گیانلەدەستدانی زیندانیی سیاسی نەخۆش لە زیندان؛ ئابڕوچوونی دەسەڵاتی دادوەری

سەبارەت بە زیندانیی سیاسی بشار یازیجی کە مانگی تەمووزی ئەمساڵ لە زیندانی وان گیانی لەدەستدا، پاش چەند مانگ دادگای باڵای ئاگادارینامەی بۆ دەرکردووە، کە دەتوانێت تانە لە سزاکەی بدات. پارێزەران دادگای تێهەڵچوونەوە بە هۆکاری مردنی ئەو زیندانیە ناودێر دەکەن.

زیندانیی سیاسی بشار یازیجی تەمەن ٥٢ ساڵ، ٨ی تەمووزی ئەمساڵ بە هۆی نەخۆشی جگەر لە زیندانی ئاسایشی بەرزی وان گیانی لەدەستدا. مردنی ئەو زیندانیە سیاسیە لە نەخۆشخانە جارێکی دیکە ئابڕوچوونی دەسەڵاتی دادوەری تورکیای خستەبەرچاو.

یازیجی کە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراو سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو، سەربارەی تانە و داوای تێهەڵچوونەوە، داواکارییەکانی رەتکرایەوە و بە بێ ئامادەبوون و ئاگاداری خۆی دادگای تێهەڵچوونەوە سزاکەی یەکلاییکردەوە و کۆتابڕیاری لەسەردابوو و سەرەڕای ئەوەی نەخۆشی شێرپەنجەی هەبوو بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی رەوانەی زیندان کرابوو.

هەوڵەکانی پارێزەران بۆ تانەلێدان لەو سزایە بێ ئەنجام ببوو و سەرجەم داواکانیان رەتکرابوونەوە.

پاش زیاتر لە چوار مانگ لە کۆچی دوایی ئەو زیندانییە سیاسیە، فەرمانگەی سێهەمی دادگای باڵا، کە پێشتر و تا ئەو کاتەی یازیجی لە ژیاندابوو سەرجەم داواکارییەکانی رەتدەکردەوە، لە نوسراوێکدا بۆ دادگای ناوچەی وان داوای کردووە کە بشار یازیجی ئاگادار بکەنەوە ئەگەر داوای تێهەڵچوونەوەی هەیە، داواکاریەکەی پێشکەش بکات. دادگای وانیش لە وەڵامدا نوسیویەتی، کە بەهۆی ئەوەی یازیجی کۆچی دوایی کردووە و ناتوانن ئاگاداری بکەنەوە.

پارێزەران ئاماژە بە ئابڕوچوونی دەسيڵاتی دادوەری تورکیا دەکەن کە بووەتە مایەی گیانلەدەستدانی بشار یازیجی و ئەوەیان خستووەتەڕوو، کە "دەسەڵاتی جێبەجێکردنی سزا، زیندانیان لەبەردەم مردندا جێدەهێڵێت".

هـ . ب