سیامەند موعینی هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی رایگەیاند: گەلی ئێمە هەنگاوێكی بەرەوپێشەوە ناوە بۆ ژیانێكی ئازادو پەژاک لەو بوارەدا بۆ ئازادی گەلەكەی هەر هەنگاوێكی پێویست بێت دەینێت.
وتیشی: ئاڵای كۆمار لەگەڵ ئاڵای باشور تێكەڵ بكەنەوە غەدرێكی مێژوویی دەبێت لەگەلی ئێمە بەگشتی و ئێستا پێویستە گەلی كورد لەهەموو ساتێك زیاتر هەماهەنگ بێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئامانجی ستراتیژی ئێمە دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی ئازادو دیموكراتیكەو لەگەڵ هەموو حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیش چی ئێرانی چی كوردی، پەیوەنیدمان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: دەسەڵات قەت چاوەڕوانی ئەو هێزەی نەدەكرد لەپەنگخواردووی كۆمەڵگای ئێراندا هەموو بەدژی ئەو رابێتەوە، ئێستا لەنێو سیستمی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وردە وردە هەڵوەرین دەستیپێكردووە.
دەقی چاوپێكەوتنی سیامەندی موعینی:
هاوڵاتی: لەدوای هاتنی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەم خۆپیشاندانانە، بەدوورودرێژترین خۆپیشاندن و ناڕەزایی دادەنرێت، بەبڕوای ئێوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی ئەمجارە بەرەوكوێ دەڕوات، ئایا وەكو خۆیان بەردەوام دەبن یاخود گۆڕانكاری لەشێوازی ناڕەزاییەكان روودەدات؟
سیامەند موعینی: راستە سەرهەڵدان و خۆپیشاندان لەدەستپێكی هاتنی كۆماری ئیسلامی ئێرن بەردەوام هەبووە بەتایبەتی گەلی كورد لەسەرتاوە ئەو سیستمەی قبوڵنەكردووە، بەڵام ئێستا دەبینین هەموو گەلان و پێكهاتەكانی ئێران بەگشتی و بەهۆكاری جیاوازو پەنگخواردوویی ئەو ویست و خواستانەی كەهەیانبووەو كۆماری ئیسلامی ئێران نەیتوانیوە وەڵامدەرەوەی بێت بەردەوامن لەخۆپیشاندان، بەڵام ئەمجارە دەتوانین ئەو خۆپیشاندانانە نوێیە وەك رێنسانسێكی فیكری و وەك ئاڵوگۆڕییەكی بنچینەیی لەشێوازی خۆپیشاندان پێناسەی بكەین، ئەوەی ژن پێشەنگیەتی بۆخۆی دەتوانێتت ببێتە هۆكارێك كەبنكەیەكی ئەو رێنساسە فیكرییەی باسمكردو بنكەكەی سازبكات و پێكیبهێنێت، ژن پێشەنگە بۆچی؟ چونكە ژن بەدروشمی (ژن، ژیان ئازادی) توانی پێشانگایەتی ئەو شۆڕشە بكات، بەڵام گرنگی هەرەبەرچاوی ئەوەیە ئەو شۆڕشە كەدەستیپێكردووە «وەك شۆڕش پێناسەی دەكەم» پێشەنگەكەی لەكوردستانەوە بووە، بەشەهادەتی ژینا كە لەتاران بەشێوازێكی زۆر وەحشیانە كە شەهیدیان كرد، گەلی ئێمە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەت لەشاری قارەمانی سنە خاوەندارێتیان لێیكردو لەسەر گۆڕی ژینا دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) وترایەوەو هێندەی پێنەچوو ئەوە لەپرۆسەی خۆیدا گەیشتە شارەكانی دیكە و لەتاران دەستیپێكردو خۆپیشاندان لەدژی كۆماری ئیسلامی كرا و بەردەوامبوو لەهەموو شارەكانی ئێران، ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئەو خۆپیشاندانانەی ئەم جارە لەبواری كارەكتەری خۆیدا جیاوازە، پێشتر خۆپیشاندان هەبووە بەشێكیان ویست و خواستی جیاوازبووە، بەڵام ئەمجارە خۆپیشاندانەكان ویست و خواستێكی سیاسییان هەیە و تەنانەت خوازیاری لابردنی ئەو سیستمە دیكتاتۆرەن كە زیاتر لە 40 ساڵە حكوم دەكات، خاڵێكی دیكەی گرنگ لەو شۆڕشەدا ئەوەیە لەئازەربایجانەوە، لەشاری تەورێزەوە پەیام دێت و دەڵێت ئازەربایجان وشیارەو پشتیوانی كوردستانە، لەلایەكی دیكەوە لەئەهاوەزو تارانەوە هەمان پەیام بۆ یەكتر دەنێردرێ، ئەوەش رێنسانسێكە و لەچوارچێوەی ئەو ئاڵوگۆڕی فكریەدایە كە سەد ساڵە سیستمی داگیركەری كوردستان لەناوچەكە بەشێوازی دەوڵەت نەتەوە، كۆمەڵگای ئێمە بەتایبەت كوردستان و نەتەوەكانی دیكەش دەچەوسێنێتەوە، هەوڵی ئەوان بۆ كێشە دروستكردن لەناو نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكان نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت، ئەو پەیامانە ئاڵوگۆڕ لەگەڵ خۆی دێنێ و ئیتر گەلانی ئێران فریوی دەسەڵات ناوەند ناخۆن و بەبڕوای من ئەو شۆڕشە كە دەستیپێكردووە ئەنجام دەگرێت و تاكۆتایی دەڕوات.
