گوندەکانی هەوارامان و رۆڵی کانییەکانی کێمنە

" پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان ئاو و ئاوەدانیی هەیە. هەورامییەکان وردتر پەییان بەم پەیوەندییە بردووە و درکیان پێ کردووە، ئاو لای هەورامییەکان تەنیا ڕەگەزێکی بەکارهێنان نییە ڕەگەزی سەرلەنوێ ژیانەوە و نیشاندانەوەی سرووشتە".

پێشینان وتوویانە "ئاو و ئاوەدانی" گەر بۆ ناوەڕۆکی پەندەکە بگەڕێینەوە دەبینین پەیوەندییەکی توندوتۆڵی نێوان ئاو وەک ڕەگەزێکی سەرەکیی ژیان و ئاوەدانیی هەیە. هەورامییەکان وردتر پەییان بەم پەیوەندییە بردووە و درکیان پێ کردووە، ئاو لای هەورامییەکان تەنیا ڕەگەزێکی بەکارهێنان نییە ڕەگەزی سەرلەنوێ ژیانەوە و نیشاندانەوەی سرووشتە، هەورامییەکان لە لاواندنەوەکانیاندا لەنێو تێکستەکان و گێڕانەوەکانیاندا چاوگەکان، کارێز، کانی و چەمەکانیان لاواندووەتەوە. چاوگەکان پێگەی تایبەتیان هەیە و مێژوویەکی دێرینیشیان هەیە. کانی و کارێزەکانی گوندی کێمنە زۆرن و لەو سەرچاوە مێژوویی و گرنگانەن کە بە تێپەڕبوونی کات جیێ سەرنج بوون و باس کراون و ڕاستەوخۆ گوزەرانی لادێکانی دورووبەریشیان پێوە بەند بووە. نووسەر و مێژووناس "جەلیل عەباسی" دەربارەی پێشینە و مێژووی کانییەکانی گوندی کێمنە و رۆڵیان لە بنیاتنانی ئاوەدانیی نیشتمانەکەدا بەم شیوەیە بۆ ئاژانسەکەمان (ئاژانسی هەواڵی فورات) دوا:

"سەرچاوەی کێمنە لە سەردەمی پێشدادەوە وەک سەرچاوەی گەورە هەبووە"

"جەلیل عەباسی" دەربارەی پێشینەی مێژوویی کێمنە و کانییەکانییەوە ڕایگەیاند: "بۆ باسکردن دەربارەی ئەم پرسە ناچارین بۆ مێژوو بگەڕیێنەوە، کە دەزانین لەو سەردەمانەدا ئێمە سەردەمێکمان هەیە بە ناوی سەردەمی "پێشداد"، وێنە کۆنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتە، کە ئەوڕۆ پیێ دەوترێت "وێرانە" تا ئەو سرووشە بۆ جەمشید دێت. بیرمان نەچێت تۆفانی نووح هەم لە دینە ئیبراهیمییەکان و هەم لە ئەدەبیاتی سۆمەرییەکانیشدا بۆ تۆفانیی جەمشید دەگەڕێتەوە، واتە دایکی هەموو ئەم داستانانە سەردەمی پێشدادە. وەختێک سرووشی بۆ دێت، بەڵایەکی بۆ دێت، کە زەروورە شوێنگەکەت، لادێکەت بگۆڕیت.

وەختێک سەرنجی ئەو شوێنەش دەدەین کە ئەمڕۆ پێی دەوترێ وێرانە، دەزانیین شوێنێکە جێگەی نشینگەی تەواوەتیی نییە و پێیانڕاگەیاندووە، بڕۆ شوێنەکەت بگۆڕە بڕۆرە بەرانبەر، بەرانبەرهەمان ئەو شوێنەیە کە ئیستا بە هەمان ناوەوە هەیە و ئاوی لیێە چونکە ئاوی چاوگەی کێمنە بە جۆگەیەکدا دێ، ئاوەکە ناگاتە لای گوندی وێرانە، بە پێچەوانەی وێرانەوە زۆر بە ئاسانی ئاو دەگاتە بەرامبەرە کە ئێستەی کێمنەیە و ڕەهەندێکی تری ئاو و ئاوەدانی لێرەوە دەبینین. لێرەشەوە دەزانین کە چاوگی کێمنە لە سەردەمی پێش داد-ەوە هەبووە، وەک کانییەکی گەورە ئاوی باخەکانی بەردەم خۆی تا دێیەکانی بیارە و نارنجڵە و زەردەهاڵېش ئاودێری بکات. جۆگەیەک هەیە ئاوی چاوگی کێمنەی گواستووەتەوە، تا ئێستاش ماوە لە بیارەوە بۆ نارنجڵە ئەمە مێژوو و سەردەمی چاوگی کێمنەیە. لەو سەردەمەدا ئەم پڕۆسەیە جۆگە و کارێزوانییە شتێکی خۆڕسک بووە هێشتا دەستی مرۆڤی پێ نەگەیشتووە، کە دیوەکانی چاوگەکان بدۆزێتەوە و بیانژێنێتەوە چاوانەکانی بداتەوە."

