هاوسەرۆکی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) فوئاد بێریتان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان (ANF) لەبارەی گۆڕانکارییەکان و دۆخی ئەم دواییەی ناوچەکە، ئاستی هەنوکەیی تێکۆشانی گەلانی ئێران لە ژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، گرنگی سیاسەتی کورد و هێزی پاراستنی رەوا، گرنگی ئازادیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەرپرسیارێتی قۆناغەکەی تاوتوێ کرد و رایگەیاند، کە پشتیوانی و بەشداری لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" پشتیوانییە لە ئازادی گەلی کورد وەک ئازادی سەرجەم گەلان و کۆمەڵگاکانی ئێران. بێریتان وتی: "کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کۆمەڵگای رۆشنبیری پێشەنگن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەبێت لە هەڵمەتە ئازادی خوازی و رۆشنفکرییەکانیش دوانەکەون و پێشەنگایەتی بکەن. پشتیوانی لە رێبەر ئاپۆ، پشتیوانییە لە گەلی کورد و پشتیوانی لە گەلی کورد پشتیوانییە لە پرۆسەی ئازادی گەلانی ئێران.
دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم جۆرەیە:
بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتیی ئێران لە هەموو رەهەندە سیاسی، کۆمەڵایەتی، سەربازی و ئایدۆلۆژیکیەکانەوە، کەڵەبوونی ئەو قەیرانانەی بەرۆکی گرتووە، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. ئێران لە ئێستادا لە چ قۆناغێک لە تەمەنیدایە؟
"شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ناگەڕێتەوە بۆ دواوە"
لەئێستادا لە قۆناغێکداین کە شەپۆلی راپەڕینی سەر شەقامی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی ژن، ژیان، ئازادی داکشاوە و بە شێوەی ناڕەزایەتی مەدەنی دیموکراتیک لەلایەن ژنان، نەوەی نوێی گەنجان و توێژەکانی کرێکاران، خانەنشینان و زیندانیانی سیاسی بەردەوامە. بنەمای ئەم بزوتنەوەیە بەم جۆرەیە، رەنگە رژێم بتوانێت لە رووی راپەڕینی شەقامەوە بۆ ماوەیەکی سەرکوتی بکات و توندوتیژی بێباکانە بەکاربهێنێت، بەڵام رەهەندە مەدەنی و شارستانییەکەی هەرگیز سەرکوت ناکرێت. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی توێژەکان و کۆمەڵانی خەڵک بەگوێرەی پێگەکانیان رۆژانە بیر لە پێویستی گۆڕانکاری ریشەیی لە ئێران دەکەنەوە و هەموو ساتێک لە ئەندێشە و بیرکردنەوە و کردەوەیاندا بیر لە رەهەندە جیاجیاکانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی دەکەنەوە، بەختەوەرانە بزوتنەوەکە بە شێوەی گەشبینانە لە رەهەندی کۆمەڵایەتیدا بەردەوامە. کۆمەڵانی جیاجیای خەڵک رۆژانە بە ئەندێشەی ژن، ژیان، ئازادییەوە دەژین. شایەتی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی هزری و کولتوری لە سەرتاسەری ئێرانین. ئەمە پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەیە کە ماوەی ساڵێکە لە ژێر ئەندێشە و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی دەستیپێکردووە و ناگەڕێتەوە.
کاتێک پرۆسەیەکی گۆڕانکاری هزری و کولتوری لە کۆمەڵگایەکی بەرهەڵستکاری دەسەڵات لە هەموو دۆخ و وڵاتێکدا دەستپێبکات، ئەو دەسەڵاتە تەنیا لە توانایدا هەیە کە لە گۆڕەپانی شەقامدا سەرکوتی بکات یاخود فشاری ئەمنی و سیاسی بخاتە سەر. هەرکات ئەو پرۆسەیە گۆڕدرا بۆ جوڵانەوە، چیتر سەرکوتکردنی ئەستەمە. کاتێک بزوتنەوەکە رەهەندی تەواوەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتوری، ئابووری، ئایدۆلۆژیکی- پارادایمی و مەدەنی هەبێت، ئەگەر تەواوی دامودەزگاکانی دەسەڵاتی ئێران بکەونەخۆ، دیسانیش شکستدانی ئەم جوڵانەوەیە ئەستەم دەبێت. بۆ نمونە، بزوتنەوەی مەشروتە کە بە روواڵەت سەرکوت کرا، بەڵام لەمرۆدا ئەو بزوتنەویە بە شێوەیەک کە بەتەواوەتی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بە شێوەیەکی بەرۆژتر و نوێتر بەرامبەر بە تایبەتمەندییەکانی سەردەم، درێژەی هەیە. کەواتە سەرکوتی رەهای بزوتنەوەیەکی فکری و سیاسی پێشکەوتوو، خەونێکی بێ بنەمایە.
