کچە هونەرمەندی کەرکوک: "لە ڕێگەی هونەرەوە چیرۆکێک پەیامی خۆمان دەگەیەنین".

کچە وێنەکێشێک دەڵێت: "یەکەم جار قەڵەمم گرتەدەست وێنەی کچێکم کێشا، هونەرم هەڵبژارد تا بتوانن هەستی ناخی خۆم دەربڕم لە ڕێگەی هونەرەوە".

بەگشتی لە کۆمەڵگای عێراقیدا بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگا عەقلیەتی پیاوسالاری تیادا زاڵە، بەردەوام ڕێگری هەبووە لەبەردەم کچانی خاوەن توانا و بەهرە لە تەواوی کایەکانی ژیاندا، کۆمەڵگا هەمیشە بەناوی پابەندبوون بە نەرێتی کۆمەڵایەتییەوە ڕێگربووە لە دەرکەوتنی کچانی خاوەن توانا و بەهرەی هونەری و بەهرەکانی دیکە و پشتگیری تواناکانیان نەکراوە.

کچانی هونەرمەندی وێنەکێش و شیوەکاری نەتەوە جیاوازەکانی شاری کەرکوک، سەبارەت بە بەهرەی کچانی هونەرمەند و هەڵبژاردنی ئەو بوارە، گرنگی هونەر، ئاستەنگی و داواکارییەکانیان بۆ پێشخستنی تواناکانی کچان و چەندین پرسی دیکە لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بۆچوونیان دەربڕی.

https://1649452211.rsc.cdn77.org/vod/2022-08-28-kerkuk-meryem-celil-hadi_sarah-sadun_sara-safa_huner_1.mp4

لەڕێگەی وێنەکانمەوە چیرۆکی ڕووداوەکان دەگێڕمەوە

مەریەم جەلیل هادی کچە وێنەکێش و شێوەکارێکی شاری کەرکوک، سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی هونەری و ئامانجی لە کێشانی وێنە و نمایش کردنی تابلۆکانی، ڕایگەیاند: "کاتێک کە منداڵبووم هونەرم هەلبژارد چونکە شێوەیەکی دەربڕینی ئاشتیانەیە ، واز لە قسە و کردەوە دێنم, بەڵام لە وێنەکانمەوە چیرۆکێک دەگێڕمەوە، لە عێراقە زۆر ڕووداوی ڕاستەقینە ڕودەدەن کە ئازار بەخش و نەرێنین یان ئەرێنین، ئێمەش لەبری باسکردنی ڕووداوەکان بەبێ ئەوەی کەس گوێمان لێ بگرێت و بەبێ هیلاکبوون لە ڕوونکردنەوە هەوڵدەدەین لەڕێگەی تابلۆ و وێنەکانەوە و چیرۆکەکان بۆ تەمەنە جیاوازەکان دەگێڕینەوە".

لەڕێگەی تابلۆکانمەوە کۆمەڵگا هۆشیار دەکەمەوە

هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا مەریەم جەلیل وتی: "من هەمیشە لە تابلۆکانمدا هەوڵمداوە چیرۆکێک بڵاوبکەمەوە کە کۆمەڵگا رۆشنبیر و هۆشیار بکاتەوە لەتەواوی بوارەکاندا، هەروەها لە کاری شیوەکاریدا هەوڵماداوە بەردەوام دووربکەومەوە لە کاری نەرێنی کە ببێتە هۆی ئازاردانی بەرامبەرەکەم".

ئێمە چیرۆکی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا وەردەگێڕین

سەبارەت بە گرنگینەدان بە هاوکاریکردنی کچانی شیوەکار و خاون بەهرەی هونەری لە کۆمەڵگای عێراقیدا، ئەو کچە شێوەکارە ئاشکرای کرد: "نەبوونی پالپشتی پسپۆری لایەنی پەیوەندیدار ئاستەنگی دروستکردووە لەبەردەممان وەکو کچانی شێوەکار، ڕێکخراوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ تیشکێک ناخەنەسەر کچانی هونەرمەند چونکە پیانوانیە کە بتوانین چیرۆک بگوازینەوە، لەکاتێکدا ڕێگەی هونەری شیوەکاری باشترین ڕێگەیە بۆ گواستنەوەی چیرۆکە راستەقینەکان، هیوادارم زیاتر گرنگیمان پێبدەن، چونکە ئێمە چیرۆکی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا وەردەگێڕین".