مێژووناسەکە لە بارەی قۆناغی دووەمی مێژووەکەوە ڕۆشنی کردەوە، کە لە دوای ئەو مێژووەی کە باسی کرد، قۆناغی دووەمە ئەو دەمەیە کە لە بەرانبەر-یشەوە گوندەکە گوازراوەتەوە بۆ شوێنی کێمنەی ئێستا و وەها بەردەوامی دا بە قسەکانی: "لە سەرچاوەکەوە ئاوی بۆ براوە بۆ سەرووی دێ، کە پیێ وتراوە "پیرەوەت"، کە پووروەئەتا لە بنەڕەتدا لە ئاڤێستادا ئەو شوێنەیە کە ئاسنی تێدا توێنراوەتەوە و خەڵوەتگەی پێشەوا ئاینییەکان بووە و سەربازگەش بووە و سەرچاوەی ئاوەکەشیان بووە.

ئەو چاوگەی کە ئێوە دیوتانە و تازە ئیشی تیا کراوە لە بەشی سەرەوەیە و ئاوەکە بە جۆگەیەکی لەقسڵدرووستکراودا دەگەێنێتە ناو دێیەکە، وەلێ بەداخەوەتا ئیستا کەس بەدواداچوونی نەکردووە لە ئەسڵی سەرچاوەکە، بیریشمان نەچێت، کە لە نوەیجەڕ کانیمان هەیە و لە هەیاتیش هەمانە، کە هەردووکیان دەکەونە بەشی سەرەوی کێمنەوە پێ ئەچێت هەمان کانیی بن، وەلێ پێویستە بەدواداچوونی زیاتر بکەین، ئەوەی گرنگە بیڵیێن ئەوەیە کە ئاخر چاوگ کە لیێان داوە، شوێنەکەی نزمە و دەبوو بچنە سەرووتر، بۆ لای درەختی تایلەی قەباڵە، کە ئیتر جۆرێک کاری لەسەر کراوە لە سەردەمی کەسێکەوە بە ناوی میسری جانۍ کە لە ئاڤێستادا پێی دەڵێن مەسموغانە، کە پێشەوای موغەکان بووە لە سەردەمی میتراییزمدا چاوانەکە "چاوگە"ەکە لێ دراوە و تازە کراوەتەوە و دەستی مرۆڤی پێگەیشتووە، لەژێر داری تایلەیەکدا، درەختی "تایلە" درەختێکی پیرۆزەلە ئەدەبیاتی میتراییزمدا و لە ئەدەبیاتی ئاینی یەسناشدا، ئیتر ئەم چاوگەش کەوتووەتە نێوان سێ درەختی تایلەوە، کە یەکێکیان تایلەی قەباڵەی پێ ئەوترێت. ئەوی تری سەرووتریان تایلەی سرایجگە و ئەوی لای چەپی چاوگەکەش بە تایلەی پیر ناوی هاتووە."