هاوڵاتی: مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان چۆن دەبینی، ئایا شڵەژان و سەرلێشێواوی پێوە دیارە، پێتوایە دەسەڵات عەقڵا و كۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە؟
سیامەند موعینی: خەسلەتی دەسەڵاتی دیكتاتۆر هەمیشە لەسەر هێزو سەركوتی بیری جیاوازە، هەركەسێك دژی ئەوان بێت بەشێوازی فیزیكی هەوڵی لەناوبردنی دەدەن، بەڵام ئەمجارە شڵەژانێك بەسیستمەوە دیارە، چونكە قەت چاوەڕوانی ئەو هێزەی نەدەكرد لەپەنگخواردووی كۆمەڵگای ئێراندا هەموو بەدژی ئەو رابێتەوە، ئێستا لەنێو سیستمی پووك و پوچەڵی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وردە وردە هەڵوەرین دەستیپێكردووە لەنێوخۆیاندا، ئەوانەی كە باوەڕییان پێ هەبووە، ئەوانەی كە پایەی سەرەكی و پارێزەری ئەو سیستمە بوون هێدی هێدی دەنگی ناڕەزایی دەردەبڕن، ئەوە بووەتە هۆكارێك كە هێزو توانای ئەو سیستمە ئەوەندە نیە كەبتوانێت هەموو كۆمەڵگا سەركوت بكات، بۆیە لەكۆتاییدا راستە ئەوان هەوڵی كۆتایی خۆیان دەدەن بەڵام بەقەناعەتی من ئەو هێزو توانایەیان نابێت لەبەرامبەر گەلدا، چونكە كاتێك گەل راپەڕی هیچ دەسەڵات و هێزو چەكێك ناتوانێت پێشی پێبگرێت و بەتەئكید سەركەوتن هەر بۆ گەل دەبێت.
هاوڵاتی: چاودێران باوەڕیانوایە لەگەڵ شەهیدكردنی هەر خۆپیشاندەرێك و رێورەسمی ناشتنیداو دواتر لەڕێوڕەسمی چلەی شەهیدەكەشدا ناڕەزاییەكان فراوانتر سەرهەڵدەدەنەوە، رای تۆ چیە لەوبارەیەوە؟
سیامەند موعینی: ئەوە راستی تێدایە، سەرهەڵدان یان خۆپیشاندانەكان بەقۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕین و دەگاتە قۆناغێك كە بەربەرەكانێكە دەستەویەخە دەبێت لەبەرامبەر دەسەڵاتدا، رەنگە دەسەڵات بەباوەڕی خۆی پێیوابێت بۆ ماوەیەكی كورت سەركوتی بكات، بەڵام ئەوانە تەنها فیكرو خەیاڵن دەسەڵات پێوایە بتوانێت سەركەوتیان بكات، بەڵام هەر گەنجێك كەگیانی خۆی بەخت دەكات لەو رێگایەدا بەدەیان و سەدان گەنج و ئینسانی تێكۆشەری دیكە جێگای ئەوانە دەگرێتەوە و دەبێتە هۆكار كە بازنەی ئەو سەرهەڵدانانە بەرفراوانتر بیت.
لەپەیوەست بەشۆڕشی ژینا ئێمە راستەوخۆ دەبینین هەموو گەلان و هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان لەو شەڕەدا بەشدارن، 20 هەزار كەس دەستگیركراون، بەسەدان كەس گیانی خۆیان بەختكردووە و بەهەزارانی دیكەش بریندارن، بەڵام ئەمانە نەبووەنەتە هۆی پاشەكشەكردن، دەبینین گەنجان پێشەنگی دەكەن، بەتایبەتی ژنان پێشەنگی ئەو شۆڕشە دەكەن، بە قەناعەتی من كلیلی لەناوچوونی ئەو سیستمە لێدراوە و درەنگ یان زوو ئەو دەسەڵاتە مەجبورە تەسلیم بەئیرادەی گەل بێت و ناتوانێت بەو شێوازە سەركوتكارییە بەردەوام بێت.
