ژن لەناو دنیای هەورامییەکاندا شوێن و بناغەیەکی گرنگی ژیانە، هەورامییەکان بەردەوام بە چاوی ئینسانیەت و مەزنییەوە سەیری ژنیان کردووە، کۆمەڵگەکانی تریش زۆرجار ئەم ژندۆستی و ڕێزەی ژن، کە لە لای هەورامییەکان بووە جێگەی پرسیار بووە بۆیان، هەورامان لە دنیای ئەدەبیات و دنیای واقیعیشدا سەرزەمینی مافی ژن و جوانسەیرکردنی ژن بووە، ژنی هەورامان لە شیعر و پەندی پێشینان و ئەدەبیاتی داستانیدا پلەدوو نەبووە هاوبەشی پیاوەو خاوەن بڕیارە لە ژیاندا، لە سەردەمانێکدا کە تەکنەلۆجیا و دنیای سەرمایەداری ژن دەکەنە ئامانجی بەرەوپێشبردنی مەرامە بازرگانییەکانیان و دەیکەن بە دەسکەلای دەسیان، جێگەی خۆیەتی بپرسین لە ئێستادا پرسی ژن لە هەوراماندا چۆنە؟ ژن ئیشکەر و کارکەرە و بێمافە یان هاوئیدارە و هاوسەرۆک و هاوژینە لەگەڵ پیاودا؟ ڕێکخراوەکان وەک سیستمێکی تازەی ژیان لە ئێستادا چ ڕۆڵێکیان هەیە لە هۆشیاریی ژنان و هەوراماندا؟ تا چەند پێویستە ژنان بە خوێندنەوە و سەیرکردنی نوێی ژیان و بەرەوپێش چوون لەگەڵ دنیای نوێ خۆیان پێش بخەن و بەجێ نەمێنن، بۆ ئەم پرسانە و چەند پرسێکی تر، ئاژانسەکەمان فورات نیوز(ANF) چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ زۆربەرێز خاتوو "هەڵاڵە شەوکەت لهۆنی" بەڕێوەبەری ماڵی ژنانی هەورامان و "ڕێکخراوی باران" ساز کرد.
دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم جۆرەیە:
*هەورامان وا ناسراوە توندوتیژی دژ بە ژنانی تیایدا کەمە، ئایا ئێستەش وایە، ئەمە بە داتا سەلمێنراوە؟
بەناوی ژن وەک سەرچاوەی ژیان دەمەوێت بچمە ناو قسەکانمەوە، هەروەک دەزانن لە ناو هەفتەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانین هەفتەی ٢٥ تشرینی دووەم، کە ئەمە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، کە ڕەنگە زۆر تا کەم زۆر کەس ئاشنا بێت بەم کاتە من دەمەوێت پیرۆزبایی بکەم لەو ژنانەی کە لە سەرەتای بوونەوە لە سەرەتای دنیاوە توانیویانە بە ئازادی و بیرێکی زۆر فراوان پەروەردەیەکی زۆر ڕێکوپێک توانیویانە بجەنگن و توانیویانە بجەنگن دژی ئەو توندوتیژییانەی، کە بەرانبەریان کراوە توانیویانە سەرکەوتن بەدەست بێنن ڕۆحی ئەو ژنانە شاد بێت و هەمیشە بەرز و پیرۆزە لە لای ئێمە کە لەو ڕێیەدا گیانیان بەخشی و شەهید بوون.
