رۆژی دووشەممە دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت و دوای ١٨ ساڵ بۆ یەکەم جارە پرۆسەکە لە کەرکوک ئەنجام بدرێت، بەڵام سەرباری هەوڵەکان لایەنە کوردییەکان نەیانتوانی بە یەک لیست بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکەن و بەشداریکردنیان بە چەند لیستێک مەترسی فەوتانی دەنگێکی زۆری لێدەکرێت.
یەكێتی: دۆخی خراپی شارەکە چاک دەکەینەوە
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کە لەگەڵ حیزبی شیوعی کوردستان هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانی پێکهێناوە لە زمانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئەو حزبەوە لە میتنگی هەڵبژاردن ڕایگەیاند: "دەنگمان پێ بدەن بۆ ئەوەی دۆخی خراپی کەرکوک ڕاست بکەینەوە، سنوریك بۆ سیاسەتی شۆڤینی دابنێن"، هەروەها وتیشی "دەنگ بە ئێمە بدەن شەڕەکە بۆ ئێمە لێگەرێن".
تەڤگەری ئازادی: لێستی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە باشتیرنە
تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە: " ئێمە لە تەڤگەری ئازادی بە وردبونەوەمان لە کۆی لیستە کوردییەکان پێمان وایە لیستی هاوپەیمانی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە، کە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و حیزبی شیوعی کوردستان پێکهاتووە، باشترین و گونجاوترین هەڵبژاردەیە کە دەنگی پێ بدەین، بێگومان ئەم لیستە دەرفەتی پڕۆژەی هەموومانی تێدایە لە داهاتوودا بۆ بەیەکەوە ژیانی دیموکراتیانەی گەلان و باوەڕیەکان کار بکەین و تاکە لیستە کە لەو چوارچێوەیەدا دەتوانێت خزمەت بە کەرکووک و کەرکووکییەکان بێ جیاوازی بکات، داوا لە ئەندامان و دۆستان و هەموو ئەو کەرکوکییە بەڕێزانە دەکەین کە گوێ لە ڕای ئێمە دەگرن دەنگی خۆیان بە لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە بدەن" .
"شیوعی هاوپەیمانی یەکێتە"
حزبی شیوعی کوردستانی: لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هاوپەیمانە و کاندیدی هەیە لە لیستی کەرکوک هێزی و ئیرادەمانە، بۆ کار بۆ ئەوە دەکەن بۆ ئەوەی لانیکەم کاندیدێکی خۆیان سەر بخەن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا.
پەدەکە دەنگی کورد پارچە دەکات
پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) وەک هەمیشە لە بەرەی داگیرکەرانی گەلی کوردە، لەگەڵ پارتێکی تورکمانی و عەرەبی سونە لە کەرکوک لێک تەگەیشتیان هەیە لەم هەڵبژاردنە بۆ پارچەکردنی دەنگی کورد، بۆ ئەو مەبەستەش ئەگەری زۆری هەیە دەنگی زۆر کورد بفەوتێنت و زیان لە کورد بدات لەو پارێزگایە.
نەوەی نوێ: ئیدارەی گەندەڵی شارەکە دەگۆرێن
نەوەی نوێ: لیستێکی سەربخۆی هەیە بۆ پارێزگای کەرکوک وتەبێژی جوڵانەوەکەیان سەرۆکی لیستەکەیە، و هەروەها بە کۆی گشتی چوار کاندیدیان هەیە، بە چری کار بۆ ئەوەی دەکەن کە لانیکەم وتەبێژی جوڵانەوەکەیان بکەنە ئەندامی ئەنجوومەن پارێزگا، بانگەشەی ئەوەش دەکەن" ئیدارەی گەندەڵی شارەکە دەگۆرن".
کۆمەڵ و یەکگرتو ئەگەری زۆر هەیە چەند هەزار دەنگێكی کورد بفەوتێنن
هەر یەک لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتوی ئیسلامی پێکەوە هاوپەیمانێتیان پێکهێناوە بە ناوی ( هاوپەیمانی مەشخەڵی کەرکوک)، وێرای ئەوەی هەردوو پارتەکە لە کەرکوک تا ئیستا هیچ کاتێک نەیان توانیوە هیچ نوێنەریکیان هەبێت لە هەڵبژردنەکانی کەرکوک و هیچ کاتێک لە هەڵبژاردن سەرکەوتوو نەبوونە، بەڵام ئەمجارەش هەوڵی خۆیان داوە، لەبەرەئەوەش پێشبینی ئەوە دەکرێت چەند هەزار دەنگێکی کورد لە شارەکە بفەوتێن و زیان لە پێگەی کورد بدەن لەو شارە.
هـ . ب