هاوڵاتی: دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) چەمكێكە عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ یەكەمجار بەكاریهێناوەو ئێستا باڵی كێشاوە بەسەر سەدای خۆپیشاندانەكاندا، بەڕێزیشتان لەلێدوانێكدا دەڵێیت: «دەمێكە ئێمە كار بۆ ئەوە دەكەین هێزی پشتیوان بۆ كوردستان دەستەبەر بكەین»، پێتوایە ئێستا بەوتنەوەی دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) لەهەموو ئێران، مانای وایە لەكاركردنتان بۆ كۆكرنەوەی پشتیوانی بۆ كوردستان سەركەوتوو بوون؟
سیامەند موعینی: بەتەئكید دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) و دروشمی (پێكەوەژیانی گەلان) ئەوە دوو دروشمی سەرەكین كەئێمە هەوڵمانداوە كاری بۆ بكەین، ئێستاش لەئەنجامی ئەو سەرهەڵدان و شۆڕشەدا دەبینین كە گەلانی ئێران بەگشتی ئەو خواستەیان هەیە، (ژن، ژیان، ئازادی) تەنها دروشمێك نیە بەڵكو فەلسەفەیەكە كە چۆن مرۆڤەكان بەخواست و ویستی خۆیان ژیان بكەن، ئەوەی جەنابت فەرمووت بۆ پشتیوانی شۆڕشی گەلی كورد سەرهەڵدان و دۆستایەتی و پێكەوە هاوخەباتبوونی گەلانی دیكەی ئێرانیش بۆ گەلی كورد گرنگیەكی سەرەكی هەیە، چونكە لەمێژووی سەد ساڵەی ئێراندا داگیركەرانی كوردستان هەمیشە كەڵكیان وەرگرتووە لەو پۆتانسێڵانەی كە لەنەتەوەكانی دیكەن بەدژی گەلی ئێمەن، نەتەوەكانی دیكەیان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی دژی ئێمە شەڕبكەن و سەركوتی گەلی ئێمە بكەن، ئەمڕۆ ئەو چەكە لەدەسەڵات وەرگیراوەتەوەو ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە كە گەلی كورد بتوانێت بەشێوازێكی باشتر و بەهێزتر رووبەرووی دەسەڵاتێك بێتەوە كەوڵاتەكەی و گەلەكەی داگیركردووە، ئەو دوو دروشمەی كە دراون پێناسەیەكن كە ئێمە هەوڵمانداوە كاری بۆ بكەین، ئەوەی گرنگی هەیە (ژن، ژیان، ئازادی) ئەوەیە كە لەكوردستانەوە ژنی كورد پێشەنگی ئەو دروشمەیان كردووە و لەبەشەكانی دیكەی ئێرانیش بگوترێتەوە، ئەو دروشمانە نەك تەنها لەئێران بەڵكو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت ببێتە بنەمایەك بۆ گەیشتن بەئازادی و بە دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگا كەئینسانەكان بتوانن بەئازادی ژیانێكی بەكەرامەت بژین.
هاوڵاتی: پشتیوانی ئێوە بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان لەچی ئاستێكدایە، میتۆدی گونجاوو زانستیانەی پەژاک چیە لەو ناڕەزاییانەی لەئێران سەریهەڵداوە؟
سیامەند موعینی: رەنگە نەتوانم بەئاشكرا بڵێم پەژاک رۆڵی ئەساسی چی بووە، بەڵام لە 15 ساڵی رابردوو پەژاک بەهەزاران ئینسانی تێكۆشەری پەروەردە كردووەو بەشێكی هەرەزۆری ئەوانە لەناو كۆمەڵگادان و پەژاک ناكرێت تەنها وەك هێزێكی نیزامی سەیر بكرێت، هێزێكی سیاسی ئیدۆلۆژیكە و لەسەر ئەو بنەما فەلسەفیە توانیوێتی بەشێكی زۆر لەكۆمەڵگای خۆی ئۆرگانیزە بكات و بەشێوازی جیاواز پەروەردەی بكات و بتوانێت كەرامەتی خۆی بپارێزێت، گرنگ ئەوەنیە حزبێك یان رێكخستنێك چی كردووە یان چی نەكردووە، گرنگ ئەوەیە كەگەلی ئێمە هەنگاوێكی بەرەوپێشەوە ناوە بۆ ژیانێكی ئازاد، پەژاک لەوبواردا بۆ ئازادی گەلەكەشی هەر هەنگاوێكی پێویست بێت دەینێت تا گەیشت بەسەركەوتنی كۆتایی گەلەكەمان و پەژاک پشتیوانی شۆڕشی ئازادییە، بەتایبەت ئەو شۆڕشە كەشۆڕشی ژنە، شۆڕشی كوردستان لەئێران، ئەوە بەتەئكید هەم لەئێستاو هەم لەداهاتووشدا پشتیوانی سەرەكی و بزوێنەری سەرەكی لەو شۆڕشەدا هەر پەژاک دەمێنێ.
