گیان فیدایەکی نیشتمان و گەلەکەی؛ ڕێباز تیلەکۆ

ڕێباز تیلەکۆ بۆ ئازادیی کورد و کوردستان بەشداری ریزەکانی تێکۆشانی ئازادی بوو، یەکێک لەو قارەمانانەیە، کە لەو پێناوەدا گیانی خۆی فیدا کرد.

فیداییانی ئاپۆیی بۆ ئەوەی گەلی کورد لە دەست زوڵم و زۆرداری داگیرکەران خەڵاس بکەن و ئازادیی رێبەر ئاپۆ و کوردستان مسۆگەر بکەن؛ ئامادەن بە گیان و دڵ لەم پێناوەدا خەباتی شۆڕشگێڕی بەڕێوە ببەن و تەنانەت لە ئاستێکی بەرز دا گیانیان فیدای ئەم رێگەیە بکەن. عیرفان شەهابی ناسراو بە رێباز تیلەکۆ یەکێک لەو رۆڵە گیان فیداییانەی گەل و نیشتمانە، کە لە ساڵی ١٣٩٢ (٢٠١٣)دا بەشداری ریزەکانی گەریلا دەبێت.

لە کوێ پێویستی بە فیداکردنی رۆح و گیانیان هەیە لەوێ ئامادەن

زوڵم و زۆرداری داگیرکەران لە سەر گەلی کورد و خاکەکەمان کوردستان، لە لایەن ئەو رۆڵە ئازادیخوازانەی کە لە دەست ئەو زوڵم و زۆردارییە تووڕەن، شایانی پەسەند نییە. داگیرکەران لە هەر چوار بەشی کوردستان سیستەمی داگیرکاری  بەسەر گەلی کورددا دەسەپێنن. ئەمە بۆ لاوانی کورد کە لە بزوتنەوەی ئازادی دان بووە بە قین و هیرسێک و بۆ ئەمە لە پێناو لەناو بردنی ئەم سیستەمە داگیرکارییە ئامادەن لە گیانیان زیاتر مایە دانێن. ئەو لاوانە سنوور ناناسن و لە کوێ پێویستی بە فیداکردنی رۆح و گیانیان هەیە لەوێ ئامادەن کە ببنە لایەقی رێبەرتی، شەهیدان و گەل. بە سەدان رۆڵەی فیداکار لەم رێبازەدا و لەم پێناوەدا گیانیان فیدا کردووە و بە سەدان لاوی‌تر ئامادەن لە پێناو رێبەرتی و شەهیدان و لە پێناو ئازادی کورد و کوردستان لە بەرامبەر بە داگیرکەرانی کوردستان بوەستنەوە و لەم پێناوەدا ئەو گیانەی هەیانە فیدای بکەن.

عیرفان شەهابی بە ناوی رێباز تیلەکۆ لە نێو تێکۆشانی ئازادی‌دا لە دایک دەبێت

عیرفان شەهابی یەکێک لەو رۆڵانەی کورد بوو کە هەر لە منداڵییەوە هەستی بە داگیرکاری سەر خاکەکەی کرد و بە هۆی زوڵم و زۆردارییەک کە لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە بەڕێوەدەچوو روو لە هەندەران دەکەن و دەچنە ئەوروپا. عیرفان کاتێک کە برا گەورەکەی هاوڕێ رێناس پەیوەستی بزوتنەوەی ئاپۆیی دەبێت ئەم بزوتنەوەیە دەناسێت و هەستی نیشتمان‌پەروەری زیاتر لە ناخی دا چەکەرە دەکات. عیرفان لە دوای ئەوەیکە لە نەورۆزی ١٣٩٢ (٢٠١٣) پەیامی رێبەر ئاپۆ بۆ سەفەربەری لاوانی کورد لە دژی داگیرکەران دەبیسێت، بڕیار دەدات کە ئەویش بە وێنەی هاوڕێ رێناس روو لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بکات و لە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆ و گەلەکەی ببێتە میلیتانێکی ئازادی. عیرفان لە ١٥ی خاکەلێوە واتا ٤ی نیسان لە رۆژی لەدایک‌بوونی رێبەری گەلان، رێبەر ئاپۆدا بەشداری ریزەکانی ئاپۆیی دەبێت و رۆژی لەدایک‌بوونی رێبەرتی دەکاتە رۆژی لەدایک بوونەوەی خۆی و ئەمجارە عیرفان شەهابی بە ناوی رێباز تیلەکۆ لە نێو تێکۆشانی ئازادی‌دا لە دایک دەبێت.

لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا لە دژی داگیرکەران شەڕ دەکات

هاوڕێ رێباز ئیدی رێبازی نوێی ژیانی و رێبازی تێکۆشان و تۆڵەسەندنەوەی لە دوژمن دۆزیبووەوە و لەم رێبازەدا بەردەوام پەرەی بە تێکۆشانی دەدا و بۆ ئەوەی دەستی دوژمنانی داگیرکەر لەسەر خاکەکەی کورت بکاتەوە، هەموو ژیانی تەرخان دەکرد. هاوڕێ رێباز بە درێژایی ساڵێک و نیو لە چیاکانی قەندیل پەرەی بە تێکۆشانی‌دا و لە دوای ئەوە رووی لە چیا سەرکێش و یاخییەکانی زاگڕۆس کرد و چووە جیلۆ. لە جیلۆ لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەشداری هەڵمەتی شەهید رەشید سەردار دەبێت و لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا لە دژی داگیرکەران شەڕ دەکات. هاوڕێ رێباز بە رق و قینێک کە هەر لە منداڵییەوە لەگەڵییەتی بەرەنگاری داگیرکەران دەبووەوە. هەڤاڵ رێباز بۆ ئەوەی دەستی داگیرکاری سەر خاکی کوردستان کورت بکاتەوە و تۆڵەی شەهیدان بستێنێت لە ئاستێکی فیدایی‌دا بەشداری ئەم هەڵمەتە بوو .

حازر بوو لە گیانی‌ خۆی زیاتر مایە دانێت

ئەشکەنجە و گۆشەگیرییەک کە لەسەر رێبەر ئاپۆ لە دوورگەی ئیمڕاڵی‌دا بەڕێوە دەچوو، بوو بە ئێشێک و بوو بە سەرچاوەیەکی‌تر بۆ بەهێزکردنی تێکۆشانی هەڤاڵ رێباز. هەڤاڵ رێباز سەبارەت بە زوڵم و زۆرداری داگیرکەران لەسەر گەلی کورد وەها دەدوێت: "ماوەی ١٦ساڵە کە لەبەرامبەر رێبەر ئاپۆ گۆشەگیرییەکی قورس هەیە. ٤-٥ ساڵە کە رێبەر ئاپۆ ناتوانێت پارێزەرانی ببینێت، ئەمە بۆ ئێمە ئێشێکی زۆر قورسە بەڵام، ئەم گۆشەگیرییە لە بەرامبەر تێکۆشانی ئێمە نابێتە ئاستەنگی. لەسەر رۆژئاوا هێرشگەلێکی زۆر پێشکەوت، لە باشووری کوردستان شەنگال، کەرکوک و شارەکانی کوردان فرۆشران، لە رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژانە رۆڵەی کورد لەسێدارە دەدرێت و ئەشکەنجە لەسەر گەل بەڕێوە دەچێت. بۆ داگیرکەران جیاواز نییە کە لە کوێ و چۆم بێت کورد لە کوێ بێت، کوردە. بۆ ئێمە وەکوو گەریلا کە هێزێکی فیدایی گەلین؛ شایانی پەسەند نییە و ئێمە لەبەرامبەر بەم داگیرکارییانە بێدەنگ راناوەستین. ئێمە هەمیشە خاوەن هەڵوێستین، شتێک کە لە دەستی ئێمە بێت، ئەگەر لە گیانی ئێمەش زیاتر بێت؛ ئێمە دەیکەین."