مامۆستا جەلیل درێژەی بە ڕوونکەردنەوەکانی دا و لە بارەی ڕەهەندە مێژووییەکەی چاوگەکانی کێمنەوە وتی، "کە ئیشیان لەسەر کرد کردیانە دوو بەشەوە و لە شوێنێکدا یەکیان دەگرت، ئیتر لەوێوە توانای دابینکردنی ئاوی ئەو هەموو باخانەی هەبوو، جگە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و بۆ دێیەکانی هانەگەرمڵە و بەشێک لە باخەکانی بێرواسیش. ئەو نۆ چاوگانەی کە لێ دروان بە مەرامی گەیشتن بووە بۆ دۆزینەوەی چاوگە ڕاستەقینەکە و بنەوانەکەی، بە تێپەڕبوونی کات و شەڕ و ئاوارەیی و چۆلەوانی داخەکەم، چاوی چاوگاکان کوێر بوونەوە و پڕبوونەوە و ئاوی چاوگەکانیش کەمی کرد، پاشتر کە دەگەڕێن بۆی دەبینن سەرچاوەکە زۆر لە سەرووترەوەیە و تا بەرەوژوورتر بڕۆی هەست بە دۆزینەوەی چاوانەی ئاوی زیاتر دەکەیت، وایان لێ کردووە کەم تا زۆرێک هەموو ئاوەکەیان داوەتەوە دەم یەک کۆن و نوێ تا هەردووکیان دێنەوە سەر جۆگەکە و سوودی لێ دەبینن."

"پیرەوەتی شوێنی تواندنەوەی ئاسن و چەکدرووستکەردن بووە"

هاوکات نووسەرەکە لە بارەی نووسینەکانی خۆیەوە کە لە بارەی مێژووی کێمنە و دەڤەرەکەوەن، ڕایگەیاند: "من لە کتێبی (کێمنە لانکەی مرۆڤ مەڵبەندی ئەفسانە و زێدی هونەر)دا بە دووروودرێژی باسی پێشینەی کێمنەم کردووە و لەسەر ناوی کێمنەوە وەستاوم، کە کێمنە واتە خاوەنی ئەندێشەی چاکی، مەنشی چاکی و بنەمایەکە بۆ ناساندنی کیانییەکان ئینجا ئەگەر تەماشای شایەتەکانی تر و شوێن و ناوەکانی تر و بەڵگە عەقڵییەکانی تر بکەین، دەبینین کە کیانییەکان بەتایبەتی لەوێندەر سەریان هەڵداوە، ئاماژەم دا کە شوێنێکمان هەبووە بە ناوی پیرەوەت، کە شوێنی تواندنەوەی ئاسن و چەکدرووستکردن بووە، سەربازگەش بووە، گەر شوێنێکیش ئاوی نەبووبێ، قەت ناتوانێ ببێت بە شارەدێیەکی زۆر گەورەی وەکوو کێمنە، کە کوورەی تواندندەوەی ئاسنی تێدا بێ.

ئەمە جگە لەوەی کێمنە ٧ ئاشی گەورەی هەبووە، کە لە ئاڤێستادا بە حەفت ئاشی پیرۆز ناوی هاتووە، کە ٧ درەختی تایلە دەورەی داوە، کە پێشتر ئاماژەمان بە پیرۆزیی داری تایلە داوە لە هەردوو ئاینەکەدا. کێمنە تەقریبەن ٣٢ گۆڕستانی گەورەی تێدایە، کە ئەم ٣٢ گۆڕستانە ٣٢ لاپەڕەی مێژووییمان نیشان دەدەن، یا٣٢ بەشی مێژووی کە هەریەکەیان بە لانی کەم سەدەیەک تەمەنی هەیە و بێجگە لە تازەترینین، کە پێش شەڕ و ئاوارەبوون ناوی لێ نرابوو (لاوەنا). لێرەوە کۆمەڵگەیەک پێویستیی بە ئاو هەیە و لە پێش دادیشەوە، ئاوی هەبووە و زەروورەتی ئەو کۆمەڵگەیەی پڕ کردووەتەوە و ئەمەش هۆکاری سەرەکی بنیاتنانی کێمنە بووە."

دەربارەی دووبارە ژیاندنەوەی ئاوەکان جەلیل عەباسی وتی: "کارەکە دوو ڕەهەندی هەیە، یەک نەفەسێکی دڵسۆزانەیە بۆ ژیاندنەوەی چاوگە کۆنەکە و کە کەمی کردووە و داتەپیوە و ئاوەکە دزەی دەکردە شوێنێکی تر، ڕەهەندی دووەمیش پێ ئەچی نزیکمان بکاتەوە لە ئایندەدا لە پەیبردن بە بنەما تاریکەکان و بنەما وجوودییەکانی چاوگی کێمنە, کە حاڵەتێکی خۆڕسکی خۆمانە و قەدیمییەکەی چاوگی کێمنە نەماوە و شێواوە، ڕەنگە ئێستا ئەگەر پیرێکی کێمنە بە ڕۆحێکی کێمنەییانەی پێشووەوە بڕواتەوە سەر سەرچاوەکە ئەو چێژە ڕۆحییە نەبینێت، کە جاران دەیدی و لەوانەیە لە زەوقیشی بدات.