هاوڵاتی: ئێوە لەبارەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لە راگەیەنراوێكدا بەناوی «رێگەچارەی شۆڕشی نوێی گەلانی ئێران» دەڵێن: ئاڵای كۆماری كوردستان لەمهاباد وەكو ئاڵایەكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردییەكان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان قبووڵ دەكەن، لەسەر چیی بنەمایەك ئەم بڕیارەتان دا، لەكاتێكدا حزبی دیموكرات ئەو ئاڵایەی لەهەرێمی كوردستان هەڵدەكرێت بەگونجاو دەزانێت، رای تۆ چیە لەوبارەیەوە؟
سیامەند موعینی: ئێمە باوەڕمان بەپلورالیزم و ئازادی كەسایەتی هەیە، هەر ئینسان و هەر رێكخستنێك ئازادە چۆن بیردەكاتەوەو چی شتێك دەستنیشان دەكات بۆ سونبولێك بۆ خۆی، ئێمە دوای ماوەیەكی زۆر لە گفتوگۆو راگۆڕینەوە لەناو خۆماندا لەكۆتاییدا بڕیارماندا كە ئاڵای سەردەمی كۆمار وەك ئاڵای سەردەمی تێكۆشان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان دەستنیشان بكەین، ئەوەش سروشتیەو مافی خۆمانە ئاڵایەك بۆ گەلی خۆمان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستنیشان بكەین، هەر حزبێكی ترش ئاڵایەكی تر بۆخۆیان دەستنیشان دەكەن ئەوە بابەتێكی سروشتییە.
ئەوەی بیروباوەڕی كۆمار درێژەپێدەدات لەبواری ئازادی كوردستان، لەبواری ناسنامەی نەتەوەیی و دیموكراتیك ئێمە خۆمان بەخاوەنی دەزانین، ئەوەی كە ئاڵای باشور بەئاڵای كۆمار پێناسەبكرێتەوە ئەوە نەوعێكە لەچەواشەكاری و ئاڵای كۆمار لەگەڵ ئاڵای باشور تێكەڵبكەنەوە غەدرێكی مێژوویی دەبێت لەگەلی ئێمە بەگشتی.
ئێمە كە ئەو بڕیارەمانداوە وتوومانە تا كۆنگرەیەكی نەتەوەیی رێكدەخرێت كورد بەگشتی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەئازادی دەتوانێت بۆخۆی دەنگبدات و بڕیاربدات كە ئەو ئاڵایە قبوڵا دەكات یان قبوڵی ناكات، هەركاتێك میللەتی ئێمە رەتیكردەوەو ئاڵایەكی نوێیان دانا ئەوە مافی گەلەو دەتوانن بیگۆڕن، بەڵام تا ئەوكاتە ئێمە بۆ یەكگرتوویی هێزەكانی رۆژهەڵات ئەو ئاڵایە بەڕەسمی دەناسێنین و لەئێستا بەدوا ئێمە ئەو ئاڵایە هەڵدەكەین.
هاوڵاتی: لەگەڵ كۆمەڵە (سازمانی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران) لێكگەیشتن و كاری هاوبەشتان پێكەوە هەیە، لەگەڵ ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆچی ئەم لێكگەیشتن و هەماهەنگیەتان نیە، بەگشتی هاوكاری هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران چۆنە؟
سیامەند موعینی: ئێمە لەگەڵ هەموو حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان چی ئێرانی چی كوردی، پەیوەنیدمان هەیە، بەڵام ئەوەی هاوكاری بێت زۆرتر لەگەڵ كۆمەڵە هاكارییمان هەیەو گەیشتووەتە قۆناغی پراكتیكی و ئەنجامی باشی هەبووە، بەڵام ناوەندی هاوكاری ئێمە نە ئاگاداری ناوەڕۆكەكەیان و نە دەزانین لەسەر چی بنەمایەك ئەو ناوەندە كاردەكات، سەرەتا باوەڕم وایە شەش حزب بوون ئێستا تەقریبەن سێ حزبیان ماوەتەوە، ئەوان پێویستە پلاتفۆرمێكی دروستیان هەبێت بۆ شێوازی تێكۆشان و شێوازی كاركردن لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران، هەركەسەو هەستا چوارچێوەیەكی دانا ئەوە نابێت، پێویستە بۆ قۆناغی یەكەم لێكتێگەیشتن هەبێت، بۆقۆناغی دووەم پێویستە دانیشتن و سمینار هەبێت لەچوارچێوەی پرۆژەو بەرنامەیەكی دیاریكراوو كۆنكرێتی بەیەكەوە، ئەگەر تەنیا یەك خاڵیش بێت پێویستە ئەو حزبانە بەلێكگەیشتن بگەن، تۆ ناتوانی گروپێك سازبكرێت و بڵێت تۆش وەرە ناوی، ئێمە بەهیچ شێوەیەك هیچ ئیعتیبارێك بۆ رێككەوتنێكی ئاوا دانانێن، ئێمە پێمانخۆشە ئەگەر لەداهاتوودا شێوازێكی هاوكاری بێتە پێشەوە پێویستە ئەو شێوازە هاوكارییە بەشێوازێكی كۆلەكتیڤ بێت، هەموو ئەو هێزانەی لەگۆڕەپانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەكتیڤن بێن بەشدار بن، ئێستا پێویستە گەلی كورد لەهەموو ساتێك زیاتر هەماهەنگ بێت، چونكە قۆناغێكی مێژوویی و هەستیارە ئەگەر ئەو سیستمە تۆتالیتارەی ئێرانیش نەمێنێ مەترسی شۆڤێنیزمی ناوەندگەرا هەر دەمێنێ و پێویستە كورد ئامادەكاری بۆ ئەو كاتەش بكات و لەداهاتووی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان رۆڵی سەرەكی هەبێت، رێگە نەدات ئیتر داگیركاری بەرەو كوردستان بێتەوە، رێگە نەدات سیستمی دیكتاتۆرو تۆتالیتار دیسان لەئێران سەرهەڵبداتەوە ئەوە بۆچوونی ئێمەیە، لەسەر بنەمای ئەو بۆچوونە دیموكراتیكە هەوڵ و خەباتمان دەبێت و ئامادەی هاوكاری هەموو هێزێكین بۆ ئەوەی كۆمەڵگایەكی ئازاد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دابمەزرێت.