هەروەک دەزانن لە ناو هەفتەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنانین، کە ئەمە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە لەو کاتەدا کە لە ئەمریکا و وڵاتە ئەورووپیەکاندا توندوتیژی دژی ژنان گەشتبووە ئاستێکی زۆر خراپ و دژوار، کە دواتر لە ساڵی ١٩٩١ نەتەوەیەکگرتووەکان ٢٥ تشرینی دوومیان، کرد بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە وەستانەوە لە بەرامبەر ژندا، بە کەمزانینی ژن، هێنانە خوارەوەی ژن بۆ ئاستێکی نزم مێژویەکی زۆر کۆنی هەیە، لە هەموو وڵاتەکاندا هەبووە ئێستە هەرچەندە لە هەندێ وڵاتدا هەندێک ئاستی کەم بووەتەوە ،کەمێک باشتر بووە، کەمێک پێش کەوتوون بەڵام بەگشتی دەتوانین بڵێین لەو وڵاتە ئەرووپییانە و لەو ئەمریکا و لەو وڵاتە زلهێزانەدا، کە ئێستە ئێمە وەک نموونەیەک ڕەنگە بیانهێنینەوە بڵێین ژن مافی هەیە لەو کاتەدا لەوێوە سەرچاوەی گرتووە ٨ ی مارس لەوێوە سەرچاوەی گرتووە. ٢٥ ی تشرینی دووەم لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمەش لە دەرەئەنجامی توندوتیژیێکی زۆر زۆرەوە بووە لە ئەنجامی بونی ستەمێکی زۆر زۆرەوە بووە لە کاتێکدا کە ژن زۆر بەکەم حساب کراوە ئەمە سەرچاوەی گرتووە لەو کاتەدا کە ئەو وڵاتانە بەو شێوازە سەیری ژنیان کردووە، ئەگەر بێین سەیری مێژووی کوردستان بکەین بەتایبەتتر سەیری مێژووی هەورامان بکەین، ئەگەر بێین و سەیری میتراییەکان و زەردەشتیەکان بکەین لەو سەردەمەدا کوردستان و بەتایبەت هەورامان سەردەمێکی زۆر خۆش و زۆر زێڕین و ئاستێکی یەکسانی بووە، لەو سەردەمەدا ئێمەی کورد ئێمەی هەورامی (ژیرلای مەرێ)مان بووە، کە پەڕلەمانێک بووە تیایدا ژن خاوەن ماف بووە خۆی هەڵبژاردووە لە دەنگداندا بۆ ئەندام پەرلەمان. هەر بەو شکڵەش نموونەی کچی زەردەشتمان هەبووە کە بە خواستی خۆی باوکی بەو شێوازە فێری کردووە، کە بە خواستی خۆی هاوسەرگیری کردووە شوو بە کێ بکات یان نا لەو کاتەدا مافی ژن لە لای ئێمە زۆر خۆش بووە ژن لەگەڵ پیاودا یەکسان بوون ژنمان بووە سەردار بووە ژنمان بووە سەرلەشکر بووە ژنمان بووە وەک مامۆستا لە حوجرەکاندا بووە و خێزانی زۆرمان هەبووە کچەکانی خۆیان ناردووە بۆ حوجرەکان و لەوێ خوێندوویانە. لەو کاتەدا وڵاتی ئێمە نەتەوەی ئێمە گەلی ئێمە گەلێکی هۆشیار بووە خاوەنی کولتور و فەرهەنگێکی زۆر جوان بووە کە لە وڵاتانی تردا ژن ژیانێکی زۆر خراپی هەبووە، بەڵام بەداخەوە تا وڵات تا دنیا پێش کەوتووە سەنعەت و تەکنەلۆجیا پێش کەوتووە وڵاتی ئێمە بەرەو دواوە ڕۆشتووە دەتوانین بڵێین هەندێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەمیشە بەدرېژایی مێژوو وڵاتی ئێمە ڕۆژهەڵاتی ناوین دواتر چڕی کەینەوە لەسەر