پێوەرێکی یەکلاکەرەوە لەهەر کۆمەڵگەیەکدا قەیران و چەقبەستوویی بەردەوامە. لە ئێرانیش لەئێستادا وەها دۆخێ لەو پەریدا لەئارادایە و کۆمەڵگە و دەسەڵات بەرامبەر یەک وەستاونەتەوە. سەرجەم ئامارەکان ئاماژەن بۆ رووخانی رژێم لە بوارە ئایدۆلۆژیکی، کۆمەڵایەتی، کولتوری و سیاسیەکان. لەبەر ئەم هۆکارەش رژێم، زۆر بە توندی دەستی بە سیستمی سەربازی-میلیتاریستی توندوتژی خۆیەوە گرتووە تا نەڕوخێت. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی سەلماندی کە گەلان هەر کات بیانەوێت و ئیرادە بکەن، دەتوانن هەموو رەوایەتیەک لە رژێم دابماڵن، بە هێزی سەربازیشیەوە. سیستمی ویلایی ئەمڕۆ لە سەرەوە بۆ خوارەوە لەماوەی یەکساڵی رابردوودا بە تەواوەتی چاوخشاندنەوەی بە دامەزراوەکانیدا کردووە و سەرلەنوێ پلان و پێکهاتەکە بە گوێرەی رژێمێکی سەرەڕۆ و دیکتاتۆر لە گوشاری سەربازی بەکاردەهێنێت، داڕشتووەتەوە. کۆمەڵگا دەبێت ئاگاداری ئەم لایەنە مەترسیدارەی رژێم بێت. ئۆپۆزسیۆن دەبێت زۆر بە قووڵی وریابێت و هێزە دیموکراتیکەکانیش رۆژانە بەرنامەی گونجاو لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێران رێکبخەن. ئێمە وەک کۆدار لەبەر ئەوەی سیستمی کۆمەڵگاین بۆ بەڕێوەبردنی دیموکراتیک، زۆر بە چری سەرنجامن لە سەر ئەم لایەنەیە.
"شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی خەریکە بەرەو قۆناغی رێکخستنی دیموکراتیک دەپەڕێتەوە"
ئاگادارین کە رژێم هەرچەندە گیرۆدەی چەندین قەیرانە و توانای چارەسەرکدنی کێشەکانی توێژەکان و کۆمەڵانی خەڵکی نییە، بەڵام چاوەڕوانە بەردەوام هەموان لە ژێر دەسەڵاتی ستەمکارانەی ئەودا بمێننەوە. دەزانین چ پلانێک لە لایەن دامەزراوە رەشەکانی رژێمەوە دارێژراون تا رێگری بکەن لە قۆناغی کردەیی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە واتە "بە رێکخستنبوونی گروپە ناڕازییە مەدەنیەکان". دەسەڵاتی خۆسەپێن ترس و تۆقینی لەوەهەیە کە گروپە ناڕازی و خۆڕسکەکان لە سەرجەم شارەکان بگەنە قۆناغی خۆبەرێکخستن کردنی مەدەنی پتەو. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئەم قۆناغە سەرەتاییانەی ناڕەزایەتی پرش و بڵاوی تێپەڕاندووە و خەریکە دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغی بەرێکخستنبوونی دیموکراتیک. رژێمیش سەرجەم دامەزراوەکانی سەرکوتی خستووەتە ئامادەباشییەوە کە بە فەرمانی تایبەت و توندوتیژانە رێگری لەم پرۆسەیە بکەن. لەبەر ئەم هۆکارە شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردن لە دژی ئەو گروپانەی ژنان، گەنجا، رۆشنبیران و چالاکوانانی شۆڕشگێڕ دەستیپێکراوە. هەوڵ دەدەن رێگری لە ناوەندی رێکخستنی ناڕەزایەتی رێکخراو بکەن. دەزگای هەواڵگری خۆی بە دەستبڵاویەوە لە رووی پارە و پاداشت بەهێزتر کردووە بۆ ئەوەی لەسەرتاسەری پارێزگاکان کەسانی پێشەنگ دەستنیشان و پاکتاو بکەن. بە دڵنیاییەوە پاکتاوکردنی سەرجەم گروپەکان لە دەرەوەی توانایدایە، چونکە مامەڵەکردنی ستەمکارانە ئەوان بەرەو دۆخی خەباتی شاراوەی ژێرزەمینی و خۆحەشاردان دەبات تا درێژە بە چالاکیەکانیان بدەن. کەواتە لەبەر ئەوەی کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی ناڕازی بە تەواوەتی نایاتەدی، لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەندێشەکان لە مێشک و هزری تاک بە تاکی کۆمەڵگادا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، رواڵەتی سەرکوت کراو ناتوانێت بە هانای رژێمەوە بێت و مانەوەی دەستەبەر و گەرنتی بکات.
