و بڕگەی نێو دەستوور کە جەخت دەکاتەوە لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا.
هـ. ب