کاکەییەکانی ناوچە جیناکۆکەکان رەشبینن لە داهاتووی خۆیان
کاکەییەکانی کەرکوک حکومەتی عێراق بە کەمتەرخەم دەبینن و دەلێن:"حکومەتی عێراق نەیتوانیوە ژیانی کاکەییەکانی باشوری کەرکوک بپارێزێت."
کاکەییەکانی کەرکوک حکومەتی عێراق بە کەمتەرخەم دەبینن و دەلێن:"حکومەتی عێراق نەیتوانیوە ژیانی کاکەییەکانی باشوری کەرکوک بپارێزێت."
کوردانی کاکەیی لە لایەک قوربانی بۆ ئایین و لە لایەکی دیکەوە قوربانی نەتەوەبوونیان دەدەن، لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کە هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان کشانەوە هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی ئاسایشی ناوچە کاکەییەکانیان گرتە دەست، بەڵام تا ئیستا هیزە عێراقییەکان نەیانتوانیوە هاوولاتیانی ئەو ناوچەیە بپارێزن و چالاکی پاشماوەکانی داعش بەردەوام لە فراوان بووندان، داعش کەوتووەتە گیانی کوردانی کاکەیی، ھەر لە کوشتن و ڕفاندنیانەوە تا دەگاتە داگیرکردنی گوندەکانیان.
کوردانی کاکەیی لە سنووری قەزای داقوقی سەر بە پارێزگای کەرکوک خاوەنی ١٥ گوند بوون، بەڵام ئێستا تەنیا ژیان لە چوار گوندیاندا ھەیە و مەترسی چۆڵبوونی دوو گوندی دیکەش دەکرێت بە ھۆی زیادبوونی جموجۆڵی گروپە تیرۆرستیەکان، لەگەل زیادبوونی هەرەشە و هێرشی پاشماوەکانی داعش لەناوچەکانی باشوری کەرکوک، کۆچکردنی کاکەییەکان بەردەوامە و چاودێرانی سیاسی و چالاکوانی کاکەیی ئەمە وەکو مەترسیک دەبینن کە دەبێتە هۆی گۆرینی دیموگرافیای باشوری کەرکوک.
کاکەییەکان کراونەتە ئامانجی گروپە تیرۆرستیەکان
سامان ئیبراهیم هەیاس هاووڵاتیەکی کاکەیی دانیشتووی قەزای داقوقە لە باشوری کەرکوک سەبارەت بە بارودۆخی ناوچە کاکەییەکان باشوری کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەر کرد و وتی: "بارودۆخی گشتی عێراق لەلایەنی ئاسایشەوە ناسەقامگیرە بەتایبەتی بۆ کەمینەکان کەرکوک لە ئیستادا بۆ کاکەییەکان باردۆخەکە زۆر خراپە و کاکەییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کراونەتە ئامانجی گروپە تیرۆرستیەکان، زۆر جار پەنا دەبینە بەر حکومەتی عێراق تاکو کاکەییەکان بپارێزێت بەڵام حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی جدی نەناوە بۆ پاراستنی کاکەییەکان وەکو پێویست."
گورینی دیموگرافیای ئەو ناوچانەیە کە کاکەییەکانی تێدا دەژێن
هەروەها سامان ئیبراهیم هەیاس سەبارەت بە ئامانج لە هێرش کردنە سەر کاکەییەکانی باشوری کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "ئامانج لە هێرشەکانی سەر ناوچەی کاکەییەکان چۆلکردنی ئەو ناوچەیە و گورینی دیموگرافیای ئەو ناوچانەیە کە کاکەییەکانی تێدا دەژێن، هەر چەند هەوڵمانداوە بەرگری لە ناوچەکانمان بکەین بەڵام بۆشاییەکی ئەمنی زۆر هەیە لە ناوچەی کاکییەکانی باشوری کوردستان و بە شێوەیەکی پلان بۆ دارێژراو هەوڵی چۆلکردنی ناوچەی کاکەییەکان دەردرێت."
