کەرکوک، یەکەم ڤیستیڤاڵی هەنار و بەرهەمە خۆماڵییەکان دەستی پێکرد

بەمەبەستی گرنگیدان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی، بە بەشداری دەیان جووتیار و ژنانی خاوەن پێشەی تایبەت بە خۆیان، یەکەم فێستیڤاڵی هەنار لە کەرکوک دەستی پێکرد.

ئێوارەی ئەمرۆ هەینی لە پارکی سمایلاند لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەڕەنگدانەوە فۆلکلۆری کوردەواری یەکەمین ڤستیڤاڵی هەنار لەژێر دروشمی (بۆ پاڵپشتی بەرهەمی نشتیمانی و کاری دەستی و خۆراکی میللی) دەستی بە کارەکانی کرد بەمەبەستی گرنگیپێدانی و بەبازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان.

ڤستیڤاڵەکە بەناوی ڤستیڤاڵی هەنارە کە بەرهەمی هەناری خۆماڵی وەکو سەرەکیترین بەرهەمی ناوخۆیی گرنگی پێداراوە و لە ڤستیڤاڵەکەدا بەشداربووان لە هەموو شارەکانی باشوری کوردستانەوە بەشدارن هەروەها لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لەنێوانیاندا رۆژهەڵاتی کوردستانیش خەڵکی بەشدارن لەنێوان بەشداربووانیش کاک ئازاد جووتیارە نموونەیەکەی شاری هەڵەبجە وەکو میوانی سەرەکی ڤستیڤاڵەکە بەشدارە، هەروەها دەیان جووتیار بەرهەمەکانی خۆیان نمایش کرد لەو ڤستیڤاڵەدا، جگە لەوەش ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی تەواوی شارەکانی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری ڤستیڤاڵەکە بوون و تێیدا بەرهەمەکانیان نمایش کرد.

 جێگای ئاماژەیە ڤستیڤاڵەکە بۆماوەی ٩ رۆژ بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاتژمیر ٣ی ئێوارە تا کاتژمێر ١١ی شەو خەڵکی دەتوانن سەردانی ڤستیڤاڵەکە بکەن.

ڤیستیڤاڵەکە لە سێ بەش پێکهاتووە کە یەکەمیان پێکهاتووە لە بەرهەمە خۆراکییە ناوخۆییەکانی وەکو جۆرەها هەنار و تەواوی بەرهەمەکانی دروستکراو لە هەنار، هەنگوین، گوێز، جۆرەها مێوەی وشکراوە و بەهاراتی خۆماڵی، ڕۆنی کوردی و هەروەها کارگەی زەیتونی خۆماڵیش بەشدارە لە ڤستیڤاڵەکەدا، بەشی دووەمیش پێکهاتووە لە کاری دەستی ژنان وەکو دەست بەند و ملوانکەی ڕەنگاو ڕەنگ، دەرمانی جوانکاری پێکهاتوو لە گیایی سروشتی، چنین و چەندین کاری دیکەی دەستی ژنان، هەروەها بەشی سێیەمی ڤستیڤاڵەکە پێکهاتبووە لە خواردنی میللی گەلی کورد لەنێوانیاندا کەلانە و چەندین خواردنی دیکەی کوردەواری.