خۆشەویستی و ئەوینی گەل چۆن لە دەنگێک‌دا خۆی دەحاوێنێتەوە

نەغمەی گۆرانییە بەسۆزەکانی هەڤاڵ رێباز هەموو دڵەکانی دێنایە جۆش و خەمی لەبیر دەبردینەوە. دڵسۆزی و گیان‌فیدایی هاوڕێ رێباز لە دەنگی‌دا زایەڵەی دەدایەوە و خۆشییەکی ناوازەی بەدەنگی دەدا. بە ساز کردنی گۆرانی و بە خوێندنی بەم دەنگە خۆشەیەوە هەموو هەستە جوانەکانی بەرامبەر بە نیشتمان و گەلەکەی دەوتەوە. بەڕاستی خۆشەویستی و ئەوینی گەل چۆن لە دەنگێک‌دا خۆی دەحاوێنێتەوە، لە سەدای هەڤاڵ رێباز‌دا خۆی نیشان دەدا. گیان‌فیدایی رێباز تیلەکۆ بە وێنەی سەربەرزی بوو بۆ ئەو و هەموو گەلی کورد بۆ ئەمە گۆرانی دایە گیانی گوزارشت لەم سەربەرزییەی دەکات، کە پڕە لە سۆزی خۆشەویستی بۆ ئەو دایکەی کە ئەم رۆڵە جوامێرەی بە دونیا هێناوە.

رێباز گیانێکی هەیە و با ئەو گیانەی بۆ رێبەر ئاپۆ، بۆ بزوتنەوەی ئازادی و گەلەکی بێت

هاوڕێ رێباز کاتێک دەیدیت کە داگیرکەران دەورووبەری گەلی کوردیان بە بارەگا و هێزی سەربازییەوە ئابلۆقە داوە و ناهێڵن گەلی کورد لەسەر خاکی خۆی بە ئازادیەوە بژین، وەک لاوێکی کورد لە ناخەوە هەستی بە ئێشی ئەم گەلە دەکرد. هاوڕێ رێباز بە وێنەی گەریلایەک کە ئەم زوڵمەی پەسەند نەدەکرد بۆ چالاکی گیانبازی خۆی ئامادە دەکرد هەتاوەکوو لەسەر ئەم خاکە وانەیەکی وەها بە دوژمنانی خوێنرێژ بدات کە هەرگیز لەبیری نەکەن. هاوڕێ رێباز دەیویست ئەمە بە دوژمنانی داگیرکەر بسەلمێنێت کە مێلیتانانی ئاپۆیی هەرگیز ناهێڵن تۆڵەی شەهیدان لەسەر عەرزێ بمێنێت و هەرگیز زوڵم لەسەر گەلەکەیان پەسەند ناکەن و کەس ناتوانێت لەبەرامبەر رێبەر ئاپۆ گۆشەگیری بەڕێوە ببات و کەس ناتوانێت دەستدرێژی سەر خاک، کلتوور و گەلەکەمان بکات. ئەمە ئاواتی هەڤاڵ رێباز بوو کە ببێتە لایەقی گەلەکەی. دەیویست هەرکەس بزانێت کە رێباز گیانێکی هەیە و با ئەو گیانەی بۆ رێبەر ئاپۆ، بۆ بزوتنەوەی ئازادی و گەلەکی بێت.

بوو بە ناسنامەی رۆڵەیەکی فیدایی رۆژهەڵات

هەڤاڵ رێباز بۆ ئەوەی ئامانجەکەی پێکبێنێت و تۆڵەی زوڵمی سەدان ساڵانی سەر گەلەکەی و سزای گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ، لە داگیرکەران بستێنێت؛ بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی فیدایی رووی لە بارەگای دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە شرنەخ کرد لە رێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٤ (١٥ی ئەیلولی ٢٠١٥) بەشداری کاروانی فیداییانی رێبەرەکەی و گەلی کورد دەبێت. رۆحی فیدایی و تێکۆشەری هەڤاڵ رێباز لە دڵی هەموو هاوڕێیانی‌دا رۆحێکی فیدایی ئاوا دەکات و هەموو هاوڕێیانی بە رۆحی رێبازەکانەوە لە دژی داگیرکەرانی سەر خاک شەڕ و تێکۆشان بەڕێوە دەبەن و تۆڵەی هەموو رێبازەکان لە داگیرکەران دەستێننەوە.

ناو و ناسناو: عیرفان شەهابی

ناسراو بە: رێباز تیلەکۆ

شوێن و کاتی لەدایک‌بوون: ١٣٦٨ (١٩٨٩) دیواندەرە

شوێن و کاتی بەشداربوون: ١٣٩٢ (٢٠١٣) ئەوروپا

شوێن و کاتی شەهیدبوون: ١٣٩٤ (٢٠١٥) شرنەخ

ژ.ت