گردبوونەوە لە ڕانیە: سەردانەکەی ئەردۆگان زەمینەخۆشکردنە بۆ داگیرکاری

لە شاری ڕانیەی سەر بە دەڤەری ڕاپەڕین لە باشووری کوردستان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا و سەردانەکەی ئەردۆگان شەرمەزارکرا.

ناڕەزایەتی دژی داگیرکاری

ئەمڕۆ لە شاری ڕانیە بە پێشەنگایەتی گرووپی کۆشان بۆ شەرمەزارکردنی هەوڵە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و سەردانەکەی ئەردۆگان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا. جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی ئامانج لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆگان زەمینەخۆشکردنە بۆ ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری دژی باشووری کوردستان.

لەسەر ناوی گرووپی کۆشان ستار ڕەسوڵ ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، تیشکی خستەسەر یادی شاڵاوی ئەنفاڵ و جینۆسایدی گەلی باشووری کوردستان، ڕایگەیاند تەنها بە یەکگرتووی و هۆشیاری و یەکڕیزی ئەم برینانە ساڕێژدەبنەوە.

هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی هێشتا ڕژێمە فاشیست و داگیرکارەکان بەڕێگەی جیاواز بەردەوامن لە قڕکردنی گەلی کورد، گوتی: "لای هەموان ڕوونە کە باشووری کوردستان لەبەردەم هەڕەشەیەکی جدیدایە، نەمانی هیچ دامەزراوەیەکی شەرعی خەڵک وایکردووە هەڕەشەکان زیاتربن، عێراق سەوروەری لەکەدار کراوە و هەربۆیە دەوڵەتی تورکی فاشیت لە ڕابردوودا چەندین جار کۆمەڵکووژی ئەنجامداوە".

هەروەها تیشکخرایە سەر ئەوەی دەوڵەتی تورک بەبیانووی بێ بنەما چەندین کیلۆمەتر خاکی لە باشووری کوردستان داگیرکردووە و بەنیازی ئەنجامدانی هێرشی داگیرکاری نوێیە، ستار گوتی: "داوا لە هەموو ئازادیخوازان دەکەین، دوور لە ئینتیمای حیزبی و ئایدۆلۆژیی و هێڵی سیاسیی، هەڵوێست و هەنگاوی کرداری بنێن بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو سەردانە چاوەڕوانکراوەی ئەردۆغان کە بڕیارە بۆ عێراق ئەنجامی بدات، بەنیازی زەمینە خۆشکردن و دۆزینەوەی پشتیوانییە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە  داگیرکارییە، بۆیە پێمان وایە پێویستە هەمووان مەترسییەکە بە هەند وەربگرن و هەنگاوی درووست بنێن بۆ کۆدەنگی نیشتیمانیی و بەرژەوەندی نەتەوەیی".