گەلی شەنگال دژی گۆشەگیری و نامە هەڕەشەئامێزەکان ڕژانە گۆڕەپانەکان

سەدان کەس لە دانیشتووانی شەنگال خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست دژی گۆشەگیری و نامە هەڕەشە ئامێزەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دووپاتیان کردەوە، ئەم هەڕەشانە، هەڕەشەن بۆ سەر کۆی مرۆڤایەتی.

گەلی شەنگال دژی گۆشەگیری و نامە هەڕەشەئامێزەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا لەبەردەم مەجلیسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە شەنگال.

پاش گردبوونەوەی جەماوەر، ڕێپێوانەکە لەبەردەم بینای شارەوانی سنونێ دەستیپێکرد و وێنە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و درووشمی بانگەواز بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکرایەوە.

ڕێپێوانەکە بە شەقامە سەرەکییەکانی شارۆچکەی سنونێ تێپەڕی، پاشان لە چوارڕیانی "مام زەکی" وەستان، ڕیهام حەسەن گوتی: "جڤاکی ئێزدی لە نۆهەمین ساڵیادی قڕکردندایە، بە فەزڵی هزر و ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ، ئەمڕۆ گەلەکەمان لەسەر خاکەکەی دەژی و گەیشتوون بەم ئاستە، جڤاکی ئێزدی لە قڕکردن ڕزگاربوو، نابێت ئەمە لەیاد بکەین، پێویستە تا کۆتایی ئەرکی خۆمان بەرامبەر ڕێبەر جێبەجێ بکەین".

هەروەها ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تاژێ، ڕیهام حەجۆ، هەڕەشە و گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی شەرمەزار کرد و گوتی: "دوو ساڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕێبەر ئاپۆوە نییە، ئەمەش جێی گومانە، بەم دواییانە، ئاشکرا بووە ڕێبەر لە مەترسیدایە و هەڕەشەی ژەهرخوارکردنی لەسەرە، نابێت کەس ئەمە قبووڵ بکات".

هەروەها بەناوی یەکێتی گەنجانی ئێزیدخانەوە، سارە بۆتان، دووپاتی کردەوە، وەک گەنجانی شەنگال ئەم هەڕەشانە قبووڵ ناکەن و گوتی: "ئەمڕۆ، ڕۆژی شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆیە، پێویستە تێکۆشان و بەرخۆدان بۆ ئازادی ڕێبەر بەتینتر بکرێت".