گەنجێکی کورد بە هۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستدا

گەنجێکی کورد لە شاری سەردەشتی دوای ئەوەی لەلایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو، لەئەنجامی ئەو ئەشکەنجانە لەماوەی دەستبەسەریدا لێیکرابوو، پاش ئەوەی بە شێوەی کاتی ئازادکرا، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هاووڵاتییەکی کورد بەناوی شەهریار عادڵی تەمەن ٢٧ ساڵ دوای ئەوەی لە ٢٢ی تشرینی دووەمدا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سەردەشتەوە دەستگیرکرا، لە ٣ی کانونی یەکەمدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازادکرا.

ئاماژە بەوەشکراوە ئەو گەنجە کورد لە کاتی ئازادبوونیدا دۆخی تەندروستی ناجێگیر بووە و لە ئەنجامی خوێنبەربوونی ناوەکییەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و رۆژی ٨ی کانونی یەکەم بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانی لەدەستداوە.

دەوترێت ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت دوای ئاگاداربوونەوە لە گیانبەختکردنی ئەم هاووڵاتییە لە نەخۆشخانەدا، هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە دەبێ بڵێن تووشی وەستانی دڵ بووە.

بە پێی ئەو دیمەن و وێنانەی بڵاوکراونەتەوە شوێنی ئەشکەنجە بە تەرمی شەهریار عادلییەوە بەدی دەکرێت.

لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ٤٦٠ کەس کوژراون، بە گوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەو ژمارەیە ١١٦ کەسیان کوردن.

هـ . ب