هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی دەم پارتی بۆ دیارکردنی کاندیدەکان بەردەوامن

ئەنجامی دەنگدان بۆ دیاریکردنی کاندیدەکانی دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی خۆجێی لە ٤٨ ناوەند راگەیەندران و لە چوار شوێنیس کە بە هۆی کێشەی تەکنیکیەوە دەنگدانەکە هەڵپەسێردرابوو، ئەمرۆ پڕۆسەکە بەڕێوەچووەوە.

پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) بە رێگەی دەنگدانی ناوخۆیی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئادار یەکلایی دەکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لە رۆژی ١٣ی ئەم مانگەوە پرۆسەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەو پارتە دەستیپێکردووە.

لەو چوارچێوەدا کاندیدەکانی دەم پارتی لە ٤٨ ناوەند یەکلایی کرانەوە کە رێژەیەکی بەرچاو کاندیدی ژنیشیان لەناودایە. لە بەشێک لە ناوەندەکان بە هۆی ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا کاندیدەکان دەنگی پێویستیان بە دەست نەهێنابوو، بە دەنگدانی گەڕی دووەم کاندیدەکان یەکلایی کرانەوە.

هاوکات لە ناوچەکانی پەیاس، فارقین و بسملی ئامەد و جزیری شڕنەخ، کە بە هۆی کێشە وگرفتی تەکنیکیەوە هەڵبژاردنی ناوخۆیی هەڵپەسێردرابوو، ئەمڕۆ سەرلەنوێ پرۆسەکە بەڕێوەچووەوە.

لە هەڵبژاردنی ناوخۆییدا کاندیدەکانی دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکایەتی شارەوانی و ئەندامێتی لە ئەنجومەنی شارەوانیەکان دیاریدەکرێن.