هاوڵاتی: ئێوە لەو راگەیەنراوەتاندا بەناوی «رێگەچارەی شۆڕشی نوێی گەلانی ئێران» داوا دەكەن هێزەكان خۆیان لەچەمكی (نەتەوەپەرستی و ئەتنیگەرایی) بەدووربگرن، مەبەستان لەم داواكارییە چیە؟
سیامەند موعینی: هەڵە لەوە تێنەگەین كە باسی نەتەوەپەرستی یان نیشتمانپەروەریی دەكرێت، ئێمە كوردین و بۆ ئازادی كوردستان تێكۆشان دەكەین، بەڵام ئەو رەگەزپەرستیەی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەد ساڵی كۆتایی سەریهەڵداوەو دوای دامەزراندنی سیستمی دەوڵەت نەتەوە كەپرۆژەیەكی كۆڵۆنیالیستی ئەوروپا بوو بەسەر كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپێنرا، ئەو جۆرە بیكردنەوەیە كە رەگەزی خۆت پێگەورەتر بێت لەڕەگەزی ترو ئەوەش دەبێتەهۆی ئەوەی كە بەدژی نەتەوەو پێكهاتەكانی دیكە هەوڵبدەی، بەڵام لەبنەمادا پێناسەی سیستمی دەوڵەت نەتەوە كەڕەگەزپەرستیە، ئەو سیستمە سیستمێكی عەربی یان فارسی یان توركی یان كوردی بێت هیچ جیاوازییان نیە، لەكارەكتەرو شێوازی قڕكردن و ئەوەش هەمیشە كێشەو بەربەرەكانی لەو كۆمەڵگایەدا دروستدەكات، كەهەڵگری ئەو پێناسەیەیە، ئێمە ئەڵتەرناتیڤی ئەوەمان وەك كۆنفیدراڵیزمی دیموكراتیك داناوەو خۆبەرێوەبەری دیموكراتیك كە هەر پێكهاتەو ئیتنیكێك كخوازیاری ئەو ئازادییە بێت بتوانێت لەچوارچێوەی دیاریكراوی خۆیدا بەئازادی بژی، لەسیستمی كۆنفیدراڵدا هاوبەش بێت لەئیدارەكردنی وڵات و سیستمدا، لەڕێگاچارەی شۆڕشی ئێراندا كە لە 11 خاڵدا پێشكەشمان كرد رێگاچارەیەك بۆ داهاتووی بارودۆخی ئێران بێت، هەر حزبێك ئەگەر لێكدانەوەیەكی دروستی نەبێت بۆ سیستمك كە تێكۆشانی لەبەرامبەردا دەكات، پرژەو پلانێكی بۆ داهاتوو نەبێت مێژووی بەسەردا دووپاتدەكرێتەوە، ئەو سەرهەڵدانانەی كورد كە تائێستا نەیانتوانیوە دەستكەوتی بنەڕەتی بەدەستبهێنن بۆ گەلەكەیان هۆكاری ئەوەبووە كە پرۆژەیەكی دروستیان نەبووە بۆ ئەوەی بتوانن لەداهاتووی كۆمەڵگاكەیاندا ئیدارەی خۆیان بكەن، ئەوە بەو واتایە نیە كە دووژمن سەرسەخت نیەو بەهەموو هێزی خۆی سەركوت ناكات، بەڵام لەبەرامبەر ئەو سەركوت و دوژمنكاریەی زیهنیەتی نەتەوەپەستی پێویستە ئەو زیهنەتە بگۆڕدرێ، ئێمە لەوچوارچێوەیەدا دژایەتی ئەوە دەكەین، لەگەڵ ئەوە نین بەزیهنیەتی نەژادپەرستیەوە بكەوینە ناو ململانێیەك كەداهاتووی گەلەكەمان بخاتە مەترسییەوە.
