پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەردەوامە و بە وتەی سەرچاوەیەکی تایبەتی ئاژانسەکەمان کە لە قەزای حەویجەیە، لە یەکێک لە بنکەکانی دنگدان لە ناحیەی ریاز ئەفسەرێکی عەرەب چاودێر و نوێنەرانی قەوارە سیاسیە کوردییەکان لە سەر سندووقەکانی دەنگدان دووردەخاتەوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەفسەرەکە لە ژێر ناوی هەواڵگریی و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەڕەشە لە چاودێران و نوێنەرانی لایەنە سیاسیە کوردییەکان دەکات و وێنە و ڤیدیۆیان تۆمار دەکات.
پێشتریش شێرزاد سەمەد لێپرسراوی بەشێ هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) بە ئاژانسەکەمانی راگەیاند، "لە ناوچە کورنشینەکانی کەرکوک بەشێک لە ئامێرەکانی ناو وێستگەکانی دەنگدان لەکارکەوتوون و بەوەش گومانی ئەوە دروستبووە کە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی دەنگی کورد لەو پاڕێزگایە".
وتیشی، سەرباری هەموو بەربەست و لەمپەرەکان کە بەشێک لە تورکمان و عەرەبە شۆڤێنییەکان دروستیان کردووە، تائێستا رێژەیەکی بەرچاو لە کورد بەشدارییان لە دەنگدانی تایبەت کردووە.
بڕیارە رۆژی ١٨ی ئەم مانگە دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت و لایەنە کوردیەکان بە چەند لیستێک لە هەوڵی بەدەستهێنانی بەشێک لە کورسیەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، سەڵاحەدین و دیالەن.
لە پارێزگای کەرکوک کورد بە چەند لیستێک بەشدارە لەو هەڵبژاردنە و پێشتر تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان داوای لە دەنگدەران و لایەنگرانی کردبوو دەنگ بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، کە هاوپەیمانی نێوان یەکێتی و حزبی شیوعییە بدەن.
هـ . ب