دەم پارتی لە ڕحا بۆ خۆکاندیدکردن بانگەوازی راگەیاند

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی دەم پارتی لە شاری ڕحا بۆ خۆکاندیدکردن بانگەوازی راگەیاند.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لە بارەگای پارتەکەتیدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان کە لە ٣١ی ئازار بەڕێوەدەچێت، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد.

 شیلان کزڵدامار ئەندامی کۆمسیۆنەکە بە بیر هێنایەوە کە دەرگای وەرگرتنی داواکارییەکان بۆ خۆکاندیدکردن لە ٢٠ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت و وتی:"پێش هەموو شتێک ئێمە وەک ژنان داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە دەیانەوێت لە ژێر چەتری دەم پارتیدا چەمکێکی دیموکراتیک، یەکسانیخواز و لایەنگری گەل لە شارەوانییەکاندا جێگیر بکەین، بۆ ئەوەی بەڕێوەبردنی هاوبەش دروست بکەین سەردانی بارەگای پارتەکەمان بکەن و ناوی خۆیان وەک کاندید تۆمار بکەن".