هێزە عێراقییەکان توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نیە
لە کۆتایدا سامان ئیبراهیم هەیاس سەبارەت بەتوانای هێزە عێراقییەکان بۆ پاراستنی ناوچەکانیان وتی: "هێزە عێراقییەکان توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نیە چونکە بۆشاییەکی ئەمنی زۆری تێدا و ئێمەش وەکو کاکەییەکانی کەرکوک داوا لە حکومەت دەکەین بە ئەرکی سەر شانی خۆی هەڵسێن و کاکەییەکان بپارێزێت."
واتای سرینەوەی کاکەییەکانە لەم ناوچەیە
ڕەجەب کاکەیی چالاکوانێکی کاکەییە لە کەرکوک سەبارەت بەو هێڕشانەی دەکریتە سەر ناوچە کاکەیی نشینەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "بەداخەوە لەماوەی ڕابردوو چەندین جار هێرش کرایە سەر ناوچەی کاکەییەکان لە باشوری کەرکوک و هەروەها گۆری کاکەییەکانیان شکاند و شێواند کە ئەمەش واتای خۆی هەیە کە واتای سرینەوە کاکەییەکانە لەم ناوچەیە ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی کاکەییەکان لەم ناوچەیە، لەچەند گوندێکی باشوری کەرکوک کە کاکەیی نشینن جموجۆلی داعش بینراوە و بەردەوام هەڕەشە هەیە لەسەر کاکەییەکان."
کاکەییەکان رەشبینن لە داهاتووی خۆیان
هەروەها ڕەجەب کاکەیی وتیشی: "ئەم هێرشانە تەنها دژی کاکەییەکانی کەرکوک ئەنجام نادرێت بەلکو لەماوەی ڕابردوو بینیمان لە گوندی مێخاسی سەر بە قەزای خانەقین دوو جوتیاری کوردی کاکەیی رفێندران و تیرۆر کران، ئەم کردەوە تیرۆرستیانە دژ بە کاکەییەکان خەلکی کاکەیی نیگەران کردووە و ئێمەی کاکەییەکان بە ڕەشبینیەوە ئایندەی خۆمان دەبینن لەم ووڵاتە."
حکومەتی کوردی بێ هەڵوێستە بەرامبەر ئەو هێرشانە
سەبارەت بە مڵملانی نیوان حکومەتی هەرێمی کوردستان وحکومەتی عێراق و کاریگەری نەرێنی لەسەر دانیشتوانی ناوچە کێشە لەسەرەکان، ڕەجەب کاکەیی وتی: " مڵملانیە سیاسیەکانی نێوان هەوڵیر و بەغدا وای کردووە خەلکی لەبیر بکەن و تەنها بیر لە چۆنیەتی قۆرخکردنی سیاسی دەکەنەوە، وە ژیانی خەلک لایان بێ بایەخ و فەراهەم بێت، حکومەتی کوردی بێ هەڵوێستە بەرامبەر ئەو هێرشانە ئەمەش وادەکات خەلکی بیر لە ئارامی ئاسایشی خۆی بکاتەوە کە لەوانەیە کاکەییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان ناوچەکانیان جۆل بکەن کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی رێژەی کورد لەم ناوچانە کە ئەمەش مەترسیە بۆ سەر داهاتووی کورد."
حکومەتی عێراق بەبێ بایەخ تەمەشای ناوچەکان دەکات
سەبارەت بە رۆڵی هیزە عێراقیەکان لە پاراستنی ماڵ و ژیانی کاکەییەکانی باشوری کەرکوک، ڕەجەب کاکەیی ڕاگەیاند: " رۆڵی هێزە عێراقییەکان وەکو پێویست نیە لە پاراستنی ئەو ناوچانە و سیاسەتی هێزە عێراقیەکان ناروونە پێشتر هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی پانتای ئەو ناوچانەیان دەپاراست بەڵام حکومەتی عێراق تەنها رێگاکانی هاتووچۆ دەپارێزێت و بەبێ بایەخ تەمەشای ناوچەکانی دیکە دەکات.''