ئەو چوار وڵاتەی کە کوردستان دابەش کراوە بەسەریاندا، شوێنی جەنگ بووە ئەم جەنگانە بڵێین دواتر ئیسلامییەکان هاتوون بە داخەوە ئەوانیش کەمیان نەکردووە بوون بە هۆکاری ئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان پشێوی و نائارامی لە وڵاتماندا هەبووە، ئەمانە هەمووی هۆکار بوون دواتر لە دەسەڵاتی کوردیی خۆماندا لە ماوەی ئەم ٣٤ ساڵەی پێشووی دەسەڵاتی حکومەتی کوردیدا لە باشوور، ئەویش بە هۆکاری جەنگی عێراق-ئێران و جەنگی براکوژی دواتر گرانی و هاتنی جوندولئیسلام و هاتنی ئیسلامییە توندڕەوەکان ئەمانە هەمووی هۆکاری ئەوە بوون، کە وڵاتی ئێمە وڵاتێکی نا ئارام بێت لە هەرکاتێکدا شەڕ درووست ببێت لەم نێوەندەدا قوربانیی یەکەم ژنە بەو بۆنەیەوە ئەگەر ژن هۆشیار و ئاگادار بێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان شەڕ کەمتر دەبێتەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان، ژنی هۆشیار ڕێگە بەوە نادات، کوڕ یان مێردی یان کەسوکاری بڕواتە ناو شەڕ و ئەمانە بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە ژن ناهۆشیار بێت. یەکەم دەسەڵات کە هاتووە ویستوویەتی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بچەسپێنێت، یەکەمین شت ژنی بچووک کردووەتەوە دەسەڵات و پێگە و ئاستی ژنی هێناوەتە ئاستێک و بتوانێت ئەو دەسەڵاتە زاڵمانەی کە هەیەتی، بۆی بچێتە پێش. بۆیە ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆی ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا بگرە لە وڵاتە دراوسێکانیشماندا بە هەمان شێوە وڵاتی ئێمە ئاستی ژن لە ئاستێکی زۆر خراپدایە، بەڵام دیسان لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین هەورامان وەک ناوچەیێک هێشتا کاریگەریی پێش خۆی لەسەری ماوە ئەویش دەتوانم بڵێم ئاستێکی زۆر باش نییە، ئەگەر بەراوردی پێش خۆی بکەیت یان بەراوردی ئەو وڵاتانەی بکەیت کە ئێستە ژن لە ئاستێکی زۆر باشدایە تیایاندا هەورامانیش ئاستی زۆرباش نییە. هەورامانیش ژنی ئازادیێکی تەواوی نییە ئینجا دێتەوە سەر ئەوەی کە تۆ ئازادییت بە چی بەیان دەکەی بە چی پێناسەی دەکەیت. دوای ئەوەش بەڵام توندوتیژی دژی ژنان ئیتر ئەم توندوتیژییە دێتەوە سەر توندوتیژی کە ژن وەک ژنی خۆی دەرکەوێت ئیشکردنی لە بواری ئابووریدا بتوانێت هاوکارێکی باش بێ بۆ پیاوەکەی یان وەک بواری سیاسی یان وەک بواری کۆمەڵایەتی لە هەموو بووارەکاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان توندوتیژی دژی ژنان لە هەورامانیشدا هەیە بەڵام توندوتیژی جەستەیی سووتاندنی ژنان یان کوشتنی ژنان و هەندێک شتی کە لە هەوراماندا بەراورد بە ناوچەکانی تر و ئەترافی خۆی زۆر باشترە.
