کۆنگرەی دەبەپە: دەبێت هەمووان لە پێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالاندا بکەونە جوڵەوە
هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز بانگی لە هەموو رۆشنبیران و نوسەران کرد کە لەپێناو ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەونە جوڵەوە.
هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز بانگی لە هەموو رۆشنبیران و نوسەران کرد کە لەپێناو ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەونە جوڵەوە.
پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە ئامەد لە هۆڵی ئاهەنگی شارەکە حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی سازکرد. هۆڵەکە بە پلاکاردانەکانی وەک "بە کۆمەڵگایەکی رێکخستنکراوە بەرەو ژیانی ئازاد" و "نا بۆ شەڕ، هەر ئێستا ئاشتی"، "ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن" و هەروەها ئاڵاکانی دەبەپە رازێنرابووەوە. چەندین حزب و نوێنەرانی رێکخراو و کۆمەڵە مەدەنییەکان بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد.
گەنجان و هاووڵاتیان بەر لە دەستپێکردنی کۆنگرەکە ئاهەنگیان گێڕا و سرودی چەرخا شۆڕشیان وتە و بە بەردەوامی دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'یان وتەوە.
حەسەن ئۆزگونەش پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و ئەندامی دیوانی کۆنگرە وتەیەکی پێشکەشکرد و تیایدا ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی شەڕی سێهەمی جیهانی کرد کە چەقەکەی کەوتووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەختیشی کردەوە کە رزگاری کوردستان و تورکیا بەستراوەتەوە بە ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لەئێستادا لە گۆشەگیرییەکی تونددایە لە زیندانی ئیمراڵی.
دواتر ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە کۆنگرەکە لە قۆناغێکی هەستیاردا بەستراوە و خۆبەڕێکخستنکردنیان لە دژی گوشار، هێرش و ستەمکاری بەردەوام دەبێت. لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە شەڕی غەززە و هەروەها هێرشەکانی سەر باکوور و رۆژئاوای سوریا کرد و وتی، ئەوانەی لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەنگ هەڵدەبڕن و لەبەرامبەر هێرشەکانی سەر رۆژئاوا بێدەنگن، دووڕوون. وتیشی: ئەو شەڕەی بەرامبەر بە رۆژئاوای کوردستان دەکرێت شەڕی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە دژی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکە. جەختیشی کردەوە دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی کوردستان رۆڵی ئیسرائیل دەگێڕێت و هێرشەکانی شەرمەزار دەکەین.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانی ساڵیحە ئایدەنیز باسی لە هەڵمەتی رەشبگیری لە تورکیا و باکووری کوردستان و پێشێلکاری و ئەشکەنجەکان لە زیندانەکان کرد و رایگەیاند: "زیندانەکان گۆڕدراون بۆ خانەی ئەشکەنجە و مردن".
بانگەوازی بۆ ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان راگەیاند
ئایدەنیز لە وتارەکەیدا ئەوەی خستەڕوو کە "ئازادی و دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بە ئاشتییەکی شکۆمەندانە دەستەبەر دەبێت. کلیلی ئەوەش لە دەست بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندایە. بە تایبەتی رۆشنبیران، بانگەوازمان لە هەمووانە کە لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی بکەونە جموجۆڵ. دەبێت هەموان لەپێناو ئازادی بەڕێز ئۆجالان لەسەر پێ بن. ئێمەش لە سەر پێین. دەبێت بەڕێز ئۆجالان بتوانێت لە پێناو ئاشتییەکی شکۆمەندانە رۆڵی خۆی بگێڕێت. بۆ ئەوەش دەبێت گۆشەگیری هەڵبگیرێت".
ئایدەنیز سەرنجی بۆ سەر گرنگی رێگەی سێهەم راکێشا و وتی، کە دەبێت بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی خۆجێییدا تێبکۆشن. ئایدەنیز سپاسی بەڕێوەبەری پێشووی پارتەکەی کرد و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ بەڕێوەبەرانی نوێ خواست.
دوای وتارەکان، راپۆرتی دارایی و چالاکییەکان خوێندرانەوە. دواتر سوڵتان یارای و محەمەد شیرین گوربوز وەک هاوسەرۆکانی دەبەپەی ئامەد هەڵبژێردران.