هەڵۆیەک بەسەر چیاسەرکەشەکانی نیشتمانەوە؛ هەڵۆ مەهابادی

محەمەد عەلی زادە خەڵکی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لەو هەزاران شەهیدەیە، کە خاک و وڵاتی خۆیان پاراستووە. عەلی زادە ژیانی لە ژێر دەستەی داگیرکەریدا ڕەتکردەوە و بۆ پاراستنی خاکی خۆی ڕووی لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان کرد.

محەمەد عەلی‌زادە ناسراو بە هەڵۆ مەهاباد لەساڵی ١٣٦٨ (١٩٨٩) لە شاری مەهاباد چاوانی بەڕووی دونیا هەڵدێنێ. محەمەد سیستەمی داگیرکاری رژێمی ئێرانی پەسەند نەدەکرد و لە دژی ئەم رژێمە رێگەی بزوتنەوەی ئازادی دۆزییەوە بەڵام بەهۆی نەبوونی رێگە بە ساڵان چاوەڕوانی کرد. لە ئاکام‌دا لە ساڵی ١٣٨٩ (٢٠١٠) رێگەی چیا سەربەرزەکانی قەندیلی گرتە بەر و بوو بە یەکێک لە هەڵۆ بەرزەفڕەکانی چیاکانی کوردستان.

"لای هەڵۆی بەرزە فڕی بەرزە مژی، چۆن بژی خۆشە نەوەک چەندە بژی"

ئەوانەی شەیدای ئازادین، خوازیارن بە وێنەی هەڵۆیەک بەسەر هەموو چیا سەرکێشەکان‌دا لەشەقەی باڵ بدەن و هەڵبفڕن. فڕین خولیای هەموو ئەو بەچکە باڵندانەیە کە چاوەڕوانی ئەوەن باسکەکانیان پەڕ بگرێت و فێری فڕین ببن. ئازادی و فڕین چەندە لێک نێزیکن و تامیان چەندە لێک دەچێت... .ئەو هەڵۆیانەی لە چیا سەرکێشەکانی کوردستان‌دا لانەیان کردووە و بەسەر ئەو سروشتە نابەدا دەفڕن؛ تامی فڕین دەچێژن و بۆ ئەوەی تامی ئازادیش بچێژن رۆژ لە دوای رۆژ بەرزتر دەفڕن بەرەو ئاسۆی ئازادی. بۆیان گرنگ نییە کە چەندە ژیان بکەن تەنیا ئەوە نەبێت کە چۆن و لە پێناو چی دا ژیان دەکەن. وەک شاعیر دەڵێت:" لای هەڵۆی بەرزە فڕی بەرزە مژی، چۆن بژی خۆشە نەوەک چەندە بژی". ئەو هەڵۆیانە، دەیانهەوێت بە سەربەرزی و ئازادییەوە بژین بۆ ئەمە هەرگیز بەوێنەی قەل خەیانەت لە خاکەکەیان ناکەن و رێگە بە داگیرکەران نادەن کە خاکیان دەستەمۆ بکەم؛ لێرەدایە کە شاعیر دەڵێت:" بە هەڵۆیی کە لە ژین بێ بەش بی، نەک هەزار ساڵە قەلی روورەش بی."

