گوڵان فەهیم هاوسەرۆكی كۆدار: بەهێزكردنی هێڵی سێهەم بۆ چارەسەركردنی پرسی ژنان لەئێران زۆر گرنگە -٢-

هاوسەرۆكی كۆمەڵگای دیموكراتیك و ئازادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان-كۆدار ڕایدەگەیەنێت، نەدەسەڵاتی ئێستای ئێران و نە بەشێكی بەرچاوی بەرهەڵستكارانیشی توانای چارەسەركردنی پرسی ژنانیان نییە،

هاوسەرۆكی كۆمەڵگای دیموكراتیك و ئازادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان-كۆدار ڕایدەگەیەنێت، نەدەسەڵاتی ئێستای ئێران و نە بەشێكی بەرچاوی بەرهەڵستكارانیشی توانای چارەسەركردنی پرسی ژنانیان نییە، هەر لەبەر ئەوەش لەم قۆناغەدا بەرەوپێشبردن و بەهێزكردنی هێڵی سێیەم و ئاڵترناتیڤی دەرەوەی سیستمی ئێستا زۆر گرنگە، جەختیشدەكاتەوە، هەر سیستمێك ئیرادە و ناسنامەی ژنان لەبەرچاو نەگرێت توانای مانەوەی نابێت.

گوڵان فەهیم، هاوسەرۆكی كۆدار لە بەشی دووەمی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ ڕۆژنیوز، تیشكی خستەسەر هەڵوێستی دەسەڵات و بەشێكی بەرچاو لە بەرهەڵستكارانی دەسەڵاتی ئێستای ئێران بەرامبەر بە پرسی ژنان، هەروەها ئەوەی، كە ژنان چۆن دەتوانن لە هەموو ئەگەر و بارودۆخێكدا بەرەو سەركەوتن و هێنانەدی ئامانج و داواكارییەكانیان هەنگاو بنێن.

دەقی بەشی دووەمی چاوپێكەوتنەكە:

ڕۆژنیوز: لەئەگەری سەركەوتنی ڕاپەڕین و ڕوخانی دەسەڵات، ئایا ئەو هێز، ڕەوت و لایەنانەی خۆیان بە جێگرەوە و ئاڵترناتیڤ دادەنێن، توانا و ئامادەیی ئەوەیان تێدایە، كە ماف و ئازادییەكانی ژنان بە فەرمی بناسن و جێبەجێیان بكەن؟ بە دەربڕینێكی تر هێزە بەرهەڵستكارەكانی دەسەڵاتی ئێستای ئێران تا چەند بڕوایان بە ماف و ئازادییەكانی ژنانە؟

'تێكۆشانی پەژاک و كۆدار بەئیرادەبوون و بە فەرمی ناسینی ناسنامەی ژن بە بنەما دەگرێت'

گوڵان فەهیم: بێگومان یەكێك لە هۆكارەكانی سەرنەكەوتنی زۆرینەی هێزە بەرهەڵستكارەكانی ئێران، بۆ پرسی جیهانبینی و فەلسەفەی تێكۆشانی ئەوان دەگەڕێتەوە، كە بە شێوەی زانابوون یان لە ڕووی بێ ئاگاییەوە خزمەت بە هەمان بیركردنەوەی پیاوسالارانە دەكەن. ئەگەر تائێستا پرسی “ئازادی ژن” بناغە و بنەمای تێكۆشانی ئەو هێزانە بوایە، بە دڵنیاییەوە گۆڕانكاری و وەرچەرخانی بەرچاو دەهاتە ئاراوە. ئەمڕۆ لە ئێراندا لەلایەكەوە ئێمە هێڵ و ڕوانینی ویلایەتی ڕەهای فەقیە دەبینین، كە مامەڵە و ڕوانینی بۆ ژنان لە لای هەمووان ڕوون و ئاشكرایە، لەلایەكی ترەوە هێڵ و ڕوانینی ڕۆژئاوایی دەبینین، كە بە پێشەنگایەتی پاشایەتی خوازان هەوڵ دەدەن لە كۆمەڵگادا برەوی پێبدەن و بیچەسپێنن. هەردوو تێڕوانینەكەش توانای چارەسەركردنی پرسی ژنانیان نییە.

