ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە ڕەوشەن مێردین بەشداری بەرنامەی تایبەتی ستێرک تیڤی بوو و وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووس زەینەب نێرگز دایەوە.
ڕەوشەن مێردین سەبارەت بە گۆشەگیریی تووندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند، ئەو سیستمە سیاسییە، قبوڵ ناکرێت و بە تێکۆشانی خۆیان سیستمی ئیمرالی تێکدەشکێنن.
'ڕێبازی سی پی تی جێگای پەسەند نییە'
ڕەوشەن مێردین ڕاشیگەیاند، "گۆشەگیری تەنها لەسەر رێبەرەکەمان ئەنجام نادرێت، بەڵکو لەسەر هەموو گەلی کوردستان دەکرێت. لە بەرامبەر ڕێبەرەکەماندا ڕەفتار و ڕێبازێکی سیاسی هەیە، بۆیە هیچ یاسایەک و هیچ ئەخلاقێک پێکناهێنن. زۆرجار بە شێوەیەکی میزاجی سزای دیسیپلینیان سەپاندووە. ئەشکەنجەی دەروونی ئەنجام دەدرێت، بەڵام ڕێبەرەکەمان بە بەرخۆدانی خۆی ئەم سیستەمەی گۆشەگیری و ئەشکەنجەیەی تێکشکاندووە".
لە درێژەی قسەکانیدا مێردین وتی، بیر و ڕامانەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئاستی نێونەتەوەیدا پەسەند کراون و پشیتوانییان لێدەکرێت و وتیشی: "بیر و ڕامانەکانی سەرۆکایەتی بوونەتە ماڵی مرۆڤایەتی، بۆیە سیستەمی داگیرکەر لەم دۆخە دەترسێت. ئەوە بە لەناوچوون و شکستی خۆی دەزانێت".
ڕەوشەن مێردین ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری کەژەکە لە بەردەوامیدا وتی، سی پی تی-یش هاوکاریی ئەو سیستمە دەکات و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەو ڕێباز و شێواز و نزیکایەتیەی سی پی تی جێگای قبوڵ و پەسەند نییە.
لە درێژەی قسەکانیدا ڕەوشەن مێردین پێشوازی لە بەرخۆدانی ناو زیندانەکان کرد و وتی: "سەدان زیندانی، کە پێویستە ئازاد بکرێن لەبەر ئەوەی خۆبەدەستەوەدان قبوڵ ناکەن، بە پاساوی میزاجی لە زیندانەکان ئازاد ناکرێن. زیندان شوێنی بەرخۆدانە".
ڕاشیگەیاند، پێویستە کۆمەڵگای کوردی و دیموکراسیخوازان و زیندانیانی ئازادیخواز بەتەنیا نەهێڵن و ببنە دەنگی زیندانیانی ئازادی.
'لێپرسینەوە دەکەین'
ڕەوشەن مێردین لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە شەڕی زاپ و مەتینا کرد و بۆ چالاکییە سەرکەوتووەکانیان پیرۆزبایی و سڵاوی لە گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار کرد.
ڕەوشەن مێردین ئەوەشی وت، "ئەو قارەمانانە، کە داستان لەسەر داستان دەنووسن تێکۆشان بۆ مرۆڤایەتی بەرزدەکەنەوە، دەجەنگن بۆ ئەوەی لەبەردەم فاشیزمدا بوەستنەوە. هەڵوێستی گەریلا دەبێتە ورەی گەورە بۆ مرۆڤایەتی. لە ناو جەرگەی شەڕی قورسدا، لە ژێر چەکی کیمیاییدا بەرخۆدان دەکەن. لە سەختترین بارودۆخدا شەڕ دەکەن. ئەو ئیرادەیە سەرچاوەی خۆی لە هزر و فەلسەفەی ڕێبەرایەتیمان وەردەگرێت".
ڕەوشەن مێردین وتیشی: دەوڵەتی فاشیستی تورک لەم شەڕەدا شکستی هێناوە و لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "دەوڵەتێک، بە سوپایەک لە چەتەکان، کە بە پارە دروستکراوە، ناتوانێت لە دژی ئیرادەی پۆڵایینی گەریلا بەوەستێتەوە و سەربکەوێت. دەولەتەکانی ناتۆ گەورەترین پشتیوانی لەم جەنگە دەکەن، چونکە نایانەوێت ئەم شەڕە کۆتایی پێبێت. بۆ ئەوەش دەوڵەتەکانی ناتۆ تاوانبارن. تەنیا بۆ ئەوەی چەکی کیمیایی بفرۆشن درێژە بەم شەڕە دەدەن. دەبنە هاوکار و هاوبەش لە پاکتاوکردن وجینۆسایدی گەلی کورددا. لە سەدەی ٢١ دا ئەم دەوڵەتانە دادگایی دەکرێن. گەلی کورد داوای لێپرسینەوەیان لێدەکات".
'پارتی (پەدەکە) لە شەڕ و هێرشی کیمیاییدا ڕۆڵێکی گەورەی هەیە'
هەروەها ڕەوشەن مێردین ڕۆڵی پارتی (پەدەکە)ی لەم شەڕەدا هەڵسەنگاند و وتی: "پارتی (پەدەکە) لە سەرەتاوە ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەگێڕێت. ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دا. پارتی (پەدەکە) دەیەوێت بوونی خۆی لەسەر نەمانی پەکەکە بێت، بەڵام نەبوونی پەکەکەش بە مانای نەبوونی خودی پارتییە".
