دلێر محەمەد: "بڕیاری سیاسی لە کەرکوک پەیوەستە بە دەنگدانی هاوڵاتیان"
دلێر محەمەد پەرلەمانتاری پێشوو: "دەنگدان گرنگە بۆ دروست کردنی بڕیاری سیاسی چونکە ڕێژەی دەنگ دەتوانێت هاوسەنگی سیاسی لە کەرکوک بگۆڕێت".
دلێر محەمەد پەرلەمانتاری پێشوو: "دەنگدان گرنگە بۆ دروست کردنی بڕیاری سیاسی چونکە ڕێژەی دەنگ دەتوانێت هاوسەنگی سیاسی لە کەرکوک بگۆڕێت".
کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە ١٨ى کانوونى یەکەم، دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەستی پێکرد کە یەکەم جارە لە دواى ١٨ ساڵ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت.
دلێر محەمەد شەریف پەرلەمانتاری پێشووی خولی دووەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، ناوبراو باسی لە گرنگی هەڵبژاردن بەگشتی و بەتایبەتی بۆ دۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کرد.
بە هەڵبژاردن سیستەمێکی دیموکراتی پیادە دەکرێت
سەبارەت بە گرنگی هەڵبژاردن، دلێر محەمەد شەریف پەرلەمانتاری پێشوو، ڕایگەیاند: "هەڵبژاردن هەموو کاتێک گرنگە چونکە ئەرک و مافە، ئەگەر هاوڵاتی بیەوێت سیستەمێکی دیموکراتی پیادە بکات ئەوە یەکێک لە کۆڵەگە گرنگەکانی دیموکراتی هەڵبژاردنە کە پەیوەندی بە ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕێکخراوبوونی سیاسی، مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا هەیە".
' نەتوانراوە مافەکان بۆهاوڵاتی گرەنتی بکرێت'
سەبارەت بە دۆخی کەرکوک و گرنگی هەڵبژاردن بۆ کورد لەدوای لەدەستدانی شارەکە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا ناوبراو ووتی: "سەبارەت بە دۆخی ئیستای کەرکوک و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک گرنگیەکی تایبەتی خۆی هەیە چونکە ئەم شارە فرە پێکهاتەیی تێدا کە بەداخەوە ئەزموونی فرە نەتەوەیی عێراق و ئەم شارە لە ڕابردوودا هەمیشە نەتەوەی زاڵ و سەردەست هەبووە و هەمێشە کە هەوڵی داوە هەموو دەسەڵاتەکان لەچواردەوەرەی خۆی کۆبکاتەوە بۆیە نەتوانراوە لە عێراق مافەکان بۆهاوڵاتی گرەنتی بکرێت".
'ڕێگەنەدەن هەوڵە چەواشەکارییەکان سەربگرێت'
دلێر محەمەد باسی لە پەیوەستبوونی پرۆسەی دەنگدانی لەگەل بڕیاری سیاسی کرد و ئاشکرای کرد: "لەبەر ئەوەی لەئیستادا کورد لە شاری کەرکوک پێویستی جدی بە بەشداری کارا هەیە لە هەڵبژاردن چونکە بەشداری کردنی کورد بەشداری کردنە لە بڕیاری سیاسی چونکە بڕیاری سیاسی لە کەرکوک پەیوەستە بە دەنگدانی هاوڵاتیان، گرنگە هاوڵاتیان ئەم مافی دەنگدانەیان پیادەبکەن و نەهێلن هەوڵە چەواشەکارییەکان بۆ نەچوونیان بۆسەر سندوقی دەنگدان سەربگرێت".
'هەڵبژاردن ئاڵوگۆڕێکی ئاشتەوایانەی دەسەڵاتە'
لە درێژەی قسەکانیدا دلێر محەمەد شەریف ووتیشی: "هەڵبژاردن یەکێکە لەو کۆڵەگانەی کە دەتوانیت ئاڵوگۆڕێکی ئاشتەوایانەی دەسەڵاتی تێدا بکەیت کە لەو ڕێگەیەوە ئیدارەی بەڕێوەبردن لە شاری کەرکوکدا بەشێوەیەک ئاڕاستە بکرێت کە خزمەت بە هەموو خەڵکی شارەکە بکات بەبێ جیاوازی".
'بە دەنگدان بڕیاری سیاسی دروست دەبێت'
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "بۆ گەلی کورد زۆر گرنگە کە بچێتەسەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگبدات بە لیستە کوردییەکان، لەبەر ئەوەی دەنگدان گرنگە بۆ دروست کردنی بڕیاری سیاسی لە شارەکە چونکە ڕێژەی دەنگ دەتوانێت هاوسەنگی سیاسی لە شاری کەرکوک بگۆڕێت".
هـ . ب