وتیشى، یەكێك لە هۆكارەكانی ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ڕابردوودا، دژایەتی ئەوان بەرامبەر بە ژنان بوو، ئەوان هەوڵ دەدەن خۆیان وەك ڕەوتێكی دیموكراتیك پێناسە بكەن، بەڵام هیچ پرۆژە و بەرنامەیەكیان بۆ چارەسەركردنی پرسی ژنان نییە، هەر لەبەر ئەوەش لەم قۆناغەدا بەرەوپێشبردن و بەهێزكردنی هێڵی سێیەم و ئاڵترناتیڤی دەرەوەی سیستمی ئێستا زۆر گرنگە. بیركردنەوەیەك كە لە ژێر ناوی مۆدێرنیتەدا، ژنی وەك كاڵا لێكردووە و بیركردنەوەیەك، كە بە چاوی شەرەف لە ژن دەڕوانێت و بەو جۆرەی، كە دەیەوێت لە بری ژنان بڕیار دەدات و بە هیچ جۆرێك ویست و ئیرادەی ژنان لەبەرچاو ناگرێت، ناتوانێت گۆڕانكاری و وەرچەرخانێكی ئەرێنی لە بارودۆخی ژنان بێنێتە ئاراوە. تائێستاش ئەگەر لە لایەن ئەو ڕەوتانەوە خواست و ئیرادەیەك بۆ بە فەرمی ناسینی مافەكانی ژنان نیشاندراوە، لە ئاستێكی زۆر سنووردار و كەمدایە. ئازادییەكانی ژنان تەنیا لە ئاستی چەند بوار و بابەتێكدا دادەبەزێنن. تا ئەو كاتەی تێكۆشانێكی هەمەلایەنە لە بەرامبەر هزر و ئەندێشەی پیاوسالار نەیاتە كایەوە و سیستمێك، كە ژنان تیایدا بە هەموو ڕەهەندەكانیان و بە ڕەنگ و ناسنامەی گەوهەری خۆیانەوە نەتوانن خۆیان پێناسە بكەن و پارێزگاری لە پێگەكەیان بكەن، ئەستەمە كە ئازادی ژنان دەستەبەر ببێت.

ڕاشیگەیاند، گەلانی ئێران خاوەن كلتوور و هەڵوێستی تێكۆشانی بەهێزن، بەڵام بۆ گەیشتن بە سەركەوتن، پێویستیان بە پرۆژە و سیستمی جێگرەوە هەیە. پەیوەست بە چارەسەركردنی پرسەكانی كۆمەڵگا و بەتایبەتی پرسی ژنان، پارتی ژیانی ئازادی كوردستان –پەژاک بە پێشكەشكردنی پڕۆژە و پێشەنگایەتی لە دامەزراندنی كۆمەڵگای دیموكراتیك و ئازادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان- كۆدار سیستمێكی دیموكراتیكی هێناوەتە بەرباس كە لە هەموو كایە و ڕەهەندەكانی ژیانی مرۆیی، یەكسانی بە بنەماگیراوە. تێكۆشانی پەژاک و كۆدار بەئیرادەبوون و بە فەرمی ناسینی ناسنامەی ژن بە بنەما دەگرێت. تەواوی پارادایمەكە لەسەر بنەمای كۆمەڵگای دیموكراتیك، ئیكۆلۆژیك لە سەر بنەمای ئازادی ژنە. هاوكات كەژاریش وەك سیستمی ئاڵترناتیڤ و جێگرەوەیە، كە تەواوی ژنان بتوانن لە چوارچێوەی ئەوەدا خۆیان ڕێكبخەن و تێكۆشانێكی كاریگەر و سەركەوتووانە لە دژی سیستمی دەسەڵاتخواز و پیاوسالاری بەئەنجام بگەیەنن.

ڕۆژنیوز: ژنانی كورد و ئێرانی لە هەردوو ئەگەرەكەدا، واتە بەردەوامبوونی كۆماری ئیسلامی یان ڕوخانی چۆن دەتوانن مافەكانی خۆیان بچەسپێنن؟ یان بە دیوەكەی دیكەدا ژنان چۆن دەتوانن گەیشتن بە ماف و ئازادییەكانیان گەرنتی بكەن؟

'دەبێت ژنان دەستكەوتەكانی شۆڕشی ئازادی خۆیان بپارێزن'

گوڵان فەهیم: ساڵانێكە ژنان لە دژی ڕژێمی داگیركەری ئێران تێكۆشان دەكەن و لە بزووتنەوەی ئەم دواییەشدا، بە شێوەیەكی یەكگرتووتر و ڕاشكاوانەتر، بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتە دڕندەكانی ڕژێم لەوانەش؛ لە سێدارەدان، دەستبەسەركردن و ئەشكەنجەدان، درێژە بە ناڕەزایەتی و تێكۆشانیان دەدەن، ئەم پێداگرییە شكۆدار و بەنرخە و ئەنجامێكی باشی لێدەكەوێتەوە. هەروەها ئەگەری چڕبوونەوەی سەركوتكردن و هێرشەكانی ڕژێم بۆ سەر ژنان و گەلان هەیە، بەڵام پرسی گرنگ لە هەر بارودۆخێكدا ئەوەیە، كە ژنان بتوانن دەستكەوتەكانی شۆڕشی ئازادی خۆیان بپارێزن. سەركەوتن لەم بابەتەدا بە ڕاهێنان و ڕێكخستنی ژنان لە هەموو ڕەهەندەكان و لە چوارچێوەی بەرگری سروشتی دەستەبەر دەكرێت. یەكگرتن و پێشخستنی تێكۆشانێكی هاوبەش، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی بەردەوامی و سەركەوتن. ئەم تێكۆشانەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بووە هۆی ئەوەی كە توانا و نەرمەوزە دیموكراسی ژنان تا ڕادەیەكی زۆر دەربكەوێت و جارێكی تر ژنان، كۆمەڵگا لە چواردەوری خۆیان یەكگرتوو و یەكڕیز بكەن. جارێكی تر بە باشی هێزی كاریگەربوون و توانای ژنان بۆ گۆڕانكاری و سەركەوتنمان بینی.