هاوڵاتی: ئایا هێزی چەكداری كوردی (گەریلاو پێشمەرگە) ئامادەن بۆ هەر رووداو و پێشهاتێكی لەناكاو، بۆ نموونە ئەگەر دەوڵەت بڕیاری بەكارهێنانی هێزی چەكداری بدات لەسەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان و دەستنەپارێزێت، لەو حاڵەتەدا ئێوە هەوڵدەدەن هێزی چەكدار بەكاربهێنن بۆ بەرگری لەخەڵك؟
سیامەند موعینی: من دەتوانم وەك پەژاک وەڵام بدەمەوە، هێزی گەریلا هێزی پاراستنەو پاراستنی گەل بەبنەما دەگرێت و بۆ پاراستنی گەلەكەی دورستكراوە، لەپێشووتریش پێشمەرگە ئەو رۆڵەی هەبووە و گەلەكەی پاراستوە لەبەرامبەر هەر هێزێكی دوژمنكارانەدا گەلی خۆی پاراستووە، دوژمن ئێستا كەوتووەتە شەڕێكی دەستەویەخە لەگەڵ گەل، شەڕی گەل و دەسەڵات دەستیپێكردووە، گەل میكانیزم و شێوازی جیاواز بەكاردەهێنی بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆرە بەچۆكدا بدات و تا رادەیەكیش سەركەوتوو بووە، چونكە دەوڵەت بەهەموو هێزی داپڵۆسێنەری خۆی نەیتوانیوە ئەو شۆڕشە سەركووت بكات، بەو واتایە كەهێزی گەل ئامادەترە كە دەسەڵات بتوانێت بەهێز سەركوتی بكات، راستە ئێستا كۆماری ئیسلامی هەموو هێزەكەی نەخۆستووەتە مەیدانەوە، بەڵام ئەوەش بەو واتایە نیە كەگەلی ئێمە هەموو هێزی خۆی خستبێتە مەیدانی شەڕەوە، وەختێك پێویست بێت بەباوەری من هەموو هێزێك هەموو مرۆڤێكی بەویژدان تواناكانی خۆی بەكاردێنێ بۆ ئەوەی پێش لەكۆمەڵكوژی گەلی خۆی بگرێت و پێش لەوە بگرێت كە جینۆسایدێكی دیكە بەسەر گەلی ئێمە بسەپێ، بۆیە ئەوە پرسێكە داهاتوو بۆخۆی وەڵامی دەداتەوە هیوادارم بەشێوازێكی هێمنانەتر چارەسەری ئەو دۆخە بكرێت، بەڵام ئەگەر نەشكرێت بەقەناعەتی من گەلی ئێمە لانی كەم ئامادەی ئەوەیە دەستكەوتەكان و گەلی خۆی بپارێزێت.
هاوڵاتی: ئامانجی ستارتیژی پەژاک لەبەرامبەر رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران چیە، ئایا ئێوە كار بۆ رووخانی رژێم دەكەن؟
سیامەند موعینی: ئامانجی ستراتیژی ئێمە دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی ئازادو دیموكراتیكە، كۆمەڵگایەك كەمرۆڤەكان بەپێناسەی خۆیانەوە ژیانێكی بە كەرامەت بكەن، ئێمە فۆرمۆلێكمان هەیە، پێیدەڵێین (دەوڵەت و دیموكراسی) لەچوارچێوەی دەوڵەت و دیموكراسیدا دەكرێ بەهەبوونی دەوڵەتێك «ئێستا پێناسەی ئەو دەوڵەتە ناكەم» بەڵام تاگەیشتن بەكۆمەڵگایەكی دیموكراتیك پێویستە ئەو فۆرمۆڵە كاری خۆی بكات، بنەمای رێكخستنی كۆمەڵگایەك كە دەیەوێت ژیانێكی ئازادی هەبێت، تێگەیشتنێكی زیهنیەتی ئەوەی هەبێت ئازادی بنەمای كۆمەڵگایەكی تەندروستە، ئێستا ئامانجی ستراتیژی ئێمە دامەزراندنی كۆنفیدراڵیزمی دیمكراتیكە، ئەوەش بەمانای ئەوە نیە دوای نەمانی دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی كۆماری ئیسلامی لەكوردستان یان لەئێران بەو مانایە بێت كە كۆنفیدرالیزم دامەزراوە، ئەوە پرۆژەیەكە پێویستە كاری لەسەر بكرێت، پێویستە گەلان بەگشتی بەشێك بن لەو پرۆسەیە، چونكە لەپرۆسەدا یەكخستنی خۆی پەیدادەكات، بەئیرادەگەراییانە ناتوانی كاری سیاسی بەریتە پێشەوە، لەچوارچێوەی ئەو پرۆژانەدا ئێمە هەوڵ و تێكۆشان دەكەین، ئەو سەرهەڵدان و شۆڕشە كەئێستا لەئێران دەستیپێكردووەو دەگاتە ئەنجام ئەوە بەو واتایەیە كە ئەو پرۆسەیە دەستیپێكردووە، هیوادارین كە بەخەسارێكی زۆر كەم و مەودایەكی زۆر كورتتر بگاتە ئەنجام و خەڵك بەئاسودەیی و كەرامەتەوە بژین.