 کوردستان بەم هەڵۆ و تەوارانەوە دەنازێ و بە هەبوونی ئەوانەوە سەربڵیندە

چیا بەرز و سەرکەشەکانی کوردستان بوو بە لانەی زۆر هەڵۆ و تەواران کە لەئاسمانیا بە ئازادی باسکیان لێدەدا و بەرەو ئازادی باڵیان دەگرت. کوردستان بەم هەڵۆ و تەوارانەیەوە دەنازێ و بە هەبوونی ئەوانەوە سەربڵیندە. ئەوان لە چیا بەرز و لوتکە بڵیندەکانەوە پارێزوانیی کوردستان دەکەن. پارێزەرانی نیشتمان رووبەڕووی هەموو زریان و رەشەهەورێک بوونەوە و هەتا دوایی دەستبەرداری پاراستنی خاکیان نەبوون. پەڕی باسکیان وەری بەڵام وازیان لە فڕین نەهێنا و پەردەی رەشی هەورەکانیان دڕی و لە زللەی زەریانی یاخی بە ساغی تێپەڕین و رۆژانە لە دژی ئەوان لە شەقەی باڵ دەدەن و بەرەو رێگەی ئازادی دەفڕن. لە شاری هەڵۆی بەرزە فڕ مانی کیاکسارـەوە لاوێک هەر چاوانی بەدوای فڕینی ئەو هەڵۆ و تەوارانە دەگێڕا و خۆزگەی ئەوەی دەخواست کە ئەویش باڵ بگڕێت و ببێتە هەڵۆیەک و بەرز بفڕێت. ئەو لاوە محەمەد عەلی‌زادە بوو. محەمەد ئیتر لە زەوی بن داگیرکاری رژێمی ئێران بێزار بووبوو بۆ ئەوە لە رێگەیەک دەگەڕا کە بەرەو ئاسمانی بڵیند باڵ بگڕێت. لەو کاتەدا کە فڕین تاوانە و باسکی هەموو باڵندەکان گرێدەدەن و لە قەفەزیان دەنێن، لە ساڵی ١٣٨٩ (٢٠١٠) محەمەد رێگەی چیاسەرکێشەکانی قەندیل و رێگەی بوون بە هەڵۆی دۆزییەوە و بەرەو قەندیل رێگەی گرتەبەر. موحەمەد بەڵێنی بەخۆی‌دا کە خاکەکەی لە بندەستی داگیرکەران دەرهێنێت و بۆ ئەوەی بەردەوام پابەندی بەڵێنەکەی بێت و هەروەها هەر بەرز بفڕێت ناوی خۆی کرد بە هەڵۆ مەهاباد.

بە تیژی باڵی هەورە رەشەکانی دەدڕی و زریانی کون دەکرد

هاوڕێ هەڵۆ هێدی، هێدی هێلانەکەی لەسەر لوتکەی قەندیل درووست کرد و هێدی، هێدی باسکەکانی پەڕیان دەگرت و فێری فڕین دەبوو. هەڵۆ گەنجەکەی کوردستان رووەو ئاسۆی ئازادی لەشەقەی باڵی دا و بەرز و بەرزتر فڕی. فڕین ئەو تامەی کە بە بەردەوامی لەبن زمانی دابوو، ئێستاکە خەریک بوو دەیچێژا. لە ئاسمانی بەرزەوە لە زەوی روانین و هەست بە جوانی و رازاوەیی نیشتمان کردن؛ جوان‌ترین هەستی لە ناخی هەڤاڵ هەڵۆدا درووست دەکرد. رێگەی ئازادی پڕ لە رەشە هەور و پڕ زریان، رێگەیەک بوو کە هەڤاڵ هەڵۆ باسکی تێدا لێدەدا و بە تیژی باڵی هەورە رەشەکانی دەدڕی و زریانی کون دەکرد. لە کاتی ئۆپراسیۆنی رژێمی داگیرکەری ئێران بۆسەر چیا سەرکێشەکانی قەندیل هاوڕێ هەڵۆش بە فڕینی تیژباڵەوە رووبەڕووی داگیرکەران بووەوە و بۆ پاراستنی هێلانە و مەڵبەندیان لەگەڵ هەڵۆیانی هاوڕێی رووبەڕووی دەستی داگیرکاری بوونەوە و دەستیانیان لە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان کورت کردنەوە.