بەپاساوی نەرێتی کۆمەڵایەتی، ڕێگری لە ڕادەربڕینی کچانی کراوە لە گەیاندنی پەیامەکانیان

لە کۆتایدا سەبارەت بە پاڵپشتی کۆمەڵگا لەکچانی بەهرەدار، کچە شیوەکار مەریەم جەلیل ئاشکرای کرد: " تەنانەت لە ٪٢٠یش پاڵپشتی کچانی هونەرمەند و خاوەن بەهرە نەکراوە لەم کۆمەڵگایەدا، بەپاساوی کلتور و نەرێتی کۆمەڵایەتی ڕێگری لە ئازادی ڕادەربڕینی کچان کراوە لە گەیاندنی پەیامەکانیان، لە کۆتایداعەقڵیەتی کۆمەڵگا پێی وایە، کچان بەهێزنین و ناتوانین چیرۆکەکان بەجوانی لە ڕیگەی هونەرەکانیانەوە بیگەیەنن، بەڵام لە ڕاستیدا کچان زۆر بەهێزن، بەتوانان، رۆشنبیرن و هۆشیاریشن، بەڵام پێویستە گرنگی زیاتر بخرێتەسەر کچانی هونەرمەند و خاوەن بەهرە لەپێناو زیادبوونی هۆشیاری و رۆشنبیری تاکەکانی کۆمەلگا، تا عەقڵیەتی ئیستای کۆمەڵگا بگۆڕدرێت و بڕوای زیاتریان هەبێت بە تواناکانی کچان".

یەکەم جار قەڵەمم گرتەدەست وێنەی کچێکم کێشا

سارا سەعدون وەکو کچە هونەرمەند و شیوەکارێکی بواری وێنەکێشان باسی خولیای خۆی لەهونەر و سەرەتای دەستپێکی کرد و وتی: "کاتێک کە منداڵ بووم حەزم لە وێنەکێشان بوو. یەکەم جار قەڵەمم گرتەدەست وێنەی کچێکم کێشا، هونەرم هەڵبژارد تا بتوانن هەستی ناخی خۆم دەڕبڕم لە ڕێگەی هونەرەوە، زۆرجار کە مرۆڤ تووشی هەندێک دۆخ دەبێت بۆ نموونە وەکو خەمۆکی کە ناتوانێت بە قسە دەریببڕێ، بۆیە من خەمۆکی و هەستی خۆم لەڕێگەی قەڵەم و ڕەنگی جیاوازەوە لە وێنەکانمەوە دەردەبڕم".

بەهیچ شێوازێک پاڵپشتی ژنان ناکرێت

هەروەها سارا سەعدون دەشڵێت: "بەداخەوە لەکۆمەڵگای ئێمەدا بەهیچ شێوازێک پاڵپشتی ژنان ناکرێت، ئاستەنگی لەپێش کچان هەیە، لەکۆمەڵگا کە ڕێگە نادەن توانا و هەستەکانیان دەرببڕن و هەروەها فشاری زۆریش هەیە بۆیە لەڕێگەی تابلۆکانمانەوە هەستی خۆمان دەڕدەبڕێن".

هیوادارم ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا زیاتر بێت

لە کۆتایدا سارا سەعدون لەڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فوراتەوە داواکارییەکی ئاڕاستەی کۆمەڵگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و ئەوەی خستەڕوو: "داواکارم و هیواداریشم ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری لەنیو کۆمەڵگادا زیاتر بێت، لەپێناو پاڵپشتی کردنی زیاتری کچان، هەروەها هیوادارین تیشکی زیاتر بخرێتەسەر توانا و بەهرەکانی کچان".

