گەریلاکانی یەژا-ستار: ئازادی و سەرکەوتن بە تێکۆشان بەدی دێت

گەریلاکانی یەژا-ستار رایانگەیاند، بەشداریی ژنان لە تێکۆشانی ئازادیدا گەورەترین وڵامە بۆ هەوڵی کۆیلەکردنی ژنان و سیستمەکەی و جەختیشیان کردەوە کە ئازادی و سەرکەوتن بە تێکۆشان بەدی دێت.

گەریلاکان بۆ بەشداریکردن لە تێکۆشانی ئازادیدا، بانگەوازیان ئاڕاستەی ژنان کرد و جەختیان کردەوە کە ئازادی و سەرکەوتن بە تێکۆشان بەدی دێنن.

گەریلاکانی یەژا-ستار تیشک دەخەنە سەر ئەوەی تێکۆشانی دژی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە بەرفراوان دەکەن و رایانگەیاند، ئەو تێکۆشانەی لە رووی ئایدۆلۆجی و چەکداریەوە لە شاخەکان بەڕێوە دەچێت، بۆ گشت ژنانی جیهانە.

گەریلاکانی یەژا-ستار بە بۆنەی رۆژی جیهانی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەیان کرد.

دیجلە ئامەد گەریلای یەژا-ستار رایگەیاند، ژنانی کورد لە دژی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی دەوەستنەوە و تیشکیشی خستەسەر ئەو قڕکردنەی داگیرکەران لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەیسەپێنن و وتی:" ئێمە سوپا و هێزی خۆپاراستنمان بونیادنا. ئێمە تەنها سوپای ژنانی کورد نین، بەڵکو سوپای خۆپاراستنی هەموو ژنانی جیهانین. ئێمە بە هیچ شێوەیەک زوڵم و زۆرداری قبوڵ ناکەین."

گەریلا دیجلە ئامەد راشیگەیاند، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بە زانابوون هێرش دەکەنە سەر ژنانی کورد و وتیشی:"دەبێت دایکانمان قیامەت هەڵسێنن. دەبێت ژنانی کورد کۆڵانەکان بکەن بە گۆڕەپانی چالاکی. دەبێت هیچ کات ئەوە لەبیر نەکرێت کە ژن، واتە وڵات، ئەخلاق و ژیان، واتە زمان و کلتور و کۆمەڵایەتیبوون. هێرشکردنە سەر ژنان واتە، هێرشکردنە سەر کۆمەڵگا و هەموو پیرۆزمەندیەکانی."

'دەبێت مرۆڤ دوژمنی خۆت بناسێت و تێکۆشان بەرفراوان بکات'

گەریلا ئەڤین عەفرینیش رایگەیاند ئەوان لەسەر رێچکەی بێریتان و زیلان رێدەکەن و جەختیشی کردەوە کە ئەوان وەکو گەریلاکانی یەژا-ستار تێکۆشانیان لە دژی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە بەرفراوانتر دەکەن و وتی:"ئێمە هەموو رۆژەکانی ساڵ وەکو ٢٧ی تشرینی دووەم دەبینین و بەم شێوەیە لەسەر پێین."

ئەڤین عەفرین رایگەیاند، دوژمن هەوڵ دەدات ژنان لە رووی فیکری و جەستەیی و کلتووریەوە چاوترس بکات و ئازادیەکەی لێ زەوت بکات و وتی:" ئێمە هیچ کات سەر بۆ سیستمی فاشی دانانوێنێن. ئێمە پەرە بەم تێکۆشانە بەڕێکخستنکراوەمان دەدەین. ئەو تێکۆشانە ئایدۆلۆجی و چەکداریەی ئێستا لە شاخەکان بەڕێوەی دەبەین، تەنها بۆ ژنانی کورد نیە، بەڵکو بۆ هەموو ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیشە. بە تایبەت ژنانی گەنج دەبێت لە دژی شەڕی تایبەتی دوژمن ئاگاداری خۆیان بن و خۆیان بپارێزن."

'سەرکەوتن بە تێکۆشان بەدی دێت'

گەریلا ئارزەبا تیشکی خستە سەر گرنگیی پارادیگمای عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کە هێزی بەڕێکخستنکراوی ژنانی دروست کرد و وتی:"ئێمە وەکو ژنان روومان لە شاخەکانی کوردستان کرد، روومان لە رێبەر ئاپۆ کرد. بەشداریکردنمان وەکو ژنان لە ناو تێکۆشانی ئازادیدا، گەورەترین وڵامە لە دژی کۆیلەکردنی ژنان. ژنان تا ئەو کاتەی خۆیان نەپارێزن ناتوانن بە شێوەیەکی راست تێبکۆشن. بانگەوازیم بۆ هەموو ژنان ئەوەیە کە تێکۆشانێکی بەڕێکخستنکراو بەڕێوە ببەن. ئازادی و سەرکەوتن بە تێکۆشان بەدەست دێت."

ز.ش