* چۆن بتوانین وا بکەین ژن هۆشیارتر بێتەوە، لە دنیای مۆدێل و بازاڕگەری و ژیانی سەرمایەداری؟ چەکی بە رگریکردن چییە؟
یەکەم شت پەروەردەیەکی ڕێکوپێک، پەروەردە زۆر زۆرموهیمە کە لەناو خیزانەکاندا یەکەمین خوێندنگایە بۆپەروەردەکردنی تاک چ ژن بێت یان پیاو و مامۆستای ئەم خێزانە ژنە پەروەردەکردن لە خێزانەکاندا بەو جۆرەیە بۆ ژن بێت یان پیاو، خۆیان بناسن ناسینی خۆت پڕکردنەوەیە لە هۆشیارییەکی تەواو بە مانا ئێستا هوشیاری جۆری هەیە بەداخی زۆرەوە وا کە بەڕێزتان ئیشارەتان بۆ کرد ئێستا شتێک کە زۆر بووە بە باو بەکاڵاکرنی ژنانە، واتە ژن بردویەتییە مێشکییەوە ئەگەر جسمێکی ڕێکی نەبێت، ئەگەر جوانیی نەبێت ئەگەر ئەمە باڵای نەبێت ئەمە دەم لووت و لێوی نەبێ ناتوانێ بکەوێتە بەر سەرنجی جنسی بەرانبەر، بەڵام لە کاتێکدا ئەم شتانە هەمووی شتی ڕۆتینین تەنیا شتێک، کە ئەتوانێ ژن بۆهەمیشەیی بهێڵێتەوە ژن بتوانێ کاریگەر بێت و ژنێک بتوانێت جێگەی سەرنج بێت عەقڵیەتی جۆری بیرکردنەوەیەتی جۆری پەروەردەی وە هۆشیاریێتی لەگەڵ سەرووی خۆی، هەم لەسەر ئەوەی کە تێدەپەڕێت لە دەوریدا ئەمە ماف نییە ژن توانیبێتی بچێتە بازاڕ ژن توانیبێتی دوکانداری بکات یانی ئەمە بەشێکە بەڵام ژن چۆن بتوانێت ئەم ئیشانە بکات ژنێک تەنیا بۆ ئەوەی بچێتە دەر هەزارویەک خۆگۆڕین لە خۆیدا درووست بکات، کە بتوانێت بچێتە دەرەوە ئەوە بە ماف بزانێت ئەوە ماف نییە، ئەوە بەکاڵاکردنی ژنە لێرەدا پیاو مەجالێکی داوە ژن بچێتە دەرەوە ژن بەو جۆرە خۆی دەر دەخات، کە بۆ خۆشی کاتی پیاوە لێرەدا دیسانەوە ژن بەکار دێت ژن دەبێت بوانێت بەو شێوەیەی کە خۆی هەیە ببێ دەتوانێت بگات بە ئاستێکی هۆشیاری کە بڕوای بە خۆی هەبێ ئێستە ئێمە زۆرجار سەیری میدیاکان دەکەین، یان ئەوەی کە زۆر لە میدیاکاندا کاریگەری هەیە وەک فەیسبووک و ئینیستاگرام و ئەم جۆرە شتانە سەیر بکەین هەندێک ژنمان هەیە کەمئەندامن خودا وا دروستی کردوون، بەڵام شانازییە و دەر دەکەون گەیشتوون بە ئاستی هۆشیاری زۆر بەرز و شانازییشی پێوە دەکەن. ڕەنگە بتوانن جوانکاری لە خۆشیاندا بکەن بەڵام نایکەن چونکە باوەڕیان بە خۆیان هەیە ئەم جۆرە کە ژن وا دەر کەوتووە لە کۆمەڵگەی ئێستادا یەکەم هەنگاو باوەڕنەبوونی ژنە بە خۆی و دواتر خۆشی بڕوای بەوە هەیە، کە دەبێت کاڵایەک بێت بۆ چێژبردنی پیاو بۆ ئەوەی پیاو سەرنجی بخاتە سەر بە داخێکی زۆرەوە، ڕێگریکردن لەمە و نەهێشتنی ئەمە پەروەردەیەکی زۆرباشە کە دەبێت لە سەرەتادا لە خێزانەکانەوە دواتریش حکومەت ئەگەر هەبێت حکومەت پلانی هەبێ بۆئەوەی کە میدیاکان ڕاگەیاندنەکان هەموو ئەوانەی کە گوێگریان هەیە و دەچنە ناو خێزانەکانەوە پەروەردە بەو جۆرە دەبێت، کە پەروەردەیەکی زۆرباش بێت پەروەردەیەکی سالم بێت تا ژنێکی باش بێتە دەر، تا ژن بتوانێت پەروەردەیەکی باشی منداڵەکانی بکات ئەمە نەوە بە نەوە دەڕوات و دەبێتە کۆمەڵگەیەکی سالم و بەو جۆرە کە دەبێت بژی هەیە.
