هێرشی داگیرکەری لە شاری سلێمانی شەرمەزارکرا

دژی هێرش و پەلامارەکانی ئێران و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ژمارەیەک لە چالاکوانان و کەسایەتیە سیاسیەکانی سلێمانی گردبوونەوەیان ئەنجامدا ڕایانگەیاند، سیستەمی دەسەڵاتدارێتی لە ئێران و تورکیا بەرەو لە ناوچوون دەچن.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی شاری سلێمانی، لە سەکۆی پارکی ئازادی گردبونەوەیەکی جەماوەری ڕێکخرا و تێیدا دروشمەکانی بەرخۆدانە ژیان، ڕۆژهەڵات تەنیا نیە باشور پشتیوانیە، بمرێ خیانەت، وترانەوە.

ڕاگەیەندراوی گردبوونەوەکە لەلایەن هێمن مامەند خوێندرایەوە کە تیایدا هاتبوو: جارێکیتر سوپای داگیرکەری تورکیا هێرشی نامرۆڤانە و فاشیستانەی بۆ سەر گەلەکەمان لەرۆژئاوای کوردستان و شەرڤانانی ئازادی و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا دەستپێکردەوە. ئەم ڕژێمە فاشیست و نکوڵیکەرە لەنێو قەیرانێکی قوڵی سیاسی و سەربازی و ئابووردیدا دەژی و دەیەوێت بەهەر ڕەنگێک بێت لەمیانی ئەم هێرش و داگیرکاریەوە درێژە بەمانەوەی خۆی و ڕژێمەکەی بدات.

وتیشی: ئەم هێرشە هۆڤانەیە لەچوارچێوەی سیناریۆیەکی قێزەونی هەواڵگری تورکیا، کە ئەویش تەقینەوەکەی ئیستەمبوڵ بوو، ساز و ئامادەکرا، کە ڕای گشتی و تەواوی مرۆڤایەتی ئازادیخواز باش دەزانن هیچ پەیوەندیەکی بزاڤی ئازادی گەلی کورد بەو تەقینەوە و رافتارەوە نیە. بەڵکو فاشیزمی ئەکەپە و مەهەپە دەیانەوێت بیکەنە بەهانە بۆ هێرش و داگیرکاری و لەنێوبردنی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بە مامەڵەی هێزە ئەمنیەکانی ئێران کرا و وتیشی: سیستەمی دەسەڵاتدارێتی لە ئێران و تورکیا بەرەو لە ناوچوون دەچن، سەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵات و گەلانی ئێران شاهێدی ئەو ڕاستیەن و بە دوای مۆدێلێکی نوێدا دەگەڕێن.

ف.ق