"کۆمەڵگاکانی ئێران، بەتایبەتی کوردستان و بەلوچستان بوونەتە شۆڕشگێڕ"
بەهۆی ئەو گۆڕانکارییەی لە بیرکردنەوە و ھۆشمەندی بەشێکی کۆمەڵگا دروست بوو، دانیشتوانی هەموو شارەکانی ئێران، بەتایبەتی کوردستان و بەلوچستان بوونەتە شۆڕشگێڕ. ئەمەش ھیوابەخشە. بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگا بووەتە شۆڕشگێڕ، ڕژێم ناچار بووە بە بەردەوامی رۆژانە یاسای توند دەربکات و جێبەجێی بکات. لە نموونەی ئەوانەش دەکرێت ئاماژە بە یاسای حیجابی پەرلەمانی ڕژێم یان پلانە نهێنییەکانی 'بەیتی رەھبەری' ڕژێم بۆ دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان، زیندانیکردن و لەسێدارەدان بکرێت. دەوڵەتی جێبەجێکاری هاوتەریب کە سەر بە 'بەیتی رەھبەری' ڕژێمە، بە شێوەیەکی کردەیی و بە بێ ئەوەی بە فەرمی ڕابگەیەنرێت، بووەتە جێگرەوەی دەستووری ھەمیشەیی ڕژێم و پێیان وایە سەرقاڵی یەکڕەنگکردن و یەکدەستکردنن. تەنیا جەستەیەکی بێ بایەخیان لە دەستووری ھەمیشەیی ٤٠ ساڵەی خۆیان ھێشتووەتەوە. دەتوانن دامەزراوەکانیان یەکڕەنگ بکەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن کۆمەڵگا یەکڕەنگ و یەکدەست بکەن. ئێران، ئەمڕۆ بەتەواوی "بە سەربازگە" کراوە. سەرکوتکارییان گەیاندووەتە لوتکە. ئەمە زۆر مەترسیدارە و دیار نییە کەی و لە کوێ و بە ھۆی کام چەخماخەی نوێ، ناڕەزاییەتییەکانی کۆمەڵگە بەرەو تەقینەوە دەبات.
ھێندەی ئەو ئامارە درۆیینانەی ڕژێم لەبارەی بارودۆخی ئابووری و بژێوی بڵاویان دەکاتەوە، بۆ ئەوەی سەرنجەکان بەلاڕێدا ببات، ئەوەندەش ئامارەکانی لە سێدارەدان بە دروستی ڕادەگەیەنرێت، چونکە ئامانجیان ترس و تۆقاندن و ملکەچکردنە. لە دوانزە مانگی ڕابردوودا نزیکەی ٦٥٩ کەس لە سێدارە دراون. دەیان هەزار کەس دەستبەسەر و هەندێکیشیان زیندانی کراون. لە لایەکی دیکەوە دۆخی بژێوی زۆر خراپتر بووە. هەڵاوسان، بێکاری، هەژاری و برسێتی لە لوتکەدایە. ئەمڕۆ پرسی برسێتی بۆتە دیاردەیەکی گەورەتر لە بێکاری و هەژاری. ئەم دۆخە ترسناک و کارەساتبارە بەڕاستی پێویستی بە شۆڕشێکی گەورە هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ھانای ھەموو گەلانی ئێرانەوە بچێت.