*ئابووریی سەربەخۆی ژنان، تا چەند گرنگە بەلاتانەوە، ژن بتوانێت خۆی خۆی بەخێو بکات نەگەڕێتەوە بۆ کەسی تر؟
هەنگاوی یەکەم بۆ سەرکەوتنی ژن ئەگەر ژن بیەوێت سەربەخۆ بێت هەر وا، کە وتم بە مانایەکی ڕێکوپێک بە مانایەکی سوودبەخش هەم بۆ خۆی هەم بۆ کۆمەڵگاکەشی هەم بۆ خێزانەکەشی هەیبێ بوونی ئابووریێکی سەربەخۆیە چونکی هەمیشە ژن، کە خاوەنی گیرفانی خۆی نەبوو کە ملکەچ و دەسشۆڕی پیاو بوو بە جۆرێ لە جۆرەکان دەبێت ملکەچی ئەمرەکانی پیاویش بێت، چونکە زۆر پیاومان هەیە کە دەرفەتەکە بەو جۆرە بەکار دێنن کە ژنەکان وابەستەی خۆیان دەکەن دەیانکەنە موتیعی خۆیان کە ئەمە دەبێتە مایەی ئەوەی کە جیاوازیێکی زۆری چینایەتی لەنێوان ژن و پیاودا دروست ببێت، کە خۆشەویستییش نەمێنێت هەروەک دەزانن یەک لە هۆکارەکان و یەکێک لە پایە بنەڕەتییەکانی پێکەوەژیانی جنسی ژن و پیاو پێکەوە خۆشەویستییە، ئەمە خۆشەویستی ناهێڵێت جاری وا هەیە ناچارییە جاری وا هەیە منداڵە یانی هۆکار زۆرن بۆ ئەوە یان عەیبە لەبەر کۆمەڵگا ژن و پیاوەکان پێکەوە دەهێڵێتەوە، بەڵام شتێک بە ناوی خۆشەویستییەوە بوونی نامێنێت، کە ژن هەستی بە کەمی کرد ڕەنگە زۆرجار ژنەکە دەری نەخات، بەڵام ئەگەر ژن بتوانێت خاوەنی ئابووریی سەربەخۆی خۆی بێت بە مەرجێک و چوون پاراستنی یەکسانی ڕەگەزی بەرانبەر تەنیا ئەوە نییە، کە پیاوەکە دەبێت ڕەگەزی بەرانبەر ژن وەک ژنێک دەبێت ڕێزی لێ بگرێت و دیکتاتۊر نەبێ زوڵمی لێ نەکات زۆر ژنیش هەیە دەبنە خاوەنی ئابووریی سەربەخۆی خۆیان وەک تۆڵەکردنەوە لە بەرانبەر پیاوەکانیاندا زاڵم دەبن، یەکسانییەکە تێک دەدەن دەبێت لە هەردوو بارەکەدا بەجۆرێک بێت ئەو ئابوورییە سەربەخۆیە ببێتە هۆکاری پتەوکەردنی خۆشەویستی و بناغەی ژیانیان ژیانێکی خۆش ژیانێکی تەندروست، ژیانێکی پڕ لە خۆشەویستی بێت ئەو کاتە ئەو ژنەش دەتوانێت بە پێی ئەوەی کە خۆی هەیەتی ژنێکی ئازاد بێت پەروەردەی خۆی بکات خۆی هۆشیار بکات، ئەو کاتە ئابووریی سەربەخۆ قازانجی هەیە و زۆریش باشە بەڵام زۆر جار ئابووریی سەربەخۆ بۆ هەندێک لە ژنەکانمان چونکە من هەمیشە باوەڕم وایە چونکە خۆم ژنم ناتوانم هەمیشە بە حەقی ژن قسە بکەم زۆر جاریش ژنەکانمان بەو ئابوریە سەربەخۊی کە هەیانە بوون بە هۆکاری کێشە و گرفت و شتی زۆر بەشوێنیاندا هاتووە بەڵام بەگشتی بوونی زۆر باشترە.