"خەڵکی کەرکوک شەش ساڵی پر لە ستەم و جیاکاری بەڕێکرد"

تارق کارێزی، نووسەر و چاودێر دەڵێت: "زیاتر لە سەد ساڵە دەوڵەتی عێراق بە ڕژێمی ئیستاشەوە نکۆڵی لە ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک دەکات و مافی کورد پێشێڵدەکات".

 پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک هەڵبژێردرا، تا دوێنێ ١٨-١٢-٢٠٢٣ هەڵبژاردنی ئەنجوومەن لەم شارەدا نەکرابوو، پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و سەپاندنی هێزی سەربازی بەسەر کەرکوک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، پارێزگاری عەرەبی بەسەر کەرکوکدا سەپێندرا کە دەستی هەبوو لە دووبارە بەعەرەب کردنەوەی شارەکە و داگیرکردنی زەوییەکانی کورد و چەندین پێشەڵکاری دیکە بەرامبەر کورد و پێکهاتە ناعەرەبەکان لە کەرکوک.

 دوێنێ دووشەممە ١٨/١٢/٢٠٢٣، ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کرانەوە و خەڵکی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان بە پۆشینی جلی ڕەنگاو ڕەنگی ڕەسەنی کوردی بەرەوە بنکەکانی دەنگدان چوون و جۆش و خرۆشێکی زۆر لە نێوان هاووڵاتیانی کوردا هەبوو بۆ ئەم هەڵبژاردنە تا لەڕێگەیەوە بتوانن پارێزگاری سەپێندراوی شارەکە بگۆڕن، هەرچەندە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ڕانەگەیندراوە، بەڵام تەواوی ئامارەکان دەریدەخات کە کورد سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا لەم هەڵبژاردنە و پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دادەنرێتەوە.

تارق کارێزی چاودێر، رۆژنامەنووس، نووسەر و کەسایەتی دیاری رۆشنبیری شاری کەرکوک، لە چاوپێکەوتنی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) سەبارەت بە دۆخی کوردانی کەرکوک، گۆڕانکارییەکان و کاریگەری هەڵبژاردن لەسەر شارەکە و چەند پرسێکی دیکە دوا.

 'خاڵی وەرچەرخانە لە ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک'

 سەبارەت بە بەردەوام سەلماندنەوەی کوردستانی بوونی کەرکوک لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، تارق کارێزی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ڕاگەیاند: "هەڵبژاردن لە کەرکوک جیاوازێکی زۆری هەیە بەراورد بە شارەکانی دیکەی کوردستان، چونکە حکومەتی عێراق بەدرێژایی ١٠٢ ساڵ نکۆڵی لە ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک کردووە، ئەمرۆ خۆشبەختانە دەرفەتی هەڵبژاردن هاتۆتە پێشەوە کە بەشێکە لە پرۆسەی بەدیموکراتیزەکردنی عێراق، ئامادەبوونی هاووڵاتیانی کەرکوک لەسەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگدانیان بە بەڵێ بۆ کاندیدانی کوردستانی ئەمە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان و دۆکیومەنتێکی تازە پشتیوانی لە ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک دەکرێت".

 'سیستەمی سەربازی بەسەر ئەم شارەی کوردستاندا سەپێندراوە'

 دەربارەی دۆخی کەرکوکییەکان پاش شەش ساڵ لە سەپاندنی دۆخی سەربازی بەسەر شارەکە، تارق کارێزی ئاشکرای کرد: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ماوەی شەش ساڵە لە کەرکوک دەسەڵاتێک خۆی سەپاندووە، ئەو دەسەڵاتە سیاسەتی جیاکاری لەدژی کورد پیادەکردووە، وە لە زۆر بواردا هاووڵاتیانی کوردی بێ بەش کردووە لە مافی خۆیان وەکو هاووڵاتی ڕەفتاری لەگەڵ کورد نەکردووە، ئەو گەڕەکانەی زۆرینە کوردنشینن فەرمۆش کراون لەلایەن ئەو پارێزگارە سەپێنەرە بەپێچەوانەشەوە ئەو شوێنانەی کە زۆرینەی کورد نین بایەخیان پێدراوە و بوژاونەتەوە، دەسەڵاتێکی نادادپەروەر ئەم شارەی بەڕیوەبردووە جگە لەوەی سیستەمێکی سەربازی بەسەر ئەم شارەی کوردستاندا سەپێندراوە".