مەترسی بۆ سەر داهاتووی کورد هەیە
لەکۆتایدا ڕەجەب کاکەیی وتی: " مەترسی بۆ سەر داهاتووی کورد هەیە لەو ناوچەیە، جاران رژێمی بەعس بەشیوەیەکی سیستماتیک پرۆسەی ڕاگواستنی ئەنجامدەدا، بەڵام حکومەتی ئێستا بە دروستبوونی نائارامی وا دەکات کاکەییەکان ناوچەکە جێبهێلن و سونەکانی عێراق دەنێرن بۆ ناوچە کوردییەکان تا جوگرافیای شیعە فراون بێت لە عێراقدا."
کاکەییەکان بەردەوام لە ژێر هەرشە و گوشاردابوونە
هەژار کاکەیی چاودێریکی سیاسیە سەبارەت بەهۆکاری زیادبوونی هێرشە تیرۆرستیەکان بۆ سەر ناوچە کاکەییەکان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " ناوچە کاکەییەکان دەکەوێتە هێڵی جیاکەرەوەی ناوچەکانی کورد و عەرەب لە ناوچە جیناکۆکەکان، بە درێژایی میژوو کاکەییەکان بەردەوام لە ژێر هەرشە و گوشاردابوونە لە ناوچەکانی خۆیان، بەتایبەتی لە داوی ساڵی ٢٠٠٣یەوە کە گروپە تیرۆرستیەکان لە عێراق سەریان هەڵداوە و بەتایبەتریش لە داوی هاتنی داعش نشتەجێبوانی ئەو ناوچانە توانیان بەرگری لە خۆیان بکەن بەڵام دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ئەو ناوچانە کەوتە ژێر دەستی هێزە عێراقیەکان."
هێرشەکانی داعش رۆژبەرۆژ لە فراوانبووندان
سەبارەت بەهۆکاری کۆچکردنی کاکەییەکانی باشوری کەرکوک ، هەژار کاکەیی چاودێری سیاسی بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "دوو هۆکار هەیە کە وای کردووە کاکەییەکان ناوچەکانیان چۆل بکەن هۆکارێک ئەوەیە کە ئاسایشی ئەو ناوچەیە سەقامگیر و پارێزراو نیە، لە ناوچەکانی سنوری خانەقین تا دەگاتە باشوری کەرکوک کە ناوچەی کاکەیی نشینن بەردەوام هەرەشە و هێرشی پاشماوەکانی تیرۆرستیەکانی داعش هەیە و هێرشەکانی داعش رۆژبەرۆژ لە فراوان بووندایە کە ئەمەش ژیانی دانیشتوانی کاکەیی ئەو ناوچەیەی خستۆتە ژیر مەترسیەوە و هێزە عێراقییەکانیش توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نیە."
هێزە عێراقییەکان بەربەست لەرێگەی کاکەییەکان دادەنێن
هەروەها هەژار کاکەیی وتی: "لە کاتێکدا ناوچە کاکەییەکانی باشوری کەرکوک نەکەوتە ژێر دەستی داعشەوە بەلام هێزە عێراقییەکان ئەو ناوچەیەیان بەسەربازگە کردووە، ئەمەش وای کردووە خەلکی ئەو ناوچەیە نەتوانن بە ئاسانی هاتووچۆ بکەن کە پێشتر خۆیان بەرگریان لەخۆیان دەکرد کەچی ئیستا هێزە عێراقییەکان بەربەست لەرێگەیان دادەنێن ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە کە وادەکات کاکەییەکان ناوچەکانیان بەجێبهێلن."
لە داهاتوودا مەترسیەکی گەورە دروست دەکات
لە کۆتایدا هەژار کاکەیی ڕاگەیاند: "کۆچکردنی کاکەییەکان لەو ناوچانە لە داهاتوودا مەترسیەکی گەورە دروست دەکات، چونکە زەویەکی زۆری دەوروبەری گوندی کاکەییەکان عەرەبەکان کریویانە بەڵام بەهۆی کاکەییەکان نەیانتوانیوە بێنە ئەو ناوچەیە بۆیە لەماوەی داهاتوودا ڕەنگە کاکەییەکان بگەرێنەوە سەر ناوچەکانی خۆیان کە ئەمەش مەترسیە چونکە کاکەییەکان پشتێنەیەکی ئەمنیان لە دەوروبەری ناوچە جێناکۆکەکان دروست کردبوو کە پاراستنیان لەو ناوچانە دەکرد."
ز.ش