هاوپەیمانی کورد لە کەرکوک ٢٠هەزار دەنگی تری بەدەست هێنا

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنەکانی یکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە) شێرزاد سەمەد ڕایگەیاند کە ژماردنی دەنگە تایبەتەکانی کەرکوک کۆتایی هاتووە و وتی: "هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە و ٢٠ هەزار دەنگی تریشمان بەدەست هێناوە".

شێرزاد سەمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنەکانی یەنەکە لە کەرکوک سەبارەت بە پرۆسەی ژماردنی دەنگە تایبەتەکان بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد. شێرزاد سەمەد سەبارەت بە زیادبوونی دەنگەکانی هاوپەیمانی کەرکوک وتی: "پرۆسەی ژماردنی دەنگە تایبەتەکان لە شاری کەرکوک کۆتایی هات". ژماردنی دەنگەکانی ١١٢ سندوقی دەنگدان تەواو بوو. لە ژماردنی دەنگە تایبەتەکانی کەرکوکدا هاوپەیمانی کەرکوک لە ١١٢ سندوقی دەنگداندا ٢٠ هەزار دەنگی تری بەدەستهێنا. بەڵام تا ئێستا ئەم دەنگانە هیچ گۆڕانکارییەکیان لە زیادکردنی کورسییەکانی یەنەکەدا دروست نەکردووە".

دوای ١٠ ساڵ، لە ١٨ی کانونی یەکەمدا، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ڕاگەیاندنەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، شەش ملیۆن و ٥٩٩ هەزار و ٦٦٨ کەس بەشدارییان لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا کردووە. هەروەها کۆمسیۆنی بالای هەڵبژاردنەکان دەستنیشانی کرد کە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا لەسەدا ٤١ بووە.