هاوڕێ هەڵۆ دڵی خۆی بە هاوڕێیەتی پەکەکەوە دەوڵەمەند کرد

هاوڕێ هەڵۆ لە ساڵی ١٣٩٠ (٢٠١١) دا کاتێک کە باسکەکانی بەهێز تر بووبوون و بەرزتر دەفڕی بەرەو چیا یاخی و جوانەکانی زاگڕۆس باسکەکانی کردەوە. هەڤاڵ هەڵۆ بە ئایدیۆلۆژیای رێبەر ئاپۆ و بە فەلسەفەی ژیانی شەهیدانەوە زیاتر و زیاتر خۆی لەفڕین‌دا دەتواندەوە و هەر رۆژ بەڵێنی پابەندی و پارێزوانی ئەم خاکەی دووپات دەکردەوە. هاوڕێ هەڵۆ دڵی خۆی بە هاوڕێیەتی پەکەکەوە دەوڵەمەند کرد و لەو سڕی سەرکەوتنەی بزوتنەوەی ئازادی‌دا خۆی تواندەوە و هەموو گیان و دڵی ئاوێتەی ئەم هاوڕێیەتییە کرد. هاوڕێ هەڵۆ بە درێژایی ٦ساڵ بەسەر چیا یاخییەکانی زاگڕۆس‌دا هەڵفڕێ و لە دژی داگیرکەرانی کوردستان شەڕی کرد. لە بەرزاییەکانی زاگڕۆس‌دا وێڕای شەهیدی نەمر و هەڵۆی تیژباڵ شەهید رەشید سەرداردا دەفڕی. هەڤاڵ هەڵۆ کەسایەتی شەهید رەشید، شێوازی ژیان و شەڕکردنی ئەو و هاوڕێیەتی شەهید رەشیدی بۆخۆی کرد بە بنەمای ژیان و گۆڕانکاری کەسایەت. لە دوای شەش ساڵ لە ساڵی ١٣٩٦‌ (٢٠١٧)دا چووە ئاکادیمیای شەهید ئیبڕاهیم و لەوێدا بە پێشخستنی کەسایەتی خۆی و قووڵ بوونەوە لە ئایدیۆلۆژیای رێبەر ئاپۆدا باسکەکانی بەهێز تر کرد کە ئەمجارە رێگەکەی درێژتر بوو و پێویست بوو بەرزتر و درێژتر بفڕێت. هەڤاڵ هەڵۆ لە دوای ئاکادەمیا بەرەو باکووری کوردستان و ئەیالەتی بۆتان باسکەکانی کردەوە و هەڵفڕی.

لە رێگەی ئازادی‌دا هەموو کۆسپ و تەگەرەکانی وەلادەنا و بەهێزتر دەفڕی

 هاوڕێ هەڵۆ رێگەی هاوڕێی لاوێتی هاوڕێ کانی گرتەبەر و لەسەر چیاکانی بۆتان بە هێز و خۆشەویستی هاوڕێیەتییەوە پەرەی بە تێکۆشانی دەدا و بەردەوام بۆ پێکهێنانی بەڵێنێک کە بە رێکخستنی‌دا بوو بە تواناتر لە جاران لەشەقەی باڵی‌دەدا و دەفڕی. هاوڕێ هەڵۆ بە درێژایی ٤ساڵ لە سروشتی رەنگینی بۆتان‌دا گەڕا و لەبەرامبەر بە دوژمنانی داگیرکەر شەڕی کرد و بە پەرەدان بە تێکۆشانی ئازادی باسکەکانی بەهێزتر دەبوو و لە رێگەی ئازادی‌دا هەموو کۆسپ و تەگەرەکانی وەلادەنا و بەهێزتر دەفڕی. هاوڕێ هەڵۆ بە درێژایی ١١ساڵ تێکۆشانی ئازادی و بوون بە هەڵۆیەک لە رێگەی ئازادی‌دا ئەرک و بەرپرسیارتی زۆری خستە سەر شانی، بۆ بەهێز کردنی تێکۆشانی ئاپۆیی بەهەموو توانایەوە پەرەی بە تێکۆشانی دەدا و لەدژی داگیرکەرانی خاک و نیشتمان رەق و قینی زیاتر دەبوو. هاوڕێ هەڵۆ لە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٠ (١٤ی ئابی ٢٠٢١) لە هەرێمی جودی لە ئاکامی هێرشی هەوایی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەشداری کاروانی هەڵۆ نەمرەکانی کوردستان بوو. خەیاڵ و ئاواتی هەڤاڵ هەڵۆ هەر بە سەر چیا بەرزەکان‌دا لە فڕین‌دایە و بێ گومان هەڵۆ تێکۆشەرەکانی‌تری کوردستان ئەم خەیاڵەی هەڤاڵ هەڵۆ هەتا ئاسۆی ئازادی دەبن و دەبنە پێکهێنەرەی خەیالی بەسەدان هەڵۆیان.

ناو و ناسناو: محەمەد عەلی‌زادە

ناسراو بە: هەڵۆ مەهاباد

شوێن و کاتی لەدایک‌بوون: ١٣٦٨ (١٩٨٩) مەهاباد

شوێن و کاتی بەشداربوون: ١٣٨٩ (٢٠١٠) قەندیل

شوێن و کاتی شەهیدبوون: ١٤٠٠ (٢٠٢١) هەرێمی جودی

ژ.ت