کەنەکە داوای بەشداری گەل لە هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد

کەنەکە داوای لە گەلی کوردستان کرد بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن.

بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بەردەوامە و لە ١٨ی کانونی یەکەمدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت. ئەمجارە کورد بە لیستی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنی کەرکوک ناکات، ئەمەش مەترسی لەسەر پێگە و کاریگەری کورد لە هەرێمەکە دروست دەکات.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 ڕاگەیاندنەکەی کەنەکە بەم شێوەیە:

"کوردستانیانی سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەیان ساڵە ڕووبەڕووی هەڕەشە و کوشتن و ئاوارەبوون و ئازاری ڕژێمەکانی عێراق بوونەتەوە، چەندە هەڵبژاردن و بەشداریکردن گرنگە، بەتایبەتی بۆ کورد ئەوە ئەرکێکە و هۆشدارییەکی گرنگە بۆ ئەوەی مێژووی ستەمکاری و چەوساندنەوە لەناو بچێت. دەستێوەردانی ناوخۆیی و هەرێمی، وەک تورکیا، ئێران بەردەوام هۆکاری بێ باوەڕی و دووبەرەکی بووە لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک و دەوروبەری، بەتایبەت دەوڵەتی تورک کاراکتەری سەرەکی دەستێوەردانە لە دۆخی کەرکوک و ناوچە ناکۆکەکانی هەرێم.

هەڵبژاردن دەتوانێت ببێتە وەرچەرخانێک و وەڵامی هەموو پیلانەکان بداتەوە کۆتاییان پێ بهێندرێت. بۆیە داوا لە گەلی کورد دەکەین، وەک گەلێکی ستەملێکراو بە هەموو هێزەوە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات. بە بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکان، سزای  سیاسەتی پارچەکردنی گەل بدەن.

ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا دەکەین بە شێوەیەکی بوێرانە بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، ١٨ساڵە هیچ هەڵبژاردنێک لە کەرکوک ئەنجام نەدراوە، بۆ ئەمەش ئەم هەڵبژاردنە بە دەرفەتێکی گرنگ دەبینین."