کەرکوک، مەراسیمی ناساندنی ٣ کتێبی تایبەت بە جینۆسایدی کورد بەڕێوەچوو

لە مەراسیمێکدا لە شاری کەرکوک، ناساندن بۆ ٣ کتێبی تایبەت بە بواری جینۆساید و ئەنفالی گەلی کورد بەڕێوەچوو.

لە هۆڵی "پەیمانگای علیم" لە گەرەکی ئیسکانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی رۆشنبیری، لە نووسەر و ئەدیب و چالاکوانی بواری جینۆساید و و ئەنفال، مەراسیمی ناساندنی سێ کتێبی تایبەت بە بواری جیننۆساید و ئەنفال بەڕێوەچوو، کتێبەکانیش بریتیبوون لە کتێبی (تاوانی جینۆساید لە عێراقدا: کێشەکانی بەرپرسیاریەتی تاوانکاری) لە نووسینی دکتۆر هونەر ئەمین کە خاوەن بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی، هەروەها کتێبی(دیوە شاراوەکانی دادگای ئەنفال) لە نووسینی زەمان عەبدە نووسەر و لێکۆڵەر لە بواری جینۆساید، کتێبی (دۆسیەی ئەنفال لەدادگای باڵای تاوانەکانی عێراق) لە نووسینی سالار مەحمود نووسەر و لێکۆڵەر.

سەرەتای مەڕاسیمەکەش بە خولەکێک وەستان بۆ شەهیدانی کوردستان و قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید دەستی پێکرد، لە مەراسیمەکەدا لەلایەن نووسەرانی کتێبەکانەوە خوێندنەوەی بۆ کتێبەکانیان کرا و پاشان کتێبەکان بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا و لەلایەن نووسەرانەوە واژوو کران.

ئەمرۆ هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی تاوانەکانی شاڵاوی ئەنفال

هێمن حەسیب سەرنووسەری گۆڤاری تۆپزاوە و چالاکوانی بواری جینۆساید، کە لەهەمان کاتدا ڕێکخەری مەڕاسیمەکە، سەبارەت بە کوڕەکە و چالاکییەکانیان لە ٣٦هەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەمرۆ هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی تاوانەکانی شاڵاوی بەدناو ئەنفال، ئێمە وەکو گۆڤاری تۆپزاوە لەگەڵ ڕێکخراوی کوردستانی بێ جینۆساید، لە پرۆژەیەکی هاوبەشدا کە لە زنجیرەیەک چالاکی پێکهاتووە کە مەڕاسیم، کۆڕ، پانێڵ و چەندین چالاکی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، کۆتا چالاکیشمان لە رۆژی ٦ی مانگی نۆ دەبێت کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی هاتنی پرۆسەی بەدناو ئەنفال".

ئامرزاێکە بۆ دیکۆمێنتکردنی تاوانەکانی جینۆسایدی کورد

سەبارەت بە مەڕاسیمەکەی ئەمرۆش، هێمن حەسیب ڕایگەیاند: "ئەمرۆش وەکو یەکەمین چالاکی لە ساڵیادی ئەم پرۆسەی جینۆسایدی کوردان-دا، هەستاین بە ئەنجامدانی مەڕاسیمی ناساندنی سێ کتێبی بواری جینۆساید و ئەنفال بە ئامادەبووانی نووسەرانی کتێبەکە، کتێبەکانی ئەمرۆ کتێبی یاسایی، دۆسیەی ئەنفال، نهێنییەکانی دادگایی کردنی سەرانی رژێمی بەعس لەسەر شاڵاوەکە باس دەکات، ئامانجی ئێمەش ئەوەیە گرنگی بە کتیبەکانی بواری جینۆساید و ئەنفال بدرێت چونکە کتێبەکان ئامرازێکە بۆ دیکۆمێنتکردنی تاوانەکان، هاوکات ئامرازێکە بۆ ناساندنی ئەم تاوانە بە میللەتەکانی دیکە، هەروەها هیشتنەوە زانیارییەکان بۆ نەوەکانی دیکە".

جینۆسایدی کورد تائیستا بەردەوامی هەیە

سەبارەت بە بەردەوامی پرۆسەی جینۆسایدی کورد لە ئیستادا، ناوبراو ووتی: "بەداخەوە ئەو عەقڵییەتەی کە لەدوای ساڵی ڕووخانی رژێمی پێشووی بەعس لە سالی ٢٠٠٣وە حوکمی عێراق دەکات، بەتایبەتی لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە کە بینیمان گۆڕانی دیموگرافیا و بەعەرەب کردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمانە پێمان دەلێن کە هێشتا عەقڵیەتێک هەیە لە عێراق کە ئامادەنیە دان بە مافی میللەتی کورد و پێکهاتەکان بنێت، مەترسی لەسەر پێکهاتەکانی عێراق هەیە بەتایبەتی کە عێراق ئامادەنیە (پەیماننامەی ڕۆما) واژوو بکات و ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی گەرەنتی بدات کە تاوانی جینۆساید لە عێراق دووبارە نابێتەوە".

ئەوانەی دەستیان لە جینۆسایدی کورد هەبووە بە ئازادی دەگەڕێن

لە کۆتایی قسەکانیدا هێمن حەسیب چالاکوانی بواری جینۆساید، سەبارەت بە دادگایی نەکردنی جاش و موستەشارەکانی کە دەستیان هەبووە لە جینۆسایدی کوردان، ئاشکرای کرد: "بەداخەوە جگە لەسەرانی دیاری رژێمی بەعس، جاش و موستەشار و ئەفسەرەکانی پێشووی سوپای عێراق هەموویان بە ئازادی دەگەڕێن لە کاتێکدا کە هەموویان لەلایەن دادگاوە داواکراون لەسەر دۆسیەی تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد، بەداخەوە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق خۆیان لەو بەرپرسیارییە یاساییە ئەدزنەوە ئەمەش گومان و پرسیار لەسەر هەردوو حکومەت دروست دەکات".