"تەنانەت سازان و رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپاش بە ھانای ڕژێمەوە ناچێت"
هەروەها پەیڕەوکردنی سیاسەتی سەرکوت لە ناوخۆ و سازان و ڕێککەوتن لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان هەمیشە بەردەوام نابێت، کە دەسەڵات لە ڕووخان ڕزگار بکات. چوونە نێو جەمسەرگیری ناوچەیی یان نێونەتەوەیی رژێم لە پێناو بازرگانی گەمارۆدراوی و پێکهێنانی جەمسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گرووپە بریکارەکان بۆ ئێران کورتخایەن دەبێت. تەنانەت سازان و رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپاش بە ھانای ڕژێمەوە ناچێت. کەس گومانی لەوە نەبێت. دەستبەرداربوون لە کۆمەڵگا و ڕاگەیاندنی هەموو پێکهاتە و گەلانی ئێران بە "دوژمنی ناوخۆیی" و ڕاکردن بەرەو هەندێک لە زلهێزەکانی وەک ڕوسیا، چین و هتد و سازشی ناچاری، تەنیا بۆ ماوەیەک تەمەنی رژێم درێژ دەکاتەوە. ڕەنگە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لاواز بن، بەڵام چالاکوانانی شۆڕشگێڕ، ڕۆشنبیران، سەندیکاکان و ڕێکخراوە خۆڕسکەکان چالاکی دژی ڕژێم ئەنجام دەدەن. ئەوانە هەرگیز راناوەستن.
*پێگە و سیاسەتەکانی ئێران لە گۆڕەپانی ناوچەیی و جیهانی بە بەراورد بە پێوەندی لەگەڵ هەڵسوکەوتی سەرکوتگەرانەی ناوخۆی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
فوئاد بێریتان: جیا لەو بابەتانەی ئاماژەم پێکرد، دەستوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و پێکهێنانی گرووپە بریکارە چەکدارەکان لە فەلەستینەوە تاکوو یەمەن، سوریا و عێراق، هەڕەشەیەکی درێژخایەن لە دژی خودی ئێرانە و دواجار کارتەکە لە دژی ھەڵدەگەڕێنێتەوە. گومانی تێدا نییە. لە بارودۆخێکدا کە شەڕی جیهانی سێیەم لە ناوچەکەدا بە بەکارھێنانی گرووپە بریکارە چەکدارەکان گەیشتووەتە قۆناغی شەڕی نێوان دەوڵەتەکان، ئەستەمە ئێران بەرامبەر لێکەوتەکانی پارێزبەندی ھەبێت. دوای قۆناغی شەڕی دەوڵەتەکان لەگەڵ گروپە تاوانکارەکانی وەک قاعیدە و داعش، ئەو قۆناغە بە تێکشاندنی داعش لە ڕەقە کۆتایی هات و قۆناغی شەڕی دەوڵەتەکان لەگەڵ یەک دەستیپێکرد. شەڕ لە یەمەن، سوریا، کوردستان و ئۆکرانیا ئێستا شەڕی نێوان دەوڵەتانە، کە شەڕی ئیسرائیل و فەلەستینیشی پێ زیاد بووە و گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدارتر. شەڕی غەززە جارێکی دیکە چەقی شەڕەکەی لە قەفقاز و ئۆکرانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕاندەوە. ئێمە لە قۆناغی شەڕی نێوان دەوڵەتان لە ناوچەکەداین. ئەمجارە شەڕەکە زۆر جیاوازتر و مەترسیدارترە. لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانی ئەوروپا سەرقاڵی چەسپاندنی سیستمی نوێی جیھانییە، بەڵام چەندین جار لە ئەفغانستانەوە بگرە تاکوو عێراق و سوریا شکستی هێناوە. بەڵام ئەمڕۆ شەڕی غەززه و ئۆکرانیا ئەو پرۆسەی گۆڕانکارییەیی خێراتر کردووه، بێگومان ڕەنگه گۆڕانکارییەک ڕووبدات، بەڵام دیار نییه لە بەرژەوەندی کام لایەن دەبێت.
