دەم پارتی لە ئامەد دەستی بە پرۆسەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی کرد

رێکخستنی دەم پارتی لە ئامەد دەستی بە پرۆسەی هەڵبژاردن کرد و بۆ بەشداریکردنی لە دەنگدانی گەل لە ١٤ی کانونی دووەم بانگەوازی راگەیاند.

رێکخستنی ئامەدی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) سەبارەت بە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئادار لە پارکی کۆیشیولۆ کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد.

هاوسەرۆکی رێکخستنی ئامەدی دەم پارتی پنار ساکیک تەکین راگەیەندراوەکەی خوێندەوە و رایگەیاند، دەسەڵات بە گواستنەوەی دەنگدەران بۆ شارەکانی کوردستان دەیەوێت دەست لە هەڵبژاردنەکان وەربدات. پنار ساکیک تەکین ئەوەشی خستەڕوو، "سیاسەتی قەیوم کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە جێبەجێکرا، دابراو نییە لەو سیاسەتەی ١٠٠ ساڵە بەڕێوەدەبرێت. گەل چیتر بەرامبەر بە نکۆڵیکردن و بە نەبوودانانی خۆی بێدەنگ نابێت و چیتر پشوودرێژ نابێت لەوبارەوە".

بانگەواز بۆ بەشداری لە دەنگدان

پنار ساکیک تەکین رایگەیاند، "گەلەکەمان ئیتر بڕیاری خۆیداوە. ئیرادەی خۆی رادەست بە مێشکی قەیومکار ناکات و رێگە بە ئەقڵیەتی سەپاندنی قەیوم نادات. هەر ئارەزومەندێکی خۆکاندیدکردن نەک هەر بۆ ئەوەی ببێتە کاندید، بۆ ئەوەی هەڵوێستێک بەرامبەر بە مێشکی فاشیست نیشان بدات داواکاری پێشکەش کردووە. ئێمە لە هەڵبژاردنی خۆجێییدا وەڵامێکی بەهێز دەدەینەوە بە مێشکی تاڵانکار و کۆتایی بەو قۆناغە رەشە لە کوردستان دەهێنین".

پنار ساکیک تەکین بۆ بەشداریکردنی لە دەنگدانی ناوخۆیی ١٤ی کانونی دووەم لەپێناو دیاریکردنی کاندیدەکان داوای بەشداربوونی کرد.

بڕیارە رۆژی ١٤ی ئەم مانگە لە رێگەی دەنگدانەوە کاندیدەکانی دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداری ئەمساڵ دیاری بکرێن.

هـ .ب