خەڵکی وان دەیانەوێت زیاتر لە خولی یەکەم دەنگ بدەن

خەڵکی وان خۆیان بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئامادە دەکەن و دەیانەوێت دەنگەکانی کەمال کیلچدارۆئۆغڵو لە خولی یەکەم زیاتر بکەن.

پارتی چەپی سەوز و هەدەپە  لە وان بە بەردەوامی کار بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکەن. خەڵکی وان لە خولی یەکەمدا لە سەدا ٦٦ دەنگیان بە کەمال کیلچدارۆئۆغلو دابوو. خەڵکی وان خۆیان ئامادە دەکەن ئەمجارە بە ڕێژەی سەدا ٨٠ دەنگ بە کلیچدارۆئۆغلو بدەن.

فاتیح شاهین ئەندامی ئەنجومەنی پارتی چەپی سەوز بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، بۆ خاوەنداریکردن لە دەنگەکانمان لە ١٤ی ئایاردا و بۆ ئاشتی، دادپەروەری، یەکسانی و ئازادی دەنگ دەدەین. شاهین ڕاشیگەیاند، تێکۆشانیان ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە سەرکوتکەر و زۆردارە بەردەوام دەبێت و وتیشی، "ئێمە دەرفەتێکی گەورەمان لە بەردەستدایە بۆ ڕووخاندنی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە سەرکوتکەر و زۆردارە. ئێمە ئەم دەرفەتە مێژووییە لە دەست نادەین."

 حەسەن کۆچاک-یش وتی: "بڕیار و دەنگی گەل زۆر گرنگە. گەلی کورد تێکۆشانێکی دیموکراتی دەکات. پێویستە لە چوارچێوەی ئەم تێکۆشانەدا دەنگ بدەین. هەموو دەنگێک زۆر بەنرخە، نابێت ئەمە لەبیر بکەین."

'دەبێت وەڵامی ئەم دەسەڵاتە بدرێتەوە'

سینان ئۆک چالاکوان ڕایگەیاند، ۲۸ی ئایار دەرفەتێکی گەورەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دەسەڵاتە و وەڵامدانەوەی سیاسەتەکانی دوژمنایەتیکردن بەرامبەر بە ژنان، سروشت، ڕەنج و قەیوم و وتی،  "ئێمەی گەل دەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان. ئێمە لە ۲۸ی ئایاردا دوایین گورز لە فاشیزم دەدەین. ئێمە کۆتایی بەم دەسەڵاتە دەهێنین. بۆیە دەنگ بە کەمال کلیچدارۆئۆغڵو دەدەم. لەو بڕوایەدام گەلەکەشمان هەر ئەوە دەکات."

دەبێت دەسەڵاتی تاک کەسی لەناو ببرێت

تاشدان شیمشەک ڕۆژنامەنووس لە وان وتی، "بۆ کۆتاییهێنان بە ڕژێمی تاک کەسی، بۆ ڕێکردنەوە بە ڕووی پرۆسەی دیموکراسی دا دەنگ بە کەمال کلیچدائۆغلو دەدەم. داوا لە گەلەکەمان دەکەم؛ تکایە دەنگی خۆیان بەکاربهێنن. ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. با دەنگێکی ئێمە بە بەتاڵی و بە فیڕۆ نەڕوات، با هەمووان دەنگ بدەین و خاوەنداری لە خواست و ئیرادەی خۆمان بکەین."

ژ.ت