کۆمەڵەی هێڤی هەستا بەدابینکردنی پێدوایستییەکانی قوتابخانە بۆ قوتابیانی کەرکوک

وەک پاڵپشتییەک بۆ قوتابیانی منداڵی شەهید و بێ دایک و باوک، کۆمەڵەی هێڤی بۆ پشتیوانی قوربانیانی جەنگ پێداویستی قوتابخانەی بەسەر قوتابیانی کەرکوک دابەش کرد.

ئێوارەی دوێنێ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەپێناو هاندان بۆ خوێندن و پشتیوانی لە قوتابیانی منداڵی شەهید، بێ دایک و باوک و کەم دەرامەت، کۆمەڵەی هێڤی بۆ پشتیوانی قوربانیانی جەنگ هەستا بە سەردانی کردن بۆ هەریەکە لە قوتابخانەی خانزادی کچان و قوتابخانەی بەردەقارەمانی تێکەڵاو کە لەمیانەی سەردانەکەیاندا کۆمەڵەی هێڤی هەستا بە دابین کردن و دابەش کردنی پێدوایستی قوتابخانە بۆ ٨٠ قوتابی شاری کەرکوک کە پێکهاتبوون لە منداڵانی شەهید، کەم دەرامەت، منداڵانی بێ دایک و باوک.

دەستی ئاشتی بەرزبکەینەوە لەپێناو پێکەوەژیان

لە سەردانەکەدا، عەبدولوهاب ئەحمەد ئەندامی کۆمەڵەی هێڤی بۆ پشتیوانی قوربانیانی جەنگ، قسەی بۆ قوتابیان کرد و ووتی: "ئێمە وەکو کۆمەڵەی هێڤی بۆ پشتیوانی لە قوربانیان جەنگ هاتووین سەردانی ئێوە بکەین وەکو منداڵانی نێو ئەم کۆمەڵگایە، بیگومان هەموومان لە ئاستی کۆمەڵگای خۆماندا شەڕ بەرۆکی هەموومانی گرتووە، لەبەر ئەوەی پێویستە هەموومان نەفرەت لە شەڕ بکەین دەستی ئاشتی بەرزبکەینەوە لەپێناو پێکەوەژیان، چونکە شەڕ هۆکاری لەناوبردنی مرۆڤ، ژینگە و کەم ئەندام کردنی مرۆڤە".

ئاواتی ئێمە کۆمەڵگایەکی هۆشیار و رۆشنبیرە

هەروەها عەبدولوهاب ئەحمەد بۆ قوتابیان ووتیشی: "داواکارم هەوڵبدەن بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە خوێندنەکانتان، وە هەوڵبدەن لە قوتابخانە، ماڵ و دەرەوە کە هەمیشە تەبا و کۆکبن لەگەڵ یەکتردا و هاوکاری یەکتربن ئەوکات ئێمە ئەتوانین سەرکەوین لە بەدەستهێنانی ئاشتی و پێکەوەژیان، دروشمی ئێمە بریتییە لە تێکۆشان، سەرکەوتن، ئاشتی و برایەتی، گەیشتین بە ئاواتەکانی خۆمان ئەویش کۆمەڵگایەکی هۆشیار و رۆشنبیرە".