ڕۆژ نیوز: پەیامی ئێوە بۆ ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵات چییە؟

'یەكێتی كۆمەڵگا بەدەوری ژنانەوە دروست دەبێت'

گوڵان فەهیم: ڕۆڵ و پێشەنگایەتی ژنانی كورد لە ناڕەزایەتییەكانی ئەم دواییەدا گرنگییەكی زۆری هەیە، نیشاندانی ئازایەتی و هێزێكی لەو شێوەیە لەلایەن ژنانەوە بۆ شۆڕشی ئازادی ژنان سەركەوتن و دەستكەوتێكی گەورەیە. جارێكی تر سەلمێنرا هەر سیستمێك، كە ئیرادە و ناسنامەی ژنان لەبەرچاو نەگرێت و نكۆڵی لێبكات و بە بنەمای نەگرێت، توانای مانەوەی نابێت و بەردەوام ڕووبەڕووی بەرهەڵستی و تێكۆشان و شۆڕش دەبێتەوە. یەكگرتوویی و هاریكاری و پشتیوانی ژنان لە یەكتر هەنگاوێكی گرنگە و بەرەوپێشچوون و سەركەوتنێكی گەورەیە. لەئێستادا لەدژی سیستم و بیركردنەوەیەكی دەوڵەتخواز، كە لە هەوڵی نانەوە و قوڵكردنەوەی ناكۆكی و دووبەرەكیدایە لە نێوان ڕەگەزەكان و گەلان، ئێمە دەبینین یەكێتی كۆمەڵگا بەدەوری ژنانەوە دروست دەبێت. بە واتایەكی دیكە دەتوانین بڵێین، كە ئەوەی ڕوودەدات پێكهاتنی زەمینە و ژێرخانی نەتەوەی دیموكراتیكە. ژنان بە تێكۆشانی خۆیان ئەو دابڕان و دووبەرەكیەی، كە كۆماری ئیسلامی تاڕادەیەك دروستی كردبوو، كۆتاییان پێهێناوە و یەكێتی و یەكڕیزییان هێناوەتە كایەوە. ئەمەش دەستكەوتێكی گەورە و گرنگە لە مێژووی تێكۆشانی گەلان.

'ژنان ژیانی پڕ لە هەڵە و داماڵدراو لە واتا قەبوڵ ناكەن'

كۆمەڵگای ئێران سیستمێك قەبوڵ ناكات، كە لەسەر بنەمای دەوڵەت و دەسەڵاتخوازی بێت و خوازیاری سیستمێكی ئەڵترناتیڤی دیموكراتیكە. بە پێشەنگایەتی ژنانی كورد تەواوی ژنان بەدەوری دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ڕوانگەی فەلسەفی و ئایدۆلۆژیەوە داواكارییەكانیان دەخەنەڕوو. ژنان بەم دروشمە كۆی سیستمی ڕەگەزگەرا ڕەتدەكەنەوە و دەیخەنە بەر لێپرسینەوەوە. ژیانی پڕ لەهەڵە و داماڵدراو لە واتا قەبوڵ ناكەن و خوازیاری ژیانێكی واتادارن. بابەتی گرنگ ئەوەیە كە كاتی ئەوە هاتووە ژنان هەوڵ بدەن سیستمێكی تایبەت بە خۆیان بونیاد بنێن، ئەمەش لە ڕێگەی هۆشمەندی مۆدێرنیتەی دیموكراتیك و لە سەر بنەمای نەتەوەی دیموكراتیك دەستەبەر دەبێت، پشت بەستن بە هێزی جەوهەری، بەرەوپێشچوونی تێكۆشان و سەركەتن لەم ڕێبازەدا دەستەبەر دەكات. تەواوی گەلان و توێژەكانی ئێران خوازیاری هاتنەئارای گۆڕانكاری ڕادیكاڵ و گەیشتن بە ئازادین، لەم سۆنگەیەوە هەموو كەسێك دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ و كاریگەر لەم پرۆسە و سەركەوتنی شۆڕشی ژناندا بگێڕێت.

ژ.ت