کۆڵبەرێکی خاوەن پێداویستی تایبەت کوژرا
لە سنووری زەلێی بانە کۆڵبەرێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژرا.
لە سنووری زەلێی بانە کۆڵبەرێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژرا.
بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رۆژی چوارشەممە هێزەکانی پاسەوانی سنووری دەوڵەتی ئێران لە ناوچەی سنووری زەلێی بانە لە مەودایەکی نزیکەوە راستەوخۆ تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی میرزا ئەحمەدی کوژراوە.
میرزا ئەحمەدی تەمەن ٤٣ ساڵ، خەڵکی گوندی هەنجێنەی بانە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو.
ئەو کۆڵبەرە کە نابیست و خاوەن پێداویستی تایبەت بوو، بۆ دابینکردنی بژێوی خۆی و بنەماڵەکەی ناچاربوو، روو لە کاری کۆڵبەری بکات.
رۆژی سێشەممەش کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی شۆڕش خەرگوشی خەڵکی شاری سەڵماسی سەر بە پاڕێزگای ورمێ، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری بانە بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژرا.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لانیکەم دوو حاڵەتی کوژران و ١٠ حاڵەتی برینداربوونی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراون.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ ساڵی رابردووش زیاتر لە ٣٠ کۆڵبەر کوژرابوون و نزیکەی ٢٧٠ کۆڵبەری دیکەش بریندارببوون، کە زۆرینەیان لە دوو ناوچەی سنووری بانەی سەر بە پارێزگای سنە و نەوسودی سەر بە کرماشان کرابوونە ئامانج.
هـ . ب