کەنەکە هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی غەززەی شەرمەزار کرد

دەستەی بەڕیوبەریی کەنەکە هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی ئەهلی لە غەززەی شەرمەزار کرد کە بەهۆیەوە ٥٠٠ کەس ژیانیان لەدەستدا.

دەستەی بەڕیوبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)سەبارەت بە هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە غەززە ڕاگەیەندراوێکی بلاو کردەوە کە زیاتر لە٥٠٠ کەس  گیانیان لەدەست داوە و زۆربەیان ژن و منداڵن.

کەنەکە هێرشەکەی بە کارەساتێکی مرۆیی و کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی پێناسە کرد و ڕایگەیاند، "ئێمە وەک کەنەکە بە توندی ئەم هێرشە شەرمەزاردەکەین. هێرشەکە لەلایەن کێیەوە کرابێ بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. هێرش بۆ سەر شوێنە مەدەنییەکان، وەک نەخۆشخانەکان و مەدەنییەکانی تر". دژی یاسا، ڕێککەوتن نامە و بنەما نێونەتەوەییەکانن، ئێمە وەک گەلی کورد ئێش و ئەنجامی ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر نەخۆشخانە و شوێنە مەدەنییەکان باش هەست پێدەکەین، لەبەر ئەوەی گەلی کورد بەساڵانە ڕووبەڕووی هێرشی دەوڵەتانی داگیرکەری وەک تورکیا و ئەوانی دیکە بووەتەوە”.

درێژەی ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە بەم شێوەیە:

"مێژوو دەریخستووە کە کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل بە توندوتیژی چارەسەر ناکرێت. ئەو کێشەیەی کە ئێستا وەک شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەبینرێت، بەهۆی بەرژەوەندی جیاوازی دەوڵەتانەوە قووڵتر دەبێتەوە. بەداخەوە ئازارەکانی گەلی فەلەستین دیار بوو لە هێرشی سەر نەخۆشخانەکەدا ، بەڵام لەلایەن هەندێک دەوڵەتەوە بۆ سیاسەتی بەرژەوەندی خۆیان  بەکاردێت. بەتایبەت سیاسەتی دووڕوویانەی سەرۆک کۆماری تورک ئەردۆغان کە تا ئێستاش فەلەستین بە هەرێمێکی پێشووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەزانێت، دەزانرێت کە ئەردۆغان هەموو دەرفەتەکان بۆ ستراتیژی داگیرکاری بەکار دێنێت. لەسەر گەل فەلەستین سیاسەت دەکات. بەڵام لەلایەکی ترەوە هەمان دڕندەیی و بێ ئەخلاقی بەسەر گەلی کورد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دێنێت. ئەردۆغان هاوشێوەی فەلەستین ڕۆژئاوای کوردستانیش وەک هەرێمێکی پێشووی خۆیان لە سەردەمی عوسمانی سەیر دەکەن. پێش هەموو شتێک نابێت کەس ئەم سیاسەتە دووڕوویانەیە وەک دڵسۆزیەک سەیر بکات.

بۆ چارەسەری و ئاشتیەکی بەردەوام، داوا لە لایەنەکان دەکەین ڕۆژێک زووتر ئەم شەڕە ماڵوێرانییە ڕابگرن و بە شێوازی سیاسی و دیالۆگ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

ئەگەر پرسە سەرەکییەکانی وەک پرسی کورد و فەلەستین بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر نەکرێن، ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دروست نابێ”.