'دەبێت پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی تایبەت بە پرسی مانگرتن لە خواردن سازبکات'

کۆمیسیۆنی چاودێری زیندانەکان لە مێردین ئاماژەی بە دۆخی زیندانیانی مانگرتوو کرد و داوای کرد پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەو بارەوە ساز بکات. جەختیشی کردەوە: "داوای زیندانیان داواکاری ئێمەشە".

کۆمسیۆنی چاودێری زیندانەکان سەبارەت بە مانگرتن لە خواردنی زیندانیان لە زیندانەکانی کوردستان و تورکیا کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە لە پێناو 'ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد' دەستیپێکردووە، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد. کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە لە بەردەم بینای رێکخستنی مێردینی پارتی دیموکراسی ویەکسانی گەلان (دەم پارتی) بە بەشداری ژمارەیەک زۆر لە کەسایەتیەکان بەڕێوەچوو.

'ناتوانن بە کۆمەڵکوژی بەر بە کوردان بگرن'

بەسنای گونای لە دایکانی ئاشتی ئەوەی خستەڕوو کە گەلی کورد بە کۆمەڵکوژی راناگیرێت و لەپێناو کۆتاییهێنان بە سیاسەتی شەڕ بانگەوازی راگەیاند. بەسنا گونای وتی، "دەمانەوێت گۆشەگیری لەسەر رێبەرمان هەڵبگیرێت. لێرەوە رایدەگەیەنین کە وەک خەڵکی مێردین دەست بە چالاکی ئێشکگری دەکەین. دەزانین کە لەو هەنگاوەدا دواکەوتووین. ئێمە هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە، لە هەموو شوێنێک چالاکی دەکەین.  خاوەنداری لە رۆڵەکانمان دەکەین. نامانەوێت کە مرۆڤەکان لە زینداندا گیان لەدەست بدەن. داواکارین هەمووان دەست بخەنە سەر ویژدانی خۆیان و دەست بە چالاکی بکەن".

گوشار دەخرێتە سەر زیندانییە مانگرتووەکان

هاوسەرۆکی لقی مێردینی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) لوقمان ئەمەن رایگەیاند، ئەو زیندانیانە مافی دیموکراتیکی خۆیان بەگوێرەی دەستوور بەکاردەهێنن. ئەمەن ئاماژەی بە دیدارەکان لەگەڵ زیندانیان کرد و ئەوەی خستەڕوو زیندانیان پێویستییان بە ڤیتامین هەیە، جگەلەوەش خوێ و شەکر نادرێتە ئەو زیندانیانەی کە مانیان لە خواردن گرتووە. باسی لەوەشکرد، سزای دیسپلین و لێپرسینەوە بەرامبەر بە مانگرتووان هەلومەرجی گۆشەگیری دژوارتر کردووە.

ئەمەن جەختیشی کردەوە، کە دەبێت مافی تەندروستی، مافی ژیانی زیندانیان کە لە مانگرتندان پارێزراو بێت و داوای کرد کە کۆتایی بە گۆشەگیری بهێندرێت و رێگری بکرێت لەوەی ئەو مرۆڤانە بە هۆی مانگرتنەوە گیان لەدەست بدەن.

داواکاری بۆ سازکردنی کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان

ئەمەن رایگەیاند، کە گۆشەگیری لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی بنەما یاساییە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکانە و وتی، " لە سیستمی سزاداندا دەبێت کۆتایی بە هەموو جیاکاری و هەڵاواردنێک بهێندرێت. لە ٨ ساڵی رابردودا بە روونی ئەوە بینرا کە پرسی کورد پێویستی بە چارەسەر و رێگەی دیموکراتیک هەیە. هەربۆیە لە چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراتیکی پرسی کورددا رۆڵ و پێگەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دیارە و هیچ مشتومڕێک هەڵناگرێت. ئێمە بەبیری دەهێنینەوە کە لەو چوارچێوەدا لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ەوە لەپێناو چارەسەر دیموکراتیکی پرسی کورد هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان زیندانیان مانیان لە خواردن گرتووە. ئێمە رایدەگەیەنین کە داواکاری ئەوان، داواکاری ئێمەشە. داوا لە وەزارەتی داد، لیژنەی بەدواداچوون بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمان و رێکخراوەکانی بواری یاسا دەکەین ئەرکی خۆیان بەجێبگەیەنن. هەروەها داوا لە پەرلەمان دەکەین کە گوێ بۆ داواکاریی زیندانیان رابگرن و کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ببەستن. داوا لە پارتە سیاسیەکانیش دەکەین کە بەرپرسیارێتی خۆیان بە جێبگەیەنن".

هـ . ب