دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکردوە بەردەوامە و بە وتەی سەرچاوەیەکی تایبەت تائێستا رێژەی بەشداری لەسەدا ٥٠ی تێپەڕاندووە و چاوەڕوان دەکرێت لەو چەند کاتژمێرەی ماوە رێژەکە زیاتر بەرزببێتەوە.
هەر بە گوێرەی وتەی ئەو سەرچاوەیە ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی سەر بە پێکهاتەی عەرەبی لە حەویجە، ریاز و عەباسیە بەهۆی نیگەرانیان لە لایەنە سیاسیەکانیان بەشدارییان نەکردووە و بەشێکیشیان دەنگەکانی خۆیان سووتاندووە.
لەلایەکی دیکەوە شێرزاد سەمەد لێپرسراوی بەشێ هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) بە ئاژانسەکەمانی راگەیاند، "لە ناوچە کوردنشینەکانی کەرکوک بەشێک لە ئامێرەکانی ناو وێستگەکانی دەنگدان لەکارکەوتوون و بەوەش گومانی ئەوە دروستبووە کە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی دەنگی کورد لەو پاڕێزگایە".
وتیشی، سەرباری هەموو بەربەست و لەمپەرەکان کە بەشێک لە تورکمان و عەرەبە شۆڤێنییەکان دروستیان کردووە، تائێستا رێژەیەکی بەرچاو لە کورد بەشدارییان لە دەنگدانی تایبەت کردووە.
بڕیارە رۆژی ١٨ی ئەم مانگە دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت و لایەنە کوردیەکان بە چەند لیستێک لە هەوڵی بەدەستهێنانی بەشێک لە کورسیەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، سەڵاحەدین و دیالەن.
لە پارێزگای کەرکوک کورد بە چەند لیستێک بەشدارە لەو هەڵبژاردنە و پێشتر تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان داوای لە دەنگدەران و لایەنگرانی کردبوو دەنگ بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە بدەن، کە لە هاوپەیمانی نێوان یەکێتی و حزبی شیوعی پێکهاتووە.
هـ . ب