ڕەوشەن مێردین ڕایگەیاند، دەبێت پارتی (پەدەکە) حسابی ئەو کردارانەی بدات و وتی" پارتی (پەدەکە) هەموو کورد بۆ بەرژەوەندیی بنەماڵەی بارزانی چاوی هەموو کوردێک دەردەهێنێت. ئێمە داوای حساب و لێپرسینەوە لە پارتی (پەدەکە) دەکەین. وەک بزووتنەوەی ئازادیی ژنان تۆڵەی قارەمانەکانمان لە پارتی (پەدەکە) دەکەینەوە. ئەو ژنانە، کە ناسنامەی کوردستان دەپارێزن، لە دژی داگیرکاریی تێدەکۆشن، خوێنیان لەسەر زەوی نامێنێتەوە، با دۆست و دوژمن ئەوە بزانێت".
'دەبێت دەوڵەتی ئێران گوێ لە چالاکوانان بگرێت و سیستەمەکەی بگۆڕێت'
ڕەوشەن مێردین ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە لە بەردەوامیی وتەکانیدا تیشکی خستە سەر چالاکیەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سڵاوی لە چالاکوانان کرد و وتی: "یادی شەهیدانی ئازادیی شۆڕشی ژنان بەرزڕادەگرین. لە ناخی دڵەوە و بە گیان سڵاو لە هەڵوێستیان دەکەین. ئەم تێکۆشانە سروشتیترین مافیانە".
ڕەوشەن مێردین وتی: لە سەدەی ٢١ دا یاسای شەریعەت قبوڵ ناکرێت. کۆمەڵگا و ژنان ناتوانن خۆیانی تێدا دەرببڕن. پێویستە دەوڵەتی ئێران گوێ لە داواکارییەکانی چالاکوانان بگرێت و سیستمەکەی بگۆڕێت".
ڕەوشەن مێردین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بزووتنەوەی ئازادیی ژنان پشتگیری لە چالاکوانان دەکات و وتی: "ژن، ژیان، ئازادی فەلسەفەی ژیانە. ئایدۆلۆژیایەکە، ڕێگا و رێبازێکی ژیانە، کە مرۆڤ تێیدا گوزارشت لە خۆی دەکات. سەرۆکایەتی بەم دروشمە پەیوەندیی ژنان بەژیانەوە ئاشکراکردووە و سەلماندوێتی. ژنانی جیهان خاوەنداری لەم دروشمە دەکەن. لە گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی چالاکییەکاندا ڕۆڵی بزووتنەوەی ئازادیی ژنان زۆر بەرزە. پێویستیشە زیاتر خۆیان ڕێکبخەن. تاوەکو ئەم تێکۆشانە تا سەرکەوتن بەردەوام بێت. ئێمە وەک بزووتنەوەیەکی ژنان پشتیوانیان لێدەکەین بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای پارادایمی ڕێبەرمان و دیموکراسی و ئیکۆلۆژی و ئازادیی ژنان دروست بکەین".
ڕەوشەن مێردینباسی لە دووەمین کۆنفرانسی ژنانی جیهان کرد و وتی: "٨٠٠ ژن لە ٤١ وڵاتەوە بەشدارییان کردووە. چیرۆکی هەر ژنێک جیاواز بوو، بەڵام ئازاری ژنان یەک ئازار بوو. ژنان تەنیا دەتوانن لە نێو سیستەمێکی دێموکراسی و ژینگەپارێزی و ئازادی ژناندا خۆیان دەرببڕن و کێشەکانی ژنان چارەسەر بکەن. ئەمە لە کۆنفرانسەکەدا ڕوون بوویەوە. هەموو ژنان سوپاسی ژنانی کوردیان کرد. ئەوەش دەریدەخات کە ژنانی کورد بۆ خۆیان بە هیوا دەزانن".
ڕەوشەن مێردین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بزووتنەوەی ئازادیی ژنان موراڵ و ورەیەکی گەورەیان لە کۆنفرانسەکدا و وتی: "پێویستە لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا تێکۆشان ئەنجام بدرێت. ڕێکخراوی ژنان لە ٤١ وڵات دەبێتە هۆی ئەوە رێکخستنی زیاتر بەهێز ببێت".
ڕەوشەن مێردین لەبارەی چالاکییەکانی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە ڕایگەیاند، پێویستە چالاکییەکانی سەدەی ڕابردوو ئەنجامگیر ببن و بە ئەنجام بگەن. لەو چوارچێوەیەدا مێردین داوای لە ژنان کرد: "پێویستە ژنانی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان خۆیان بە باشی ڕێکبخەن. پێویستە ئێمە لە دژی پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژی و فاشیزم چالاکیەکانمان بگەیەنینە ئاستی گۆڕانی کۆمەڵگا تاوەکو لەناوبردن و سڕینەوە و جینۆسایدی ژنان نەمێنێت. پێویستە ئێمە ژیانێکی ئازاد و یەکسان بنیات بنێین و لە چوارچێوەی دروشمی 'دژی پاکتاوکردن و فاشیزم، ژن، ژیان، ئازادی' سیستمی پیاوسالاری، دەوڵەتگەرایی و فاشیزم تێکبشکێنین".
ژ.ت