وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند سێ کەس پەیوەست بە ئاگرکەوتنەوە لە ناوەندە بازرگانییەکان و بازاڕەکانی کەرکوک و هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون و وەک ئەندامانی پەکەکە بە ڕاگەیاندنەکانی ناساندن. لە هەمان کاتدا بانگەشە دەکات دوو کەس لە دەستگیرکراوەکان سەر بە هێزە ئەمنییەکانی باشووری کوردستانن و لەلایەن پەکەکەوە بۆ ئەم کارە ڕاسپێردراون. کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو وەڵامی ئەم چەواشەکارییەی دایەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیە:
"لە ڕێگەی میدیاكانەوە زانیمان كە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تۆمەتباركراوە بەوەی، كە هەندێك ئاگریان لە شارەكانی هەولێر و كەركووك و دهۆك كردووەتەوە، ئێمە ئەم تۆمەتە بێ بنەمایانە ڕەتدەكەینەوە، كە هەمووان دەزانن ئەم هێرشە لە لایەن دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) و ڕێكخراوی هەواڵگریی پارتی دیموكراتی كوردستان (پاراستن)وە ئەنجام دراون.
پەكەكە بە خۆڕاگری و هەڵوێستە پرەنسیپی و یەكگرتووەكانی بە تێپەڕبوونی كات سەلماندی، كە هێزێكە جێگەی متمانە و گەلانی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە،لە هەر شوێنێك گەل بەر هەڕەشە و نادادپەروەری بكەوێت، پەكەكە هەڵوێستێكی درووست وەردەگرێت و پشتیوانی گەل دەكات، ئەمڕۆش شەڕێكی توند و بێوچان لە دژی كۆلۆنیالیزمی توركیا ئەنجام دەدات، كە هەنگاو بە هەنگاو عێراق و هەرێمی كوردستان داگیر دەكات.
سوپای داگیركەری تورك بە پشتیوانی و ئاسانكاریی ئیدارەی پەدەكە لە زاخۆ و دهۆك و هەولێر بێڕێزی خۆی بۆ گەلەكەمان نیشان دەدات و بە ئاشكرا بەردەوامە لە جێبەجێكردنی داگیركارییە نهێنییەكەی.
سوپای داگیركەری تورك بە ئاشكرا ڕێگاكانی ناو خاكی عێراق دادەخات و خەڵك ناچار دەكات بە گەڕان و پشكنین و دڵنیابوون لە ناسنامەكانیان، گوندنشینانیش دەستگیر دەكات و بۆردوومانیان دەكات ئاوارەیان دەكات، ڕۆژانە تاوانەكانی سوپای داگیركەری تورك پەرەدەسێنێت، لە كاتێكدا پەدەكە لە ئاستی ناوخۆییدا بەردەوامە لە هاوكاریكردنی لەگەڵیدا و حكومەتەكەی سوودانیش بێدەنگ و بێ وەڵامە.
تۆمەت و چەواشەکارییە
سەرەڕای بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو و بۆمبی كیمیایی دژی شەڕڤانان و ئەنجامدانی هەموو جۆرە تاوانێكی جەنگ و بەكارهێنانی نوێترین تەكنەلۆجیا بۆ بەرژەوەندی سوپای تورك، بەڵام گەریلای ئازادیخوازانی كوردستان بە سوود وەرگرتن لە هەموو ئەو توانایانەی لەبەردەستیاندایە، بەرەنگاری ئەم داگیركارییە دەبێتەوە، دەوڵەتی فاشیستی تورك تووشی شكستێكی سەخت دەبێتەوە. سوپای داگیركەری توركیا لەو خاڵانەی تا ئێستا داگیری كردوون، بە زەحمەت دەجووڵێت و تەنیا بە لەبەركردنی جلی هێزەكانی عێراق و پەدەكە دەتوانێت بجوڵێت، لە كاتێكدا بزوتنەوەكەمان سەركردایەتی بەرخۆدانێكی گەورە لە بەرامبەر ئەم هێرشە كۆلۆنیالیزمانەدا دەكات، بەڵام بە قووڵی ناڕازین لەو بەیاننامەیەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق.
كاتێك هێرشەكانی داعش لە عێراق دەستی پێكرد، بزووتنەوەكەمان بە هەموو توانای خۆیەوە بۆ پاراستنی خەڵكی عێراق و گەلی كورد بەبێ هیچ بەرژەوەندییەك جووڵەی كرد، بەشێوەیەكی كاریگەر بەشداریمان لە هەڵمەتەكانی ئازادكردنی ناوچەكانی هەولێر، مەخمور، كەركووك، شنگال، موسڵ لەدەست داعش كرد باجێكی قورسمان لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دا، تەنانەت سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بۆ ئەوە سوپاسی كردین.
ئەو تۆمەتانەی كە ئێمە بازاڕ و گوندەكانی كەركووك و هەولێر و دهۆكمان سووتاندووە، هەڵبەستراوی باوەڕپێنەكراوە، ئێمە پێشتر بەرگریمان لەو شارانە كردووە و شەهیدمان لە پێناویدا داوە، ئەم تۆمەتانە بۆ ویژدانی گەلی كورد و عێراق جێدەهێڵین، كە بە چاوی خۆیان شاهیدی بەرخۆدانی ئێمە بوون.
تۆمەتی میت
ئێمە هیچ دوژمنایەتییەكمان بەرامبەر دەوڵەتی عێراق و خەڵكی عێراقی نییە، بزووتنەوەیەك كە بۆ ئازادیی و خۆشگوزەرانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەكۆشێت، ئەم تۆمەتانە بوختانن لەلایەن دەزگای هەواڵگری توركیاوە، ئاشكرایە كە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە كاتی دەركردنی ئەم بەیاننامەیەدا لە ژێر كاریگەری ڕێنمایی هەندێك لایەندا بووە.
سەرچاوەی ئەو تۆمەتانە ڕێكخراوی هەواڵگری توركیا (میت) و لقەكەی لە هەرێمی كوردستان (پاراستنە)ە، كە ڕێكخراوێكی تاوانكاری نێودەوڵەتییە و هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی داگیركردنی عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات، ئێمە هیچ پەیوەندییەكمان بە هیچ ڕووداوێك و چالاكیەكەوە نییە، جگە لەوانەی داگیركردنی توركیا دەكەنە ئامانج.
ئێمە و هەموو عێراقییەك و كوردێك دەزانین كە دەوڵەتی داگیركەری تورك لایەنێكی سەرەكییە هێرش دەكاتە سەر سەقامگیری و ئاسایشی عێراق، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم بەیاننامەیە لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەدا دەربكەین، كە دوورن لە ڕاستییەوە و ئامانجیان بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتییە.
پێویستە تاوانبارانی ڕاستەقینە ئاشکرا بکرێن
داوا لە دەوڵەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ دەكەین كە بەرپرسیارانە بەرامبەر ڕێنماییەكانی هەواڵگری توركیا مامەڵە بكەن و جوڵانەوەكەمان بە تۆمەتی بێ بنەما نەبەستنەوە و تاوانبارانی ڕاستەقینە ئاشكرا بكەن.
هاوكات داوا لە گەلانی دیموكراسی و خۆڕاگری عێراق دەكەین كە هەڵوێستی پتەوی بەرامبەر ئەو درۆیانە بگرنەبەر، هەروەها هەنگاو بنێن بەرامبەر بەو كردار و قسەیانەی كە هەوڵی شەرعیەتدان بە داگیركاریی توركیا دەدەن".