 'پێشەڵکرییەکان دژی کورد بەردەوامن'

 هەروەها ناوبراو باسی لە پێشەڵکارییەکانی دەوڵەتی عێراقی کرد بەرامبەر کورد بە درێژایی مێژووی دامەزراندنی عێراق و ووتی: "لەئیستا و بەدرێژایی مێژوودا هەمیشە زۆربەی دانیشتوانی کەرکوک کورد بوونە و شارەکەش بەشێکە لە کوردستان، پەیامی ئێمەی کورد ئەوەیە کە لەگەڵ پێکەوەژیان و پێشکەوتن و دیموکراسی و دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتیداین، بەڵام بەدرێژایی ١٠٢ ساڵی ڕابردوو دەوڵەتی عێراق هەمیشە مافی کوردی پێشەڵکردووە بەڕژێمی ئیستاشەوە پێشەڵکرییەکان دژی کورد بەردەوامن".

 ەرکوکییەکان خۆیان پارێزگاکەی خۆیان بەڕێوەبەرن'

 ناوبراو تیشکی خستەسەر گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردن لەم قۆناغەی ئیستادا بۆ گەلی کورد لە باشوری کوردستان بەگشتی و کەرکوک بەتایبەتی و ئاماژەی بەوەکرد: "لەئیستادا خەباتێکی مەدەنی هاتۆتە پێشەوە کە لەڕیگەی ئەو خەباتە مەدەنییەوە تۆ کاردەکەیت بۆ سەلماندنی مافەکانی خۆت، بەدەستهێنانی زۆربەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕێگە بۆ ئەوە خۆش دەکات کە ئەو هاوکێشە چەوتەی کە دژی بەرژەوەندی خەڵکی شاری کەرکوک تائیستا لەکاردابوو ئاوەژووی بکەینەوە و ڕاستی بکەینەوە بەشێوەیەک کە کەرکوکییەکان خۆیان پارێزگاکەی خۆیان بەڕێوەبەرن خەڵکی دڵسۆز و بەئەمەک و بەویژادان بتوانن پۆستەکانی کەرکوک بەڕێوەبەرن".

 ەڵکی کەرکوک شەش ساڵی زۆر گرانی پر لە ستەم و جیاکاری بەڕێکرد'

 دەربارەی دۆخی کوردانی کەرکوک لەسایەی سەپاندنی پارێزگارێکی عەرەب بەسەر شارەکە، ئەو چاودێرە ئاشکرای کرد: "ئێمە ئومێدمان زۆرە بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی  پارێزگای کەرکوک بەدڵیناییەوە کوردی شاری کەرکوک بەدڵگرمییەکی زۆرەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان چوون چونکە خەڵکی شارەکە شەش ساڵی زۆر گرانی پر لە ستەم و جیاکاریمان بەڕێکرد کە شارەکە پاشەکشەی کرد کاتێک لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ساڵی ٢٠١٧ پارێزگاری کەرکوک لە کەسێکی کوردەوە گۆڕا بۆ کەسێکی نا کورد شارەکە بەرەو دواوە گەڕایەوە لە زۆر بواردا لەوانەش لەلایەنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و هەموو بوارەکانی دیکە، بۆیە داوا لە خەڵکی کەرکوک دەکەین دەنگ بە کاندیدانی کورد و کوردستانی بدەن بۆ ئەوەی شاری کەرکوکیش وەکو شارەکانی دیکە کوردستان ڕوو لە بوژاندنەوە و ئارامی و پێکەوەژیان بن".

 ەم شارە هەمیشە کوردستانی بووە و بە کوردستانی دەمێنێتەوە'

 لە کۆتایدا سەبارەت بە گرنگی هەڵبژاردن بۆ گەلی کورد لەم شارە، تاریق کارێزی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند: "پرۆسەی دەنگدان بۆ گەلی کورد کەرنەڤاڵی خۆشی و شادییە چونکە کەرنەڤاڵی دەنگدانە بە ناسنامەی کورد، داوا لە تەواوی کوردانی کەرکوک دەکەم کە هەرکاتێک بەشداری پرۆسەی دەنگدان دەکەن جلی ڕازاوەی کوردی بپۆشن و ئاڵای کوردستان هەڵبگرن و بیسەلمێنن کە ئەم شارە هەمیشە کوردستانی بووە و هەمیشە بە کوردستانی دەمینێتەوە".

هـ . ب