کەمال ڕەئوف: ئێمە ڕوو بەڕووی مەترسیکی گەورەی داگیرکەری تورکیا بوینەتەوە

ڕۆژانامە نووس کەمال ڕەوف تیشکی خستە سەر هێرش و مەترسییەکانی داگیرکاریی تورکیا لە باشوری کوردستان و وتی: "ئێمە ڕوو بەڕووی مەترسییەکی گەورەی داگیرکاری تورکیا بووینەتەوە."

تا دێت مەترسیی داگیرکاریی تورکیا لە باشوری کوردستان گەورەتر دەبێت و دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هیرشەکانی بۆسەر باشوری کوردستان فراوانتر کردوە و ئەمەش وایکردوە لە ئاستی سیاسی ڕۆشنبیران ببێتە جێگای گفتوو گۆ و سەرەنجیان ڕابکێشێت.

لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەنووس کەمال ڕەوف سەرنجی ڕاکێشایە سەر مەترسیی داگیرکاری لە ناوچەکە و ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) نرخاند.

" داگیرکاری فراون و گەورە دەبێت"

ئەو ڕۆژنامەنووسە تیشکی خستە سەر ئاستی مەترسیی داگیرکاری تورکیا لە باشوری کوردستان و وتی: "ئاستی داگیرکاری زۆر فراوان و گەورە بووە، داگیرکاریی تورکیا تەنیا لە ناوچە سنورییەکان نامینێتەوە، بەڵکو مەترسی هەیە ئەو داگیرکاریە بگاتە ناو شارەکانیش."

"ئێمە لە بێ هەڵوێستی عێراق و پەرلەمانی کوردستان نیگەرانین"

ناوبراو  نیگەرانی خۆیی دەربارەی هێرشەکان هێنایە زمان و وتی: "ئێمە لە بێدەنگیی سیاسی نیگەرانین، ئێمە لە بێ هەڵوێستی حکومەتی عێراق و پەرلەمانی کوردستان نیگەرانین، هەروەها لە ئاستی جیهانیشدا لە سەر ئەم بابەتە هیچ دەنگێک نییە، لەو بێدەنگییەی جیهانیش نیگەرانین".

"ئێمە ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی داگیرکاریی تورکیا بوینەتەوە"

ئێمە ڕۆژنامەنوسان و ڕۆشنبیران دەبێت وابکەین، کە سەرنجی گەل ڕاکێشینە سەر ئەو مەترسییەی شەڕ، کە لە هێڵی سنور ڕوودەدات و هەتاکو دێت فراونتر دەبێت، دەبێت ئێمە ئەوە پێشان بدەین کە مەترسییەکان چەندە گەورەن."

"پارتە سیاسییەکان وایان لە گەل کردوە بێ هەڵوێست و بێ ئومێد بن"

کەمال ڕەئوف باسی هۆکاری بێ ئومێد و بێ هەڵوێستی گەلی کرد و وتی: "ئەو بێ ئومێدی و بێ هەڵوێستییە، کە لە باشوری کوردستان هەیە، کاریگەریی لەسەر هەموو لایەک کردووە، کە لەبەر هێرش و مەترسییەکان تا ئاستێک بێدەنگ بمینێت، گەل وا دەزانێت هەرچی بکەن ئەنجام ناگرێت و گۆڕانکاری ڕوو نادات. یەک ڕێگا هەیە بۆ دەربازبوون لەو دەۆخە ئەوەش ئەوەیە، بەرەیەکی هاوبەشی نوێ لە هەموو هێزە سیاسییەکان و چێن توێژەکانی کۆمەڵگا پێک بێت و بەرگری لەم دۆخە بکات.

"ڕۆشنبیران دەبێت خۆیان لە فکری تەنگی سیاسی دوور بخەنەوە  و ڕۆڵی وشیارکردنەوە گەل ببینن"

ئێمە ڕوو بەڕووی مەترسیکی گەورەی داگیرکاری دەبینیەوە وە دەبێت لەسەر خاڵە هاوبەش بین، ئیستا کاتی ئەوە نیە کە یەکتر تۆمەتبار بکەین، دەبێت سیاستەمەدار و ڕۆشةبیران خۆیان لە فکری تەنگی سیاسی بە دوور بگرن و بە پێچەوانە دەبێت بیر لە داگیرکاری بکەنەوە و بنوسن، ڕۆڵی خۆیان دەربارەی وشیارکردنەوە گەل پێک بێنین."

"پەکەکە بیانوو نییە بۆ هێرشی تورکیا"

لە کۆتای قسەکانیدا ئەو ڕۆژنامە نوسە وتی: "پەکەکە بیانو نییە بۆ هێرشی داگیرکاریی تورکیا، بەڵکوو لە هەموو شوێنێک تورکیا هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، تورکیا هێزی بردووەتە لیبیا، بەعشیقە، لەوێش پەکەکە-ی لێ نییە تاکوو وەک بیانوو پیشانی بدات، تورکیا شەڕی لە دژی گەل ڕاگەیاندوە وهاووڵاتییانی  مەدەنی دەکوژێت، کەس باوەڕی بەوە نییە، کە هۆکاری هێرشەکانی تورکیا پەکەکە-یە، بەڵکو گومانی گەل ئەوەیە، کە بۆچی لە باشوری کوردستان لە دژی داگیرکاری هیچ شتێک ناکرێت."

ژ.ت