"شۆڕشی کوردەکانیش لە رێگەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادییەوە بە هەرێمایەتی بووە"
پرسی کورد هەر چوار وڵاتی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریای بە چڕی خستووەتە ناو شەڕەوە. پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایی، گۆڕانی چۆنێتی دەستوەردانی هەژموونی جیهان و بەریەککەوتنی سیاسەتی پشک پشکێنەی جەمسەرە جیهانیەکان لە رووی ئابووری، سیاسی و سەربازی، رووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتان و شێوەی شەرەکانی مەرگەساتبارتر و مەترسیدارتر کردووە و گرنگرت لەوەش، شەڕە پچڕ پچڕ و زنجیرەییەکان لە غەززە، کوردستان و ئۆکرانیا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە هەندێک حاڵەتدا بە شێوەی راستەوخۆ لە کردەوە و سیاسەتی هێزەکاندا، پێکەوە بەستراونەتەوە. ئەم بابەتە یەکجار گرنگە و نابێت چاوپۆشی لێبکرێت. جۆری دەستوەردانی دەوڵەتان و هەڵسوکەوتیان و هاوپەیمانێتیەکانیان، بە شێوەی هاوکات ئەوانی لە چەند بەرەو و جەمسەری هێزدا تێوەگلاندووە و رووبەڕووی یەکتری کردوونەتەوە. هەر ئەم هاوکێشانە ئەمرۆ سێ بەشی کوردستانی راستەوخۆ لە شەڕەوە تێگلاندووە. تورکیاش هێشتا پاسەوان و جەندرمەی ئەو زلهێزانەیە لە ناوچەکە، کە هەندێک جار بەرامبەر بە خۆیشیان سنگ دەردەپەڕێنێت و بەرامبەریان دەوەستێتەوە.
هێندەی کە شەڕ دژی بەشەکانی کوردستان بە هەڕێمایەتی بووە و چەندین جەمسەر و هاوپەیمانی تیایدا رۆڵیان هەیە، بە هەمان شێوەش شۆڕشی کوردەکان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بە هەرێمایەتی بووە. کاردانەوەی کوردەکان دژی داگیرکەری و شەڕ و جینۆساید بە پشتئەستووربوون بەم دروشم و فەلسەفەیە لەپەرەسەندندایە. ئێرانیشی تەنیوەتەوە کە سنووری یەکجار داخراو و چاودێریکراوی هەبوو. رەنگە ئەمڕۆ دروشم و فەلسەفەی ئازادی خوازی کوردەکان بێتە ناو ئێرانەوە، بەڵام تاران دەبێت بزانێت کە ئەوەی لەلایەن زلهێزەکان و دەوڵەتە رکابەرەکانەوە دەچێتە وڵاتەکەیەوە، شەڕ و خوڵقاندنی قەیران دەبێت. تەنانەت کێبڕکێی سەربازی جەمسەرە جیهانییەکانیش رەهەندێکی سەربازی مەترسیداری بە خۆیەوە گرتووە. کردەوەی دەستوەردان لە وڵاتانی دیکە، دژکردەوەی شەڕ لەناوخۆی ئێرانی لێدەکەوێتەوە و سازان و نەرمینواندنی جەمسەرگەرایانە و دەسەڵات تەوەریش ناتوانێت دادی بدات و رزگاری بکات.
کوردەکان لەم دۆخە پڕتەنگەژەیەی وەک رۆژی حەشرە چ دۆخێکیان هەیە و دەبێت جی بکەن؟
"پشتیوانی لە کوردەکان رەنگە دژوار بێت و هەندێکجاریش مەترسیدارە، بەڵام لەهەمان کاتدا دەرفەتێکی گەورەشە بۆ رزگاربوون لە لەناوچوون"
هۆکاری سەرەکی دروستبوونی کێشەی کورد و فەلەستین، هەم وڵاتانی ناوچەکە و هەم زلهێزانی جیهانین. ململانێ و پێکدادان و کێبڕکێی مەترسیداری ئەوان ئێستاش لە کوردستان و فەلەستین بەردەوامە و زیادبوونی ئۆکرانیا لەو زنجیرەیە، یەکسانە بە شەڕانگێزی زیاتر. لەئێستادا مامەڵەی دیموکراتیک لەلایەن کۆماری ئیسلامی، تورکیا یاخود ئەمریکا و ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و فەلەستین بەدی ناکرێت. تەنانەت بەرامبەر بە ئۆکرانیاش رەفتارێکی لەو جۆرەیان هەیە. کوردەکان ئەوەی تائێستا بەدەستیان هێناوە لە سایەی ماندووبوون و خوێنی گەنجانیانەوە بووە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لە رێگەی گۆڕانکاری دیموکراتیک خۆی دەگۆڕێت، کە بەداخەوە لە ئێستادا هیچ یەک لە دەوڵەتانی باڵادەستی ناوچەکە ئەقڵیەتێکی سیاسی لەم چەشنەیان نییە، یاخود لە رێگەی شەڕەوە دەگاتە کۆتایی. هەموو ئاماژەکان باس لە گرتنەبەری رێکاری شەڕ دەکەن. ئەگەر بزوتنەوە مەدەنییەکان و رۆشنبیرانی ئازادیخوازی گەلانی ناوچەکە نەکەونە هەوڵی زیاترەوە، جڵەوکردن و کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قۆناغە وێرانگەرە یەکجار دژوار دەبێت. هەربۆیە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد و گەلی شۆڕشگێڕیی کورد دوو کۆڵەکەی یەکانگیرن بۆ بزوتنەوە مەدەنی و رۆشنبیرییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمە تاکە شانس و دەرفەتی ئەوانە. لەبەر ئەمە ناچارن دەستەودامێنی کوردەکان بن. پشتیوانی لە کوردەکان رەنگە دژوار و هەندێک جاریش تووشی مەترسییان بکات، بەڵام لەهەمان کاتدا شانس و دەرفەتی زۆری بۆ رزگاربوونیان لە لەناوچوون پێدەدات. سەرکوتی ئاشکرا لە تورکیا و ئێران بە چاوی خۆمان دەبینین و ئابڵوقە و شەڕ دژی رۆژئاوا و باشووری کوردستانیش رۆژ لە دوای رۆژ چڕتر دەکرێتەوە. ناکرێت بوترێت پریشکی ئەم شەڕانە بەر ئێرانیش ناکەوێت، لە کاتێکدا کە تارانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان لەم ململانێ ناوچەییانەوە تێوەگلاوە.
"سیاسەتی کوردی و هێزی پاراستنی ڕەوای کوردان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە قۆناغێکی چارەنووسساز"
لە دەیەی ڕابردوودا هەمووان بە چاوی خۆیان بینییان، کە ھەڵچنینی هیوای هێزەکانی وەک تورکیا و ئێران لەسەر ئەوەی لە ڕێگەی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی سەربازی دەتوانن کۆتایی بە بزوتنەوەی ئازایخوازی کورد بھێنن، مایەپووچ بووە. هێزی گەریلا بە ئیرادەیەکی پێداگرانە ئەو هیوا ساختەیەیی لەباربردووە. کەواتە ئیتر، پێداگری ئەو چوار وڵاتەی لە کوردستان باڵادەستی دەکەن بۆ لەناوبردنی کوردان، سوڕانەوەیە لە بازنەی داخراودا. هەم سیاسەتی کوردی و ھەمیش هێزی پاراستنی ڕەوای کوردان لە ناوچەکەدا گەیشتوونەتە قۆناغێکی چارەنووسساز. بە هۆی ئەو چارەنووسسازی و بەهێزییەوەیە کە دوژمنان پشتیان بە رێکاری ئابڵۆقە، شەڕ و گۆڕینی دیمۆگرافیای بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان بەستووە، کە تورکیا بە شێوەیەکی مەترسیدار یاری بەو ئاگرە دەکات و ئێرانیش بە گەشبینییەوە لە سەرکوتکاری ناوخۆیی و چڕکردنەوە میلیتاریزم دەڕوانێت. هەرچەندە کوردان لەلایەن دەوڵەت و هێزەکانەوە ڕووبەڕووی مەترسیەکی بێ وێنە بوونەتەوە، بەڵام شانسی ئەوەیان هەیە بە یەکێتی و یەکڕیزی و تێکۆشان کارتەکە لە بەرژەوەندی خۆیان و ئازادیخوازان ھەڵبگێڕننەوە و زۆرترین سوود لە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە وەربگرن. ھەرچەندە ماوەی سەد ساڵە، داگیرکاری و جینۆساید بەردەوامە، بەڵام ئیتر بەردەوامی ئەو دۆخە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەستەمە. کۆتایی هێنان بەم پرۆسەیە لە ڕێگەی کۆمەڵکوژی مەترسیدارترە، چونکە زۆرێک لە گەلانی ناوچەکەش لە گەڵ خۆیدا نوقمی تاڵاو و گێژاو دەکات. کەواتە تاکە ڕێگا، چارەسەکردنی دیموکراتیک و ئاشتیانە. کوردان چیتر دەستەوەستان نین و بۆ ھەر دوو بژاردەی پاراستنی ڕەوا دژی شەڕانگێزی دەسەڵاتداران و چارەسەری دیموکراتیک ئامادەن. هێزەکانی ناوچەکە ناتوانن ئەم توانا و تایبەتمەندی کوردان پشتگوێ بخەن و کۆماری ئیسلامیش لە ھەموان زیاتر لەو پێگەی کوردان دەترسێت. کەواتە تاکە ڕێگە چارە چییە؟ چارەسەرکردنی سیاسی و دیموکراتیکی کێشەکانە. بەدیهێنانی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیکە کە توانای ئەوەی ھەیە سەرجەم گەلانی گیرۆدەی شەڕ لە ناوچەکە ڕزگار بکات. دەوڵەتانی باڵادەست لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، هۆکاری ھەڵگیرسانی شەڕن، بەڵام کوردان ئافرێنەری ئازادی و دیموکراسین. کۆداریش بە واتای بوونی سیستمێکی دیموکراتیک و ئازاد بۆ گەلانی ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستانە، کەواتە یەکەمین سیستمی گەلە بۆ دەرچوون لە شەڕ و خوێنڕشتن.