هاوڵاتی: باس لەوەدەكرێت گەورەترین گرفت لەبەردەم ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان و ئێران بریتیە لەنەبوونی پرۆژەی بەدیل بۆ سیستمی حوكم و دەسەڵات لەئێران، لەئەگەری رووخانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئایا پرۆژەیەك بۆ سیستمی جێگرەوە هەیە؟
سیامەند موعینی: ئەوە حەقیقەتێكە كەئێستا لەئێران ئۆپۆزسیۆنێكی هاودەنگ و كارا نیە، ئۆپۆزسیۆن هەیە بەڵام بەشێوازی جیاجیا و ئێستا هەوڵی ئەوە دەدرێت هەماهەنگی لەنێوان ئۆپۆزسیۆن دروستبكرێت، ئێمە لەبەشی خۆمان كارمان بۆ كردووە، هەم لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، هەم لەگەڵ حزبەكانی تری ئێران لەچوارچێوەی هەندێك پرۆژەدا كاربكەین، لە 2016دا پرۆژەیەكمان پێشكەشكرد بەهەموو حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و تیایدا لە 10 خاڵدا داوامانكرد وەكو پرۆژەی پەژاک بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، هەم لەبواری سیاسی، هەم لەبواری دیبلۆماسی، هەم لە بواری جیاوازدا چی كۆمەڵایەتی و چالاكی سیاسی و لەكۆتاییدا هەماهەنگی بەشی رێكخستن، كەئێمە لەشكرێكی نیزامی و هێزێكی لەشكری بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان كەپێكهاتووە لەهێزی شەڕڤان و هێزی پێشمەرگە و هێزی گەریلا كەبتوانن ئازادییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بپارێزن، ئەوە پێناسەیەكی كوردیەو لەچوارچێوەی رۆژهەڵاتی كوردستاندا ئەو پرۆژەیە پێشكەش بەهەموو حزبەكانی رۆژهەڵات كرا، هاوكات لەچوارچێوەی ئێرانیشدا پرۆژەیەكی بە دیموكراتیزەكردن پێشكەشكراو درایە هەموو حزبەكان لەسەر بنەمای ئەوەی هەوڵی ئەوەماندا كە بتوانین لەژێر چەترێكدا بەشێكی زۆر لەگەلانی ئێران هاوخەبات بكەین، پلاتفۆرمی گەلانی ئێرانمان پێشكەشكردو یەكەم كۆنفرانسی خۆی لە پەرلەمانی ئەوروپا رێكخست و توانی تاڕادەیەك لەگەڵ هێزو گەلانی دیكە هەنگاو بەرەوپێشەوە بنێن، بەتایبەت ئێمە پرۆژەیەكی تایبەتمان هەیە لەگەڵ گەلی بەلوچ و لەگەڵ گەلی عەرەب و ئازەری و هەوڵدەدەین لەو چوارچێوەیەدا خەبات بكەین، ئەوەی كە هەموو ئێران دەگرێتەوە پرۆژەی بەدیموكراتیزەكردن تەنها چارەسەری كێشەكان و نەمانی ئەو كێشانەی ئێستا لەئێران هەیە، پێویستە سیستمی ناوەندگەرا نەمێنێت، سیستمی ناوەندگەرا بووەتە هۆكاری دوژمنی و رقەبەرایەتی لەنێوان گەلاندا، بەڵام ئەگەر ئەو سیستمە نەمێنێ تێگەیشتن زۆرتر دەبێت و لەپرۆسەی بەدیموكراتیزەكردنیشدا ئەو مرۆڤ و رێكخستنانەی باوەڕیان بەدیموكراسی هەیە ئەوكاتە دەتوانن بەپرۆژەی جیاوازەوە بەرەوپێشەوە بڕۆن و كۆمەڵگای خۆیان دیموكراتیزە بكەن.
هاوڵاتی: ئایا پەژاک لەناو لیستی تیرۆردایە، مەبەستم لەم پرسیارە ئەوەیە ئایا لەقۆناغی داهاتوودا دەتوانن بەشداری لەو كۆنگرە نێودەوڵەتیانە بكەن كە بۆجێگرتنەوەی حكوم لە ئێران رێكبخرێت؟
سیامەند موعینی: پەژاک هیچ كاتێك لەلیستی تیرۆردا نەبووە، ئەوە شەڕێكی تایبەتە كە بەدژی پەژاک دەكرێت، مێزێكی تایبەت، هاوكارییەكی تایبەت لە نێوان ئیتڵاعاتی ئێران و میتی توركیاو پاراستنی ماڵی بارزانیدا هەیە، هەموو هەوڵێك دەدەن پەژاک لەڕوانگەی سیاسی و دیبلۆماسی تەنانەت لەناو خودی گەلی كوردیشدا وای نیشانبدەن كە پەژاک لەگەڵ ئەو گەلە نیەو ئەو بەشێك نیە لەو گەلە، ئەوەش لەچوارچێوەی شەڕی تایبەتە، ئێمە ساڵانە بەدەیان كۆنفرانس و سمینارو خۆپیشاندان بەناوی پەژاک لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دەكەین، هیچ كاتێك بەربەستمان لەلایەن هیچ وڵاتێكی ئەوروپاو ئەمریكاوە تەنانەت هیچ وڵاتێكی دنیاوە نەبووە.
