مێژووی سوپای تورک: سەربازەکانی بە زیندوویی دەسوتێنێت و بە تەقاندنەوەی مین دەیانکوژێت

سوپای تورک، کە تەرمی سەربازەکانی لە زاپ سووتاند، ساڵی ٢٠١١ لە ناوچەی فارقین ١٣ سەربازی خۆی بە زیندوویی سووتاندبوو. لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە چەلێ لە ئەنجامی تەقاندنەوەی مینێک لەلایەن فەرماندەی لیوای چەلێ-وە دانرابوو، ٧ سەرباز کوژرابوون.

سوپای تورک، کە تەرمی سەربازەکانی لە زاپ سووتاند، ساڵی ٢٠١١ لە ناوچەی فارقین ١٣ سەربازی خۆی بە زیندوویی سووتاندبوو. لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە چەلێ لە ئەنجامی تەقاندنەوەی مینێک لەلایەن فەرماندەی لیوای چەلێ-وە دانرابوو، ٧ سەرباز کوژرابوون.

لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢١ەوە سوپای تورک هەوڵ دەدات لە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر زاپ و مەتینا و ئاڤاشین ئەنجامێک بەدەست بهێنێت، بۆ ئەوەش هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی قەدەغەکراو لە دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەکاردەهێنێت. سوپای تورکی داگیرکەر تەنانەت لە دژی سەربازەکانی خۆی شێوازی دڕندانە بەکاردەهێنێت. لە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٢دا لە ناوچەی بەرخۆدانی شاخی جودی لە رۆژئاوای زاپ ڤیدیۆی سوتاندنی تەرمی سەربازانی تورک لەلایەن سوپای تورکەوە لە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بڵاوکرایەوە.

سوپای تورک بۆ ئەوەی تەرمی سەربازەکانی نەکەوێتە دەستی هێزەکانی گەریلاوە، تەرمی سەربازەکانی خۆی دەسوتێنێت، لەسەر گابەرد وتاشە بەردەکانەوە فڕێیان دەدات، یان بە فڕۆکە بۆردومانیان دەکات، بەڵام ئەمە یەکەم جار نییە، کە سوپای تورک ئەو شێوازە دڕندانەیە لە دژی سەربازەکانی خۆی بەکاردەهێنێت. لەم بوارەدا دوو نموونەی سەرنجڕاکێش هەیە، یەکێکیان لە چەلێ لە ساڵی ٢٠٠٩ و ئەو تریشیان لە ساڵی ٢٠١١ لە فارقین ڕوویدابوو.

فەرماندەی لیوا: من مینەکەم لەوێ دانا

لە ١٧ی ئایاری ٢٠٠٩ کاتژمێر ٢٣:٣٠ خولەک لە کاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێکی سەربازیدا لە ناوچەی چەلێی سەر بە جۆلەمێرگ تەقەمەنییەکی پیادا تەقێنرایەوە و ٧ سەرباز لەو تەقینەوەیەدا کوژران. سەرفەرماندەیی گشتیی دەوڵەتی تورک ڕایگەیاند، ئەو مینە، کە لە کەنار گوندی کاڤشاک لە کاتی "پشکنینی ناوچەکەدا تەقیوەتەوە" لەلایەن هێزەکانی پەکەکەوە دانرابوو!.

تەقینەوەکە کاتێک ڕوویدا، کە بڕیار بوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیا لەگەڵ ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی (دەتەپە / DTP)  کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات. ئەردۆغان بەشداریی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە لە چەلێ وازی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ دەتەپە هێناوە. هەر لەو ڕۆژەدا و لە دوای ڕووداوەکەی چەلێ لە ئەنجامی پەخشی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەی ڕۆژنامەکان و تەلەفزیۆنەکاندا، لە گەورە شارەکانی تورکیادا دەستکرا بە هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی کورد و ژمارەیەک هێرشی بە کۆمەڵی تورکە فاشیستەکان لە دژی کوردان ئەنجامدرا.

بەڵام هەپەگە دوای تەقینەوەکە ڕایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکەوە نییە، ئەو مینە دژە کەسییانە، کە بوونەتە هۆی تەقینەوەکە، لەلایەن گەریلاکانی هەپەگەوە بەکارنەهێنراون. لە ڕاستیدا پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە بە واژۆکردنی پەیماننامەی جێناڤا کۆڵ بەشێوەیەکی یەکلایەنە کۆتایی بە بەکارهێنانی مینی دژە کەسی هێنابوو.

پاش چەند مانگێک دەرکەوت، مینی دژە کەسیی جۆری ئێم٢ – ئەی٤ (M2-A4)، کە بوونەتە هۆی تەقینەوەکە لەلایەن مینی سوپای تورکە. لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا تۆمارێکی دەنگی لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە و لە تۆمارە دەنگیەکەدا باس لەوە دەکرێت، ئەو مینانە لەلایەن فەرماندەی لیوا، لیواڕوکن ئ.س (Es)ەوە دانراون.

گفتوگۆی تەلەفۆنیی نێوان فەرماندەی لیوای چەلێ لیواڕوکن زەکی ئ.س و فەرماندەی لیوای جۆلەمێرگ گەورە جەنەڕاڵ گوربوز کایا لەبارەی ئەو تەقینەوەیە بەم شێوەیە بوو:

ز.ئ: فەرماندەکەم، بەداخەوە بەو شێوەیە نییە، کە لە دوورەوە دیارە. بەداخەوە.

گ.ک: وا؟

ز.ئ: بەڵێ، فەرماندەکەم، لە دوورەوە دانامەزرێت. دەزانیت بۆ پاراستنیان، لەبەر ئەوەی ئەمانە لێرە تەنگاون، من ئەوەم دایە بەرچاوی خۆم و هاتم. من خۆم جێگیرم کردن و دامنان. من هەموو بەرپرسیارەتییەکە لە ئەستۆ دەگرم.

گ.ک: ئێمە هەمویان وەردەگرین. لەو ڕووەوە هیچ نیگەرانییەکمان نییە.

ز.ئ: من بۆ پاراستنی ئەم منداڵانە (سەربازەکان) ئەوانەم دانا بوو.

یەکێتی ئەوروپا ئەو مینەى دەخستەی ئەستۆی پەکەکە!

نوسینگەی داواکاری گشتی وان لەسەر ئەو تۆمارە دەنگییە دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و ڕایگەیاند، مینەکان لەلایەن پەیمانگای کیمیای میکانیکی (MKE) دروست کراوە، کە تەقەمەنیی سەربازی بۆ سوپای تورک دروست دەکات و لەلایەن بە فەرماندەیی فەرماندەییەوە  دانراون. داواکاری گشتی داوای کردبوو لیواڕوکن زەکی ئ.س و ئەفسەرانی دیکەی سوپای تورک بە تۆمەتی "بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بوونەتە هۆکاری مردنی ژمارەیەکی زۆر کەس" سزا بدرێن، لەبەر ئەوە تاوانەە لە چوارچێوەی یاسای سەربازییەدایە دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگەی سەربازیی فەرماندەیی گشتی کرد.

داواکاری سەربازیی سوپای تورک لەسەر ئە دۆسیە ئامادەکراوە داوایکرد ئ.س تاوەکو ٢٥.٥ ساڵ زیندانی بکرێت. لەلایەکی دیکەوە، دادگای سەربازی فەرماندەیی گشتی بەهۆی تاوانی "بەهۆی کەمتەرخەمی ژمارەیەکی زۆر کەس گیانیان لە دەستداو و ٢ کەس بریندار بوون" داوای سزای ٦ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیکردنی بۆ زەکی ئ.س کرد، کە لە دوای ماوەیەک لە زیندان ئازاد کرا، لە ساڵی ٢٠١٣ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای سەربازی بە واژۆی ئەردۆغان خانەنشین کرا و ئەوەش بە مانای ئەوەییە، کە هیچ ڕووی نەدابێت.

سەرباری ئەوەی، کە ئاشکرابوو ئەو مینانە و ئەو تەقینەوەیە لە چەلێ هیچ پەیوەندیی بە هەپەگەوە نییە و لەلایەن فەرماندیی لیوای چەلێیەوە دانراوە، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا ئەو تەقینەوەیە کرد بە پاساو بۆ ئەوەی پەکەکە بخرێتە "لیستی ڕێکخستنە تیرۆریستیەکانەوە"!.

لە فارقین سەربازەکان بە زیندوویی سوتێنران

ئەمجارەیان ساڵی ٢٠١١ سوپای تورک لە ناوچەی فارقینی ئامەد ڕووی دڕندانەی خۆی نیشاندایەوە. لە ١٤ی تەمووزی ٢٠١١ و کاتێک کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) ئامادەکاریی دەکرد بۆ ڕاگەیاندنی پرۆژەی "خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک"، کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە ئامادەکرابوو، لە فارقین ١٣ سەرباز کوژران.

ڕاگەیاندرا، ئاگرێک لە سنووری گوندی دۆڵاپدەرە لە ناوچەی فارقین لەئەنجامی بۆمبی دەستیی گەریلاکانی هەپەگە لە ناوچە دارستانییەکان کەوتووەتەوە و بەو هۆیەوە سەربازەکان گیانیان لە دەستداوە. بە هۆی ئەو ڕووداوەوە ڕاگەیاندنی مێژوویی ئایسەل تۆغڵوک هاوسەرۆکی کەجەدە لەو ڕۆژەدا بەهۆی ئاژاوەگێڕی و دژایەتیەکانی دەوڵەتی تورکەوە تێکدرا، بەڵام چەند ڕۆژێک دواتر ئاشکرا بوو، لە ئەنجامی بۆردومانی سوپای تورکدا ئەو ١٣ سەربازە بە زیندوویی لە ئاگردا سووتاون.

لێدوانی جەردەوانێک لە ١٥ی تەمووزی ٢٠١١دا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بە خێرایی بووە ڕۆژەڤ و ئەجێندای تورکیا، چونکا ڕایگەیاندبوو، سوپای تورک لەو ڕووداوە بەرپرسیارە.

"ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ماوەی ٣-٤ رۆژ بەردەوام بوو. لە نزیک شێلما نیڤرۆک لە بێتەلەوە بیستمان، کە شەڕێک ڕوویداوە، بەڵام ئێمە نەڕۆیشتین بۆ ناوچەی شەڕەکە. دوای پێکدادانەکان لە شێلما، کۆماندۆ و سەربازانی دیکە چوونە ناوچەکە و دیسانەوە شەڕ دەستیپێکردەوە. لە هەموو شوێنێکەوە دەنگی تەقە دەبیسترا. پاشان دوو فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕانەوە.  لە دوای ئەوە بەرەو فارقین ڕۆیشتن و دیسانەوە گەڕانەوە و ناوچەکەیان بۆردومان کرد و گەڕانەوە. دوای بۆردومانەکە فەرماندەکان و سەربازەکان  لەسەر ئامێری بێتەل قیڕە قیڕیان بوو. دوای ماوەیەک بینیمان، کە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە. ئەستەمە نارنجۆکێکی دەستی ئەو ئاگرە گەورەیە لەو ناوچەیەدا بکاتەوە و ناتوانێت ١٣ سەربازیش بکوژێت".

فەرماندە بەرپرسەکانیان بە بێتاوان دەرکرد

خزم و کەسوکاری ئەو سەربازانە، کە لەو ئاگرەدا سوتابوون، دەستیانکرد بە تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی تاوانباران، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی شکڵی ئەنجامدرا. پاش ماوەیەک دەربارەی فەرماندەی چوارەمی لیوای جەندرمەی تاکتیکی فارقین، عەقید محەممەد مورات تۆپراک، فەرماندەی تیپی چوارەمی جەندرمەی تاکتیکی سەرلەشکر ملبای شاهین، فەرماندەی بۆلۆکای ١هەمین م. ئەمین کاراگۆز و فەرماندەی بلۆکی ٢هەمین فەرماندە نەجمەدین ئەردۆغان بە پاساوی ئەوەی "ئەرکی خۆیان بە خراپ بەکارهێناوە' سکاڵا تۆمار کرا.

بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا چوار فەرماندەی بەرپرس، کە لەو دڕندەیی فارقین بەرپرسن بوون تاوەکو ٢ ساڵ سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرکرابوو، ئازاد کران. هەرچەندە تۆمەتبارەکان لەلایەن کۆمیتەی تەکنیکیی سەربازییەوە ئەو هەڵەیەیان بەسەردا پشتڕاستکرابوویەوە و لەلایەن کەسانی شارەزاو و پسپۆڕ بە هەڵە زانرا، بەو هۆیەوە داواکاری گشتی داوای کرد، بەهۆی کەمتەرخی و دواخستنی ئەرکەکانیان سزا بدرێن، بەڵام بڕیاری بێ تاوانیان بۆ دەرچوو. دادگای سەربازی ٧هەمی کۆلۆردویای ئامەد ڕایگەیاند، ئەو یەکە سەربازییە، کە چووە بۆ سەر ئۆپەراسیۆنەکە بەهۆی هیلاکییەوە لە ناوچەکە خەویان لێکەوتوە و بڕیاریان دا، کە هیچ پشتگوێخستنێک و کەمتەرخەمییەک لەلایەن فەرماندەکانەوە نەبووە.

ژ.ت