هەپەگە: دەتوانین تەرمی ناجی کایگسز سەربازی سوپای تورک بە بنەماڵەکەی بدەینەوە
هەپەگە داوای لە بنەماڵەی سەربازی سوپای تورک ناجی کایگسز کرد، "ئەگەر بیانەوێت دەتوانین تەرمەکە لە ڕێگەی هاووڵاتییانی مەدەنییەوە ڕادەستیان بکەنەوە".
هەپەگە داوای لە بنەماڵەی سەربازی سوپای تورک ناجی کایگسز کرد، "ئەگەر بیانەوێت دەتوانین تەرمەکە لە ڕێگەی هاووڵاتییانی مەدەنییەوە ڕادەستیان بکەنەوە".
ناوەندی راگەیاندن وچاپەمەنیی هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ئەو سەربازە تورکە بڵاوکردەوە، کە تەرمەکەی لە دەستی گەریلاکاندایە و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:
"وەک لە ڕاگەیاندراوی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا وتبومان؛ خولوسی ئاکار و تەیب ئەردۆغان سەربازەکان لە ناوچەکانی گەریلا بەکاردەهێنن و دەیکانە ئامانج. ئەوەش تەنیا بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان دەکەن. هەرگیز مردنی سەربازەکان خەمی ئەوان نییە، بە دوڕوویەکی گەورەوە مردنیان لە ڕای گشتیی دەشارنەوە. با گەلی کوردستان، گەل و ڕای گشتیی تورکیا بزانن، سوپای تورک ئەو گورزانەی لێیدەدرێت و سەربازە کوژراوەکانی دەشارێتەوە. نەک تەنها دەیانشارێتەوە، بەڵکو لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆر لە تەرمی سەربازەکان لەو ناوەدا بە جێماون، دەیانڕزێنن و نایاندەنەوە بە بنەماڵەکانیان.
لە راگەیەندراوەکەماندا، لە ٧ی تەمووزی ٢٠٢٢دا بڵاومان کردەوە، کاتژمێر ٠٨:١٥ی ٧ی تەمووز دوو سەربازی تورک، کە ویستیان بەرەو سەنگەرەکانی شەڕ لە شاخی شەهید پیردۆغان بڕۆن سزادران و تەرمی سەربازێکیان لە دەست هێزەکانمان دایە.
ئەوە ڕوون بوویەوە، کە لە ٧ی تەمووزی ٢٠٢٢دا سەربازێک مردووە و تەرمەکەی لە دەستی هێزەکانماندایە و ئەو سەربازە ناوی ناجی کایگسزە. ئەو سەربازە لە هێزە تایبەتەکانی تورک بووە و مردنەکەی لە ڕای گشتی شاردرابوویەوە. ئێمە پێشتر ئەوەمان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردبووە، ئەوانەی ئەو سەربازانە بۆ داگیرکاریی ڕەوانەی کوردستان دەکەن خاوەنداری لە تەرمەکانیان ناکەن.
بۆیە داوا لە بنەماڵەی ناجی کایگسز سەربازی تورک دەکەین، ئەگەر بیانەوێت دەتوانین تەرمەکەیان لە ڕێگەی هاووڵاتییانی مەدەنییەوە ڕادەستیان بکەینەوە. بنەماڵەکەی دەتوانن بێنە ناوچەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لە باشوری کوردستان و لە ڕێگەی هاوڵاتیانی مەدەنییەوە لەو ناوچەیەدا پەیوەندی لەگەڵ ئێمە دروست بکەن و دەتوانن لەو رێگەیەوە تەرمەکەیان وەربگرنەوە".
ژ.ت