باسكردنی ئەوەی كە پەژاک لەلیستی تیرۆردایە لەچوارچێوەی ئەو شەڕە تایبەتەدایە، پەژاک لەلستی تیرۆردا نیە، بۆیە لەگەڵ هەر دانیشتن و لەگەڵ هەر حزورێكی گشتیدا بۆ رێكخستنی ئۆپۆزسیۆن لەئێران پەژاک لەگەڵی دەبێت بەناسنامەی خۆیەوە، دەتوانم زۆر بە راشكاوی بڵێم نەبوونی پەژاک لەنێو رێكخستنێكی وادا دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەو ئۆپۆزسیۆنە نەتوانێت سەركەوتوو بێت، چونكە پەژاک هێزێكی مەیدانیە و ئەو شۆڕشەی لە ئێران دەستیپێكردووە ئەوە نیشاندەری ئەوەیەو بۆ دۆست و دوژمن ئاشكرابوو كەهێزی ئەو فەلسەفەیە چەند بەهێزەو چەند دەتوانێت بەخێرایی بچێتە ناو جەماوەر و دەتوانێت ئاڵوگۆڕ دروست بكات.
پەژاک ئەو هێزەیە كە دەتوانێت لەداهاتوودا ببێتە بەشێك لەهێزێك كە بۆ ئازادی لەئێران و بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی كوردستان تێكۆشان دەكات، هیچ سازشێك لەگەڵ هیچ هێزێك ناكات و ئەگەر بیەوێت رۆژهەڵاتی كوردستان و كوردستان بەگشتی بەكۆیلەتی بهێڵێتەوە، بەداگیركراوی بهێڵێتەوە، بۆیە ئێمە شەڕو تێكۆشان بەدژی ئەو زیهنیەتەش دەكەین.
هاوڵاتی: ئێران بەردەوام هەڕەشە لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، بەشێك لەحزبەكانی رۆژهەڵاتیش دەڵێن: لەسەر داخوازی حكومەتی هەرێم هێزەكانیان لەسنوری ئێران گواستووەتەوە، ئایا ئێوە وەكو پەژاک داواتان لێكراوە ئاڵوگۆڕ بەشوێنی هێزەكانتان بكەن؟
سیامەند موعینی: حزبەكانی تر چۆن هەڵسوكەوت دەكەن خۆیان بەرژوەندی خۆیان دەزانن، ئێمە بە رووخسەتی هیچ كەس نەهاتووین لەچیاكانی كوردستان جێگیر بین و بەهەڕەشەی هیچ هێزێكیش پێگەو چیاكانی كوردستان بەجێناهێڵین، چونكە چیاكانی كوردستان بەشێكن لەناسنامەی ئازادیخوازی گەلی ئێمە، بۆیە ئێمە ئیزن بەهیچ هێزێك نادەین كە بیەوێت بەهەر شێوازێك فیكری تەسلیمبوون و لاوازبوون بەسەر هێزی ئێمەدا بسەپێنێت، هیچ هێزێكیش داوای لەئێمە نەكردووە بۆ فۆرمۆلێكی جیاوازتر لەوەی ئێستا كەهەیە، ئامانجی ئێمە لەبنەمادا جگە لەوەی ئەو چیایانە وەك بنكەیەكی بنەڕەتی ئێمەیە، بەڵام ئێمە لەنێو دڵی گەلەكەشماندا لەڕۆژهەڵاتی كوردستان تەنانەت لە بواری زیهنیەتی فیكریەوە لە هەر چوار بەشی كوردستان لەبواری رووحییەوە لەگەڵ جوڵانەوەی شۆڕشگێری ئێمە هاوفیكرن و هاوسۆزن، گەلی شۆڕشگێری ئێمە لەبەشەكانی دیكەی كوردستانە، ئێمە هەمیشە بەهاو ئەرزشێكی زۆر زۆر گەورەمان داوە بەوەی گەلی ئێمە لەبەشەكانی دیكە پشتیوانی خەبات و تێكۆشانی ئێمەبوون، ئەوەش سەرچاوەی فیكری ئێمە فیكرێكی نەتەوەیە لەئەساسدا، لەهەر خاڵێكی كوردستان كەپێویستبووە، كۆبانی پێویستی بووە ئامادەیی هەبووە، باكوری كوردستان پێویستی بەهێزی پەژاک هەبووبێ ئامادەیی هەبووە، لەباشوری كوردستانیش بەهەمان شێوە، ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی كوردستان پێویستی بەخەبات و تێكۆشانێك هەیە ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین لەجیاتی ئەوەی بەشەكانی دیكە پشتگیری ئەو رەوتە پێشكەوتنخوازە بن، بەپێچەوانەوە ئەوانە ببن بەهێزو پشتیوانییەك بۆ خەبات و تێكۆشانی گەلی ئێمە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، یانی ئێمە چاوەڕوانی لەگەلی خۆمان لەباشور، لەباكورو لەڕۆژئاوا دەكەین كەوەك خەباتێكی سەرانسەری گەلی خۆیان بیبینن، هەموومان وەك گەلی كورد پێناسەمان یەكەو رووحمان لەیەك لەشدایە.
ژ.ت