کادرێکی پێشکەوتووی یەنەکە: پەدەکە و میت سیناریۆ دروست دەکەن

کادری پێشکەوتووی یەنەکە، بورهان عەبدولڕەحمان ئاماژە بەوە دەکات پەدەکە دەزانێت ئاگرەکانی هەولێر دەستی تورکیای لەپشتە، هەروەها دەڵێت: " پارتی لەگەڵ میتی تورکی سینارۆ دروست دەکەن".

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، سێ کەس بە تۆمەتی سوتاندنی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون و پەکەکەیان تۆمەتبارکرد، هەروەها باسیان لەوە کرد دوو کەسیان سەر بە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمن و لەلایەن پەکەکەوە ڕاسپێردراون. لە بەرامبەردا دوێنێ کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە لە ڕاگەیاندراوێکی نووسراودا ئەم تۆمەتانەی بەدرۆخستەوە. هەر دوێنێ، وتەبێژی یەنەکە، سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی تۆمەتەکانی دایەوە و گوتی: " ئەمجۆرە تۆمەتە قێزەونانە بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە، چونکە پارتى لە هەلبژاردن دەترسێت".

لای خۆیەوە کادری پێشکەوتووی یەنەکە، بورهان عەبدولڕەحمان قسەی بۆ (کۆباس) کرد و لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد پەدەکە ڕەوشی خراپە و لە هەڵبژاردن دەترسێت بۆیە پەنا بۆ هەموو شتێک دەبات، گوتی: "پارتی سوور دەزانێت ئاگرەکانی هەولێر دەستی تورکیای لە پشتەوەیە ئەوەش لەپێناو مانەوە و گرنگیدان بە بەرهەمە تورکییەکان لە بازاڕەکان و زیاتر بوونی مامەڵەی بازرگانی، بەڵام پارتی ئەمە دەشارێتەوە و لەگەڵ میتی تورکی سینارۆ دروست دەکەن".

کادرەکەی یەنەکە ئاماژە بە کۆبوونەوەکانی تورکیا و عێراق و سوریا دەکات دژی پەکەکە، دووپاتی دەکاتەوە پەدەکە بەم سیناریۆیانە دەیەوێت لەشکرکێشی پەدەکە بۆ سەر خاکی هەرێم لەبیری خەڵک بباتەوە.