فاروق جەمیل: پێویستە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئەردۆگان کۆتایی بێت

وەزیری دادی پێشووی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێویستە لەم هەڵبژاردنە کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئەردۆگان بهێنرێت، گوتی: «پێویستە هەموو پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز بکەن».

بڕیارە لە ١٤ ی ئایار، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوە بچێت، پارتە بەشداربووەکان چەندین هاوپەیمانیی جیاوازیان پێکهێناوە، پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشدارە، هاوشان لەگەڵ پارتەکانی تری هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی. 

بەگوێرەی ڕاپرسییەکانی تورکیا، ئەردۆگان و ئاکەپە شکست دەهێنن، هەروەها هەدەپە ڕایگەیاند، ئامانجیان بردنەوەی ١٠٠ نوێنەرە لە کۆی ٦٠٠ نوێنەر لە پەرلەمانی تورکیا.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی پشتیوانیکردن لە پارتی چەپی سەوز، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم پارتە دووپات کردەوە، هەروەها داوا لە ڕۆڵەکانی باکوری کوردستان دەکەن دەستوبرد سنوورێک بۆ فاشیزم دابنێن، ڕۆژ بە ڕۆژ پشتیوانیکردن لە پارتی چەپی سەوز زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان.

وەزیری دادی پێشووی هەرێمی کوردستان، فاروق جەمیل، قسەی بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز کرد سەبارەت بە بایەخی بردنەوەی پارتی چەپی سەوز بۆ کورد. دووپاتی کردەوە، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی تورکیا گرنگە بۆ گەلی کورد، سەبارەت بە هۆکارەکان، فاروق گوتی: «گۆڕان لە ڕژێم و حکومەتی تورکیا ڕوودەدات، ئەمەش ڕێخۆشکەرە تا هەدەپە بتوانێت ئاشتی لە تورکیا بچەسپێنێت». هەروەها گوتی، «دەسەڵاتی ئەردۆگان و ئاکەپە، دەسەڵاتی دیکتاتۆرییە و دژی گەلی کوردە، هەروەها زیانی گەورەی گەیاندۆتە گەلی تورکیاش، سەدان سەرکردەی کورد زیندانیکراون و گەلی کورد مافی خۆی وەرنەگرتووە».

لە درێژەی قسەکانیدا فاروق ڕوونی کردەوە، هەدەپە دەتوانێت تورکیا لەم ڕەوشە ڕزگار بکات، گوتی: «سەرکەوتنی پارتی چەپی سەوز، کاردەکاتە سەر بەشەکانی تری کوردستان، واتە سەرکەوتنی پارتی چەپی سەوز لە باکوری کوردستان، مانای سەرکەوتنی هەر چوار پارچەی کوردستانە، پێویستە هەموو پارتە سیاسییە کوردییەکان پشتیوانی بکەن».

فاروق جەمیل ڕایگەیاند، لەم هەڵبژاردنە گەلی کورد و تورک سنوورێک بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئەردۆگان دادەنێن.

لە کۆتایی قسەکانی باسی لەوە کرد، پێویستە حکومەتی ئێستەی تورکیا بگۆڕێت، دووپاتی کردەوە، لەپێناو سەرکەوتنی پارتی چەپی سەوز لە باکوری کوردستان، پێویستە هەموو پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی بکەن.

ف.ق