لە ١٠ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر هەڵمەتێک لە ژێر ناوی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستیپێکراوە، هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە و دەبێت چی بکرێت؟
"پشتویانی و داکۆکی لە رێبەر ئاپۆ پشتیوانییە لە گەلی کورد و پشتیوانی لە گەلی کوردیش پشتیوانییە لە پرۆسەی ئازادیی گەلانی ئێران"
ئەم هەڵمەتە بە داواکری بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد لە رێگەی سیاسی و دیموکراتیک لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی دەستیپێکراوە و ئازادیخوازان و لایەنگرانی دیموکراسی و ژینگەدۆستان لە چەندین گەل و لە سەرجەم کیشوەرەکان و رێکخراوە و سەندیکاکان و رۆشنبیرانی زۆر بە پێشەنگایەتی ژنان تیایدا بەشدارن کە یەکجار بەنرخە. بێگومان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەکادیمییەکان و رۆشنبیران و ژنان و چالاکوانانێکی زۆرمان هەیە کە ئازادیخوازن و سەنگ و شکۆمەندییان لە رێگەی ئاشتی و ئازادیدا بەکاردەهێنن. لەو بڕوایەداین کە ئەوانیش دەتوانن بە شێوەی بەربڵاو شان بە شانی ئازادیخوازانی جیهان پەیوەست بن بەم کەمپینەوە. رێبەر ئاپۆ ئافرێنەری دروشم و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادییە کە لەمڕۆدا ئێرانی تەنیوەتەوە، کەواتە ئەگەر وەک رێزگرتن لە ئازادی و ژیانی ئازادیش بێت لەم هەڵمەتەدا بەشداربن، کەشی چالاکی رۆشنبیری و ئازادیخوازی لە نێوانیاندا زیاتر گەشە دەکات. کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کۆمەڵگاکانی رۆشنبیری پێشەنگن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەواتە پێویستە لە کەمپینی ئازادیخوازی و رۆشنبیری دوانەکەون. داکۆکی و پشتیوانی لە رێبەر ئاپۆ پشتیوانی لە گەلی کورد و پشتیوانی لە گەلی کوردیش پشتیوانییە لە پرۆسەی ئازادی گەلانی ئێران. ئەم هەڵمەتە دەبێت تا هاتنەدی یەکجارەکی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بەردەوام بێت. ٢٥ ساڵ گۆشەگیری توند لە زیندانێکی تاکەکەسی کە ژوورێکی پێنج یاخود شەش مەتری هەیە ئەوپەڕی دڕندەیی و وەحشیگەری سیستمی نێونەتەوەییە کە چاودێری سیستمی ئیمراڵی دەکات. ئەم سیستمە تەنیا بە تێکۆشانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پشتیوانی لە کوردەکان، تێکدەشکێندرێت. هەربۆیە ژنان، گەنجان، رۆشنبیران، کرێکاران، فەرمانبەران، چالاکوانانی ژینگەیی، ئەکادیمیسیانەکان، چەپگرەکان و هێزە دیموکراتیکەکانی ئێرانیش ماتەوزەی بەرەوپێشبردنی هەڵمەتەکەیان بە ئامانجی خێراترکردنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی ژن، ژیان، ئازادی هەیە. ئێمە بڕوامان بەم پشتیوانی و چالاکیانە هەیە.