بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئەنوەر چالشی زیندانی سیاسی کورد کە تووشی شێرپەنجەی ریخۆڵە بووە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە، سەرباری ئەوەی پزیشکی داد پشتڕاستیکردوەتەوە کە ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە، رێگە نادرێت بەشێوەی کاتی و مەرجدار ئازاد بکرێت.
ئەو زیندانیە سیاسیە ماوەی نزیکەی مانگێکە بە هۆی خراپی دۆخی تەندروستیەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی توانای دابینکردنی تێچووی نەخۆشخانەی نییە، پرۆسەی چارەسەرکردنەکەی وەستێنراوە و بە کەلەپچەکراوی لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.
هاوکات زیندانی سیاسی کەیوان رەشوزادە کە لە دژی هەلومەرجی زیندان و رێگری لە ئازادی مەرجدار مانی لە خواردن گرتبوو، بۆ چەند رۆژێک گواسترایەوە بۆ بنکەی سەربازی ئەلمەدی و لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە هەڕەشەی لێکرا کە ئەگەر درێژە بە مانگرتن بدات دۆسیەیەکی دیکەی بۆ دروست دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە شەهرام کازمیان زیندانی سیاسی کورد کە پێشتر بە نەخۆشی درێژخایەنەوە بە شێوەی مەرجدار ئازادکرابوو، بەڵام مانگێک پێش ئێستا سەرلەنوێ دەستگیر و راپێچی زیندانی ورمێ کرابووەوە، لە دژی گۆرینی دەرمانەکانی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە، شەوی یەکشەممە ٢٦ی ئایار هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، بەڵام لەلایەن زیندانیانەوە رێگری لێکرابوو.
پاسەوانانی زیندان ئەو بەندکراوە کوردەیان لە رێڕەوی زیندان رووتکردبووەوە و ئەشکەنجەیان دابوو، دواتریش بە فەرمانی پەیمان خانزادە سەرۆکی زیندانی ورمێ رەوانەی نەخۆشخانەی دەرونییان کردبوو.
لە ماوەکانی رابردوودا گوشارەکان بۆ سەر زیندانیانی زیندانی ورمێ زیادیان کردووە و لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ٨٠٠ زیندانی لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری ئێران داوای دوورخستنەوەی پەیمان خانزادە سەرۆکی زیندانەکەیان کردبوو.
لە کاردانەوەیەکیشدا پاسەوانانی زیندان چەندجارێک هێرشیان کردبووە سەر زیندانیان و ئەشکەنجەیان دابوون، لە دژی ئەو هێرشانە چەند زیندانیەک پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە.
لە رۆژانی رابردووشدا ٣٩ بەندکراوی زیندانەکە ئاشکرایان کرد، ئەو زیندانیانەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە بەندێکی تایبەتدا و لە ژووری بچوکدا بە شێوەی ماوە نادیار گۆشەگیردەکرێن و هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەرەوە دەپچڕێندرێت.
هـ . ب