پەرەم بە بەهرە و تواناکانم دا

سارا سەفا کە کچە هونەرمەندی شاری کەرکوک، بەم شیوەیە باسی لەهونەر کرد: "هونەر شتێک نیە هەرکەس بتوانێت کار لەو بوارەدا بکات، بەڵکو سەرەتا دەبێت ئەو بەهرەیە لەکەسەکەدا هەبێت، من کاتێک ئەو بەهرەیەم لەم خۆمدا بەدی کرد، سەرەتا لە کاری دەستیەوە دەستم پێکرد، پاشان لەبواری شیوەکاری و وێنەکێشاندا پەرەم بەتواناکانمدا تا توانیم خۆم پێشبخەم".

نەوەی رابردوو زیاتر گرنگی بە هونەر دەدەن

پاشان باسی لە گرنگیدانی هاوولاتیان کرد بە هونەری و ڕایگەیاند: "بەبڕوای من لەڕابردوودا زیاتر گرنگی بەهونەر دراوە، ئەوەی سەرنجم داوە نەوەی رابردوو پێشووتر زیاتر گرنگیان بەهونەر داوە، بەراورد بە نەوەکانی ئیستا، تا ئیستاش تێبینی دەکەم کە کەسانی بەتەمەن لە پێشەنگاکان زیاتر قوول دەبنەوە لە وێنەکان و سەرنجیان هەیە و لەمانای وێنەکان دەپرسن، بەڵام گەنجان تەنها دێن بۆ وێنە گرتن لەپێناو بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان".

ڕەنگدانەوەی هەست و ئازارەکانیەتی

هەروەها سارا سەفا باسی لەمانای هونەر کرد و رایگەیاند: "وێنەکێشان ڕەنگدانەوەی هەستی هونەرمەندەکەیە لە تابلۆکانیدا، هونەرمەند لە ڕێگەی کارەکانیەوە هەوڵ دەدات کە ئەو ئازارانەی چەشتویەتی دەریببڕێت و بیگوازێتەوە".

خێزان پاڵپشتبن ڕەخنە رووخێنەرەکان هیچ بەهایەکیان نابێت

هەروەها سارا باسی گرنگی پاڵپشتی خێزانی بۆ کچان کرد و ئەو کچە هونەرمەندە ئاشکرای کرد: "لە کۆمەڵگادا ئاستەنگی هەیە، بەڵام خۆشبەختانە بەلایەنی خۆمەوە بنەماڵەکەم پاڵپشتیم دەکەن لە کارە هونەرییەکانمدا، کاتێک خێزان پاڵپشتبن ڕەخنە رووخێنەرەکانی کۆمەڵگا هیچ بەهایەکیان نابێت، ئەتوانین رەخنە ڕووخینەرەکان بکەینە پەیژەیەک بۆ سەرکەوتنی زیاتر لەپێناو دەرخستنی بەهرە هونەرییەکانمان".

ئەمەش نەوەیەک دروست دەکات کە هونەر بەلایەنەوە گرنگ نەبێت

لە کۆتایدا دەربارەی گرنگیدان بە هونەر لە کۆمەڵگا بەگشتی، ناوبراو ڕایگەیاند: "نزیکبوونەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا لە هونەر و گرنگی دان بە هونەر لاوازە، لەئیستادا زۆر گرنگی بەهونەر نادرێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە لە سیستەمی پەروەردە و خوێندن وانەی هونەر پەراوێز دەخرێت، ئەمەش ئەو پەیامەی گەیاندووە بە منداڵان کە بابەتی هونەر گرنگ نیە. ئەمەش نەوەیەک دروست دەکات کە هونەر بەلایەنەوە گرنگ نەبێت، منداڵ کاتێک لەڕێگەی هونەر و وێنەوە هەستەکانی دەردەبڕێت ئەوە دەتوانین بەهانایەوە بچین بۆ تێگەیشتن لە کێشەکانیان، داواکارم لەلایەنی حکومەت کە گرنگی بە وانەی هونەر بدەن لەسیستەمی پەروەردەدا، لە تەواوی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا گرنگی بەهونەر دەدرێت، بەڵام لە ولاتی ئێمەدا گرنگی هونەر نازانرێت و پشت گوێ خراوە".

ف.ق