ئەم دوو ڕەهەندەی هەیە کە دەبێ یەکێکیان بکەیتە قوربانیی ڕەهەندە باشەکە، کە کارێکی جوان و جێگەی ستایشە، وەلێ شەڵڵا زۆرتر و ژوورتر بڕۆشتنایە و ئەوەندە ئیرادەی ئەوەمان هەبووایە بەدوای چاوگە ڕەسەنەکەدا گەڕابووایەین، بەهەرحاڵ کارەکە کارێکی پیرۆزە و لە دواڕۆژدا خزمەتی نەک تەنیا گوندی کێمنە خزمەتی گوندەکانی چواردەوریشی ئەکات.

"تاکی هەورامی نەترساوە لە دیاردە سروشتییەکان ڕای نەکردووە لێیان"

تاکی هەورامی لە کۆمەڵگەی هەوراماندا بە پێچەوانەی گەلانی ترەوە، لە دیاردە سرووشتییەکان نەترساوە و ڕای نەکردووە لیێان، بەڵکوو دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم کردوون سەرنج بدە کەمانی درووست کردووە تا بتوانێت بە باڵای شاخی شاهۆ و تەتە و تەختدا هەڵزنێ و لە چلەی زستاندا نەخلیسکێت و بەفر نەیبات. هەمیشە لە شوێنێکدا خانووی چێ کردووە، کە نە لافاو بیگرێت و نە زەمینلەرزە، هەمیشە لەگەڵ سرووشت ئاشت بووە بۆیە توانیویەتی سەختترین و سەرکەشترین شوێنی سرووشت بکاتە جێی کشتوکاڵ یا باخ و بەسەر دیاردە سرووشتییەکاندا سەر بکەوێت نەک بە ترس و شەڕ. گەر بێین و باسی کێمنە بکەین کە لە شەڕی عێراق-ئێراندا لە ساڵەکانی ١٩٧٨-١٩٧٩ خەڵکی کێمنە ئاوارە بوون، لای هەردوو ڕژێمەکەوە کەوتوونەتە بەر تۆپبارانی بەردەوام و٤٠ بۆ٥٠ ساڵە هێشتا دوای ئەو هەموو چۆڵی و شەڕ و وێرانکارییە خانووی تێدایە میچەکەی ماوە و قیت وەستاوە بەبێ ئەوەی نە چیمەنتۆ نە ئاسن نە بلۆکی تێدا بەکار هاتبێ، تەنیا بەردی سرووشتی و ئەوپەڕەکەی ماڵەیەکی قوڕین دراوە و هەموو پێویستییەکانی سرووشتی بوون، هەورامییەکان تەوای پێداویستییەکانییان سرووشتی بوون کەڵکیان لە سرووشت وەرگرتووە، هەر لە منداڵییەوە و لە پێشدادەوە مناڵیان خستووەتە ناو سرووشتیترین ئامراز کە "لانک" بووە لە دار درووست کراوە و "دەستراز" پێچەنەکانی لە لۆکەی سرووشتی درووست کراوە.

"پێویستە خەڵک بگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشینەیەی کە ونی کردووە"

