گەنجانی دەڤەری ڕاپەڕین پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان شەرمەزار کرد

لە بناری قەندیل، گەنجانی وڵاتپارێزی دەڤەری ڕاپەڕین، بە چالاکییەک پلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان شەرمەزار کرد، دووپاتیان کردەوە، تێکۆشان مەزنتر دەکەن.

ئەمڕۆ، لە بناری قەندیل، گەنجانی وڵاتپارێزی دەڤەری ڕاپەڕین، بە مەبەستی شەرمەزارکردنی پلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چالاکییەکیان ئەنجامدا و ڕایگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

ئەندامی گەنجانی وڵاتپارێز، دیلان ڕێبوار ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، گوتی: "ئامانج لەو پلانگێڕییە تێکشکاندن و لەناوبردنی خەبات و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و لەناوبردنی ھیوای ئازادییە، یەکەم جار بوو کە تێکۆشانێک بۆ ئازادی ھەر چوار بەشی کوردستان و گەلانی بندەست و ئازادییخوازان لەسەر دەستی ڕێبەر ئۆجالان دەستی پێکرد کە تاکو ئێستاش بەردەوامە کە بووەتە مەترسیی بۆ دوژمنان و ھێزە سەرمایەدارەکان".

لە درێژەدا گوتی: "دووژمن بە بەردەوامی کاری بۆ لەناوبردنی ئەو تێکۆشانە و تەسلیمکردنی ڕێبەر ئۆجالان کردووە، بەڵام ڕێبەر ئۆجالان ھەرگیز تەسلیم نەبوو، بۆیە بە پیلانگێڕیەکی نێونەتەوەیی ڕێبەر ئۆجالان دەستگیر کرا و زیندانی کرا، بەڵام لەزیندانیشدا ڕادەست نەبووە و چوار دیواری زیندانی شکاندووە، بەردەوامە لە خەبات و بڵاوکردنەوەی فکر و فەلسەفە ئازادییخوازەکانی بە ھەموو جیھاندا، ھەر بۆیە دووژمن لەو پیلانگێڕییەش سەرکەوتوو نەبوو ھەر ڕۆژ لاواز و لاوازتر ئەبێت و بە ھێرشکردنە سەر گەلەکەمان دەیەوێت ڕاستی شکستەکانی بشارێتەوە".

لەکۆتاییدا گوتی: "خەبات و تێکۆشان بەرزتر دەکەین بۆ تێکشکاندنی پلانگێڕیی، و بەڵێن دەدەین کە لەسەر ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام دەبین و لە چوارچێوەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی خەبات و تێکۆشانی خۆمان دەگەیەنینە لوتکە، لە بەرامبەر ھەر جۆرە ھێرش و پلانگێڕییەکی داگیرکەران و دووژمانی گەلەکەمان دەوەستینەوە".