لەناوچەی خەڵاتی بەدلیس سەرباری سەرمای زستان کارەکانی دروستکردنی ٣٠٠ خانوو بۆ تورکە کۆچبەرەکانی ئاهیسکایی بەردەوامە.
لە نێوان ٣٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠ هەزار کۆچبەری تورکی ئاهیسکایی کە بڕیارە لە خەڵاتی بێدلیس نیشتەجێ بکرێن، لە خارپێت لە هۆتێل و دامودەزگاکانی دەوڵەت نیشتەجێ کراون. دەوڵەتی تورک بۆ گۆرینی دیموگرافیای خەڵات، لە ساڵی رابردوودا بڕیاریدا بە دروستکردنی ٥٠٠ خانوو بۆ نیشتەجێکردنی هەزاران تورکی ئاهیسکایی. ساڵی ٢٠٢٢ لە خەڵات ٢٠٠ خانوو دروستکران و ٢٥٠٠ تورکی ئاهیسکایی لەو خانووانەدا نیشتەجێ کران. هەروەها پلانیان ئەوەیە ئەمجارەیان ٣٥٠٠ کەس لە ٣٠٠ خانووی دیکەدا نیشتەجێ بکەن. بەمەش تەنیا لەم ماوەیەدا ٥٥٠٠ تورک لەو ناوچەیە نیشتەجێ دەکرێن.
والیگەری بەدلیس لەپێناو تەواوکردنی ئەو خانووانە بەر لە هەڵبژاردن بە یاوەری سەربازەکان لەگەڵ کرێکارانی پرۆژەکە کۆبووەتەوە و هەڕەشەی لێکردوون کە "کارەکانی دروستکردنی ئەو ٣٠٠ خانووە لە ماوەی مانگێکدا تەواو بکرێن و کۆچبەران تیایندا نیشتەجێ بکرێن. ئەگینا کوردەکان شارەوانی بەدەستدەهێنن. ئەو کرێکارانەی کار نەکەن دەستبەسەر دەکرێن".
بە فرت و فێڵ شارەوانی بەدەستهێنا
دەسەڵاتی تورک لە خەڵات لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دەستی بە ساختەکاری لە هەڵبژاردن کرد. لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ئەو ساڵەدا عەبدولرەحمان دۆگار کاندیدی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) سەرکەوت. هەرچەندە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن روون و ئاشکرابوون، بەڵام دوای چاوپێکەوتنی نێوان ئاکەپە و دەستەی هەڵبژاردنی ناوچەکە، سەرکەوتنی کاندیدی ئاکەپە راگەیەندرا. هەمان شت لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ دووبارەکرایەوە.
ئەو شارەی ١٠٠ ساڵە خۆڕاگری دەکات
دەوڵەتی تورک کە نەیتوانی گەلی بەدلیس چاوترسێن و سەرکوت بکات و بیانتوێنێتەوە، دەیەوێت کۆچبەران لە شارەکە نیشتەجێ بکات. لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ نزیکەی ٣٠٠٠ هەزار تورکی ئاهیسکایی کە لە ئوکرانیاوە هێنرابوون لە ناوچەی خەڵاتی بەدلیس و چیمینای ئەرزینجان نیشتەجێکران. دەسەڵاتداری ئاکەپە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠٢٣ نزیکەی ٢٥ هەزار تورکی لە ناوچەی خەڵات نیشتەجێکردبوو. دەوڵەتی تورک پێشتریش لە ناوچەکانی کوردستان وەک ئەلجەواز، ئەردیش، قەلقەلی و دوتاخێ ئەو تورکانەی نیشتەجێکردووە کە لە دەرەوەی ئەو وڵاتە هێنراون.
هـ . ب