لەپێش هاتنی ئەم شەپۆلی جیهانگیرییەوە، پێش ئاوارەبوونی لادێکانی کوردستانەوە، هیچ لادیێەکی هەورامان نەبووە، کە چیمەنتۆ، کاشی و گەچی بەکار هێنابێت، خۆیان خاکی خۆیان هەبووە بۆ "سواخدان" بۆ ڕەنگکردنی ماڵ، ڕاستەوزۆپەیوەندییان لەتەک خاکدا هەبووە، ئەمڕۆ زانست پێمان ئەڵێت بەپێخاوسی بەنێو خاکدا ڕێ بکەن تا وزە خراپەکانت بەتاڵ ببنەوە، خاک وزەی ئەرێنی و نوێت دەداتێ، لە هەوراماندا ئەمە لەمێژە پەیڕەو کراوە، شەپۆلی جیهانگیری و تەکنۆلۆژیا، خراپ گەیشتە دەستمان بەبێ ئەوەی لەتەکیدا بژین و بیناسین بەکارمان هێنا و سرووشتیبوونی ژیانمان نەهێشت. بلۆک و چیمەنت و گەچ.... تاد مان گەیاندە دوورترین گوندەکان. پێشتر وتم کێمنە پاش ئەوەندە ئاوارەیی و چۆڵی ئێستاش خانووی ماوە بە وەستاوی و قنجوقیتی لەژێر ئەو هەموو بۆردومانەدا، وشکەکەڵەکی هەورامییەکان بەرگەی زەبری زۆری زەمانەی گرتووە، مرۆڤی ئێستا ئەوەی بیر چووەوە هات و خۆی خستە ژێر ڕەحمی بلۆک و چیمەنتۆوە، کە ئەمە دوورکەوتنەوەیە لە سرووشتە ڕەسەنەکەی خۆمان و بەداخەوە کە ئێستا بەری پێ ناگیرێت و وەک ئاسانکارییە، تا دەچێت کانەبەردەکە دەدۆزیتەوە و دەیهێنیت و دەیتاشی و کات و خەڵکی زۆرت پێویستە و خەڵک ئێستا سەرقالە و ئەوەی بۆ ناکرێت و سەرقاڵییەکەش بێبنەمایە، بۆیە خەڵک پەلاماری ئاسانکارییەکان دەدات و پەنا بۆ شتە دەستکردەکان دەبات و لە سرووشت دوور کەوتووەتەوە بە مەرامی ئەوەی کاتی بۆ بگەڕێتەوە. هەر بۆیە دوورکەوتنەوە لە سرووشت وای کردووە کە چێژ و شادی و خۆشییە ڕۆحییەکانمان نەمێنن کە پێشترلە کەشێکی سرووشتی و ماڵێکی خاکی و دارینە و قوڕینەدا هەمانبوون. بۆ دەستکەوتنەوەی شادییەکەش زەروورە خەڵک بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لەدەستی داوە، کە دەبێ بیناسێت بزانێ تەنیا ئاوارەبوونە یان پرسەکە ماددییە، یان دابڕانە لە سرووشت؟ ئەزانی ئەمڕۆ سرووشتەکەش تۆراوە، باخەکانیش یا وشک بوون یان بەری چاکیان نییە؟ ئەزانی گوێزمان هەبووە پێشتر سەد هەزار دانەی گرتووە، ئێستا بە دە گوێزیشەوە هەمان ڕێژە ناگرن بۆچی؟ چونکووم ئەوانیش بوونەوەری زیندوون، خەڵکەکەیان لێ بڕاوە ئەوانیش بێتاقتی خەڵکن، هەست دەکەن ئیتر هەورامییەک نییە پاڵ بدا بە قەدەکەیانەوە، پڕن لە غوربەت و تەنیایی ئاخر باخەوانەکە کە پێشتر ئاوی دەدێران بە گۆرانی و سیاچەمانەوە دیلاواندن، ئیستا ئەوانیش وەک مرۆڤەکان لاواز و بێهەست بوون، دەبێت مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ سرووشت بۆ ئەوەی کە لە دەستی دا، لەتەک سرووشتدا ئاشت بێتەوە تا نەخۆشی نەمێنێ و ژیان سەرلەنوێ دەست پێ بکاتەوە و ئەو وەخت نەخۆشییەکان کەم ئەبنەوە و خەمەکانیش نامێنن."

لە کۆتایی قسەکانیدا، جەلیل عەباسی ڕایگەیاند: "ئومێدەوارم ئەو کارەی لە چاوگی کێمنە دەستی پێ کراوە کار بکاتە سەر چاوگەکانی تر و چاوگەکانی لادێکانی تر و نیەتێک بێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی لادێکان و چونکوم لادێیەکی وەکوو کێمنە ئەگەر چۆڵ بێت و کەسی تیا نەبێ، بووونی چاوگێک مانای نییە و زەروورە ئێمە ژیانە مرۆییەکەش لە نەزەر بگرین، خۆزگە دەخوازم کە جارێ تر بگەڕیینەوە هەورامان و بە هەموو ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانەوە کۆ ببینەوە و ژیانە سرووشتییەکە بنیات بنێینەوە و ڕێگاکان و کوێرەکانییەکان و باخەکان درووست کەینەوە تا ژیانی سرووشتی و ئاوەدانیی هەورامان زیندوو بکەینەوە."

هـ . ب