دایکانی مەخمور: تەلبەندکردن قەبوڵ ناکەین!
دایکانی مەخمور کە لەبەردەم ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی سوپای عێراقدا وەستاون، رایانگەیاند، تائێستا زیانیان بە کەس نەگەیاندووە و ئەو گەمارۆدان و تەلبەندکردنە قەبوڵ ناکەن.
دایکانی مەخمور کە لەبەردەم ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی سوپای عێراقدا وەستاون، رایانگەیاند، تائێستا زیانیان بە کەس نەگەیاندووە و ئەو گەمارۆدان و تەلبەندکردنە قەبوڵ ناکەن.
سوپای عێراق سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، شۆفڵ و هێزی تایبەتی هەوڵیاندا بچنە ناو کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) و ویستیان چواردەورەی کەمپەکە تەلبەند بکەن.
بەوهۆیەوە هاووڵاتیان چوونە بەردەمیان و رێگەیان لە ئۆتۆمبێلە زریپۆشەکان گرت و خێمەیان هەڵدا.
لەم ساتەدا خەڵکی مەخمور بەبەر بارانەوە خۆڕاگری دەکەن.
ئەو دایکانەی لە شوێنەکە ئامادەن هەڵوێستی خۆیان دەربڕی و وتیان، کە ئەوان ٢٣ ساڵە پەنابەرن و تائێستا زیانیان بە کەس نەگەیاندووە و ئەوە قەبوڵ ناکەن.
یەک لە دایکانی بەشداری چالاکییەکە وتی، "ئێمە خۆڕاگری دەکەین، تا ئەو کاتەی ئەوان دەڕۆن".
دایکێکی تر وتی، "لە کاتژمێر ٠٥:٠٠ی سەرلەبەیانیەوە بە گوڕ و تینەوە لە سەر پێین. خەڵکەکەمان هەموویان لەبەردەم ئۆتۆمبێلە زریپۆشەکاندا خۆیان کردووەتە قەڵغان. ئەوە قەبوڵ ناکەین. تالێرە بن ئێمەش خۆڕاگری دەکەین".
بەرخودانی گەل لە ناوچەکە بەردەوامە.
هـ . ب