دەستەی هەماهەنگی چاودێریی چالاکیەکانی مانگرتن لە خواردن کە بارەگاکەی لە ئامەدە و لە لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە)، کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە)، کۆمەڵەی هاریکاری و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان (توئای-دەر) پێکهاتووە، راپۆرتی خۆی لەبارەی مانگرتن لە خواردن لە زیندانەکان بڵاوکردەوە.
پارێزەر رەیحان کۆگ سکرتێری کۆمسیۆنی چاودێری زیندانەکان دەقی راپەرتەکەی خوێندەوە و تیادا ئاماژەی بەوەکرد کە مانگرتن لە خواردن لە رۆژی ٢٢یەمیندایە و چالاکیەکە بە ئامانجی هەڵگرتنی گۆشەگیری و کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکانی تورکیا و لەپێناو چارەسەری پرسی کورد بە شێوەیەکی دیموکراتیک بەڕێوەدەچێت.
رەیحان گۆک رایگەیاند، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ هەنگاوێکیان نەناوە و وتی، "هەموو مافەکانی زیندانیان بە تایبەتی مافی شکۆ، مافی ژیان و مافی تەندروستییان لە ئەستۆی دەوڵەتدایە. لە کاتی مانگرتن لە خواردندا قەدەغەکردنی شەکر، خوێ و ڤیتامین لە زیندانەکان، هەڵوێستێکی ئەشکەنجەکارانە و کردەوەی نەشیاوە". رەیحان گۆک دەستنیشانی کرد کە بۆ ئەو زیندانیانەی لە مانگرتن لە خواردندان پێویستە ڤیتامینیان پێبدرێت.
رەیحان گۆک رایگەیاند کە گۆشەگیری لە ئیمراڵی لە دژی پەیماننامەکانی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، دەستوری هەمیشەیی و یاسای سزادانە و داوای کرد بەر لەوەی قۆناغی مەترسیدار دەستپێبکات دەسەڵاتی سیاسی داوای چالاکوانانی مانگرتوو جێبەجێ بکات. رەیحان گۆک وتی، "بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەنجامی نەرێنی سەبارەت بە مافی ژیان و تەندروستی زیندانیان بێتە ئاراوە، ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی دەسەڵاتی سیاسیدا دەبێت. هەربۆیە دەبێت وەزارەتی داد و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بکەونە جموجۆڵ و هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بۆ ئەوەی بە شێووەیەکی ائزادانە و لە چوارچێوەی مافە بنەڕەتیەکاندا مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە بکرێت و داواکارییەکان جێبەجێبکرێن، ئێمە داوا لە وەزارەتی داد، دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی بواری یاسا لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەکەین ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان بەجێبگەیەنن".
هـ . ب