فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق هێرشەکانی سەر کامپی مەخموری شەرمەزار کرد

فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق، بە توندی هێرش و ئابلۆقەی سەر کامپی مەخموور شەرمەزار دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە پەنابەران کراونەتە کارتێکی سیاسی بۆ ڕازیکردنی دڵی حکومەتی فاشیستی تورک.

فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق، لەبارەى گەمارۆدانى کامپى مەخموور لەلایەن سوپاى عێراقەوە لە ڕۆژى ٢٠ى ئەم مانگەوە ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ئیدانەى هێرشەکان دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕۆژی ٢٠ ئایار هێزێکی گەورە لە سوپا و پۆلیسی عێراقی هێرش دەکەنە سەر کامپی شەهید ڕۆستەم جودی – مەخموور، بە ئامانجی دروستکردنی تاوەرو دیوار و تەلبەندکردنی کامپەکە، بەڵام بەهۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن پەنابەرانی کامپەکە بۆ شکاندنی گەمارۆیان، خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن، لە ئاکامدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پەنابەرانی دانیشتوانی کامپەکە و سوپا و پۆلیسی عێراقی دروست دەبێت و ژمارەیەك لە پەنابەرانی کامپەکە بەسەختی بریندار دەکرێن.

فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق  ئەوەشى خستەڕوو، ئەم هەنگاوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دژ بە خەڵکێکی سڤیل و پەنابەرانێك، کە لەدەست زوڵم و سەرکوت و بی مافی حکومەتی فاشیستی تورکیا هەڵهاتوون و ماوەی ٣٠ ساڵە ژیان و گوزەرانێکی کوولە مەرگی لەم کامپەدا بەسەر دەبەن، دژ بەهەموو پێوانە نیودەوڵەتیەکانە لەبارەی مافەکانی پەنابەرانەوە و ڕێزنەگرتنە لەمافی ژیان و پارێزی جەستەیی ئەو مرۆڤانە لە هەردەستدرێژیەك.

ئەوەشی باسکردوە، سەرباری ئەوەی کە یەکەمین جار نییە پەنابەرانی دانیشتووی ئەم کامپە ڕووبەرووی هێرش و پەلامار دەبنەوە، لەماوەی ڕابردووشدا چەندین جار فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بوردومانی ئەم کامپەیان کردوە و ژیانی دەیان مرۆڤیان لەم کامپەدا لەخوێن هەڵکێشاوە، ئەمە جگە لە هێرشی داعش لە ناوەوە بۆ سەرکەمپەکە، تەنانەت ڕێگەگری هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەریم لەوەی پەنابەرانی ئەم کامپە هاتووچۆی هەولێر بکەن.

فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق ئاماژەى بەو پێشێلکاریانە کردوە کە لەسەر کامپی مەخموور جێبەجێ دەکرێت ڕوونیکردەوە، بەشێکی زۆری بژێوی ژیان وگوزەران و دابینکردنی پێداویستەکانیى دانیشتوانى کامپى مەخموور لەشاری هەولێر دەستەبەر دەکرێت،جەختیکردوەتەوە، ئەم کردەوە نامرۆڤانەیەی بەرامبەر بەم پەنابەرانە دەکرێن بەپێشچاوی ڕێکخراوی نەتەوەیەگرتوەکان بۆ مافەکانی پەنابەران و یۆنامی و چاودێرانی ناوەندە نێودەوڵەتیەکانەوە بەرێوە دەچێت، بێ ئەوەی بەکردەوە بچوکترین بەرپرسیاریتیان لەخۆیان نیشاندا دابێت و بگرە بێ دەنگبوون و فەرامۆشکراوە.

لە درێژەى ڕاگەیەندراوەکەی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی سەرباری هاتووە: ئێمە بە توندی سەرکۆنەکردنی هێرش بردن و ئابلۆقەی سەر کامپی مەخمور بە بەڵگەیەکی ئاشکرای دەزانین، کە پەنابەران کراونەتە کارتێکی سیاسی بۆ ڕازیکردنی دڵی حکومەتی فاشستی تورکیا و ئەجێنداکەی.

هاوکات داواشی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران کردوە، هەڵوێستی بەرپرسیارانەی خۆی نیشان بدات و پاراستنی ئەمنیەت و سەلامەتی ئەم پەنابەرانە بگریتە ئەستۆ و سنورێك بۆئەم دەستدریژیانە دابنێت، کە دەکرێتە سەر ژیان و ئەمنیەتی ئەم پەنابەرانە.

لە کۆتایشدا فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق بانگەواز دەکات لە تەواوی ڕێکخراوە جەماوەری و مەدەنی و پیشەیی و مرۆڤدۆستەکان و هەموو ئەو لایەنانە، کە خۆیان بە داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی پەنابەران دەزانن ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەم کردەوە نامرۆڤانەی حکومەتی عێراقی نیشان بدەن.

هـ .ب