لە جولەمێرگ پۆلیسەکان مادەی هۆشبەر دەدەنە گەنجان

لقی جولەمێرگی ئیهەدە دەربارەی بەکارهێنان و پەیداکردنی مادەی هۆشبەر ڕاپۆرتێکی ئامادە کرد، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پۆلیسی تورک مادەی هۆشبەر دەدەنە گەنجان.

سیاسەتی شەڕی تایبەت لە کوردستان

لقی جولەمێرگی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) ڕاپۆرتی "چاودێری لەسەر مادەی هۆشبەر"ی بڵاوکردەوە، ڕاپۆرتەکە لە ١١ لاپەڕە پێکهات و لەلایەن ئەندامی ئیهەدە پینار زەنگین خوێنرایەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە بنەماڵەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە چاوپێکەوتنەکانیدا دووپاتیان کردۆتەوە زۆرجار کەسانێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسەوە دەردەچوون و بە چەک و ئامێری پۆلیسییەوە مادەی هۆشبەریان داوەتە گەنجان، چەند جار بە ئۆتۆمبیلی مەدەنی هاتوون و لەگەڵ بەکارهێنەرەکان قسەیان کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا وتەی چەند بەکارهێنەرێکی مادەی هۆشبەری لەخۆگرتووە، یەک لە گەنجەکان ڕایگەیاندووە پۆلیس مادەی هۆشبەر دەداتە کەسانێکی سەر بەخۆیان، بەڵام لەبەرئەوەی من بە قسەیان ناکەم، لێم دەدەن و مادەی هۆشبەرم پێ نادەن، مادەکان لە من دەسێنن و دەیدەنە خەڵکی تر، پۆلیس داوا لە ئێمەی بەکارهێنەر دەکات بچین دزی بکەین و ماڵی خەڵک بسوتێنین.

گەنجێکی تر کە ماوەیەکە وازی لە بەکارهێنان هێناوە ڕایدەگەیەنێت، مادەی هۆشبەرت دەدەنێ و داوا دەکەن ببیتە سیخوڕ، ئەگەر نەیکەی لێت دەدەن و پاشان لەپێشچاوت مادەی هۆشبەر دەدەنە کەسێکی تر و ناچاری تەماشای بکەی.

لە ڕاپۆرتەکەی وتەی گەلی هەرێمەکە هاتووە، نیگەرانی و خەمی خۆیان بۆ گەنجەکانیان دەردەبڕن، ڕایدەگەیەنن گەنجانەکانیان بێکار دەکەن و ناچاریان دەکەن بە ئالوودەبوون، دەڵێن ئەو دەمەی گەنجانمان دەچوونە نێو پەکەکە دەترساین و دەمانگوت شتێکیان بەسەردا دێت و لە شوێنێک دەکوژرێن، بەڵام ئێستە ئەو گەنجانەی وەهایان نەکرد هەموویان بوونەتە ئالوودەی مادەی هۆشبەر، خۆزگە بچوونایەتە نێو پەکەکە.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کۆتایی هێنان بە مادەی هۆشبەر لە کوردستان ئەرکی هەموو بەرپرسانە، داواکراوە ئالوودەبووان بدرێنە دەست کەسی پسپۆڕ و لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەری گونجاو بکرێن، هەلی کار بۆ گەنجان بدۆزرێتەوە و