لە سلێمانی ڕێوڕەسمی چلەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل بەڕێوەچوو

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو؛ ژنان وێڕای بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازەکەی ناگیهان ڕایانگەیاند:”دەبێت ئەم تیرۆرە کۆتایی بەو پەرتەوازییەی ژنان بهێنیت، هەوڵبدەین بیکەین بە هێزی ئیرادە و خۆڕێکخستنکردن”.

ئەمڕۆ دەستپێشخەریی ژنانی باشووری کوردستان لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، بەئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی چالاکوان و سیاسەتمەدار و ڕیکخراوە جیاوازەکان، مەراسیمێکی شکۆداری بۆ چلەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل ڕێکخست، کە ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی تیرۆرکرا.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا شۆخان میرزا، وتەبێژی دەستپێشخەریی ‘ژن لە داگیرکاری دەپارێزین’ وتارێکی پێشکەشکرد و وتی:”داوا لە ژنانی باشووری کوردستان دەکەین، خەباتی ناگیهان ئاکارسەل فراوانتر بکەن و بە ڕۆح و وزەی ئەوەوە، ڕووبەڕووی ئەو هێرش و تووندووتیژییانە ببنەوە، کە لەسەر ژنان و کۆمەڵگا هەیە، ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە بە تۆکمەکردنی ئیرادەی ژنان و یەکگرتن و خۆڕێکخستنکردنیان، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین، نەهێڵن خوێنی ئازادیخوازان بەفیڕۆ بچێت و ڕێگە بە دوژمنان نەدەن ئەم کارە تیرۆریستییانە بەردەوام بکەن”.

هەر لە مەراسیمەکەدا نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی وتارێکی پێشکەشکرد و وتی:”ئەم هێرشە نامەردانەیە و ساتەوەختی دابڕانی ڕۆحی ناگیهان لە جەستەی مرۆڤێکی تێکۆشەر، ساتەوەختێکی ئاسایی نییە و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی مێژووییە، شەڕێکە لە نێوان دوو زهنییەتی زیهنییەتێکی تاریکپەرستیی و زیهنییەتێک، کە شەڕ لە پێناو گەیشتن بە حەقیقەت دەکات، ئەم برینە چەندە قووڵ و گرانە ئەوەندەش کین و نەفرەتێکی پیرۆز لە ناخماندا دەهێڵێتەوە”.

وتیشی:”ئێمە لەبەردەم تیرۆرێکداین، کە ویژدانە زیندووەکانی هەژاند، چونکە ئەم تیرۆرە لە کاتێکدا ئەنجامدرا، کە بانگی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ لە دنیادا دەنگ دەداتەوە”.

جەختیشیکردەوە، کە دەبێت تیرۆری ناگیهان ئاکارسەل “کۆتایی بەو پەرتەوازییەی ژنان بهێنیت، هەوڵبدەین بیکەین بە هێزی ئیرادە و خۆڕێکخستنکرد و خۆپاراستن بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی”.

دواتر کافییە سلێمان، سکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی:”ناگیهان ئاکارسەل تەوارێکی باوەڕبەخۆبووی بەرزەفڕی چیا و نشێوەکانی کوردستان بوو، گەڕیدەیەکی وێڵ بوو بەدوای ناسنامە زەوتکراوەکانی نەتەوە و نیشتمانەکەی، دەستێکی ڕەشی تیرۆر چل ڕۆژ لەمەوبەر بە پلانێکی داڕێژراو ئەو تەوارەی شەهیدکرد، ئێمە بەو تاریکپەرستانە دەڵێین؛ لە جیاتی گوڵێک سەدان گوڵ و لە جیاتی ژنێک هەزاران ژن جێی دەگرێت و کاروانی خەبات بۆ ئازادیی بەردەوامە و ناوەستێت”.

لە درێژەی مەراسیمەکەدا ژمارەیەک مۆم داگیرسێندران و دۆکیۆمێنتارییەکیش لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید ناگیهان ئاکارسەل پیشاندرا.

ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی و سەرنووسەری گۆڤاری ژنۆلۆژیی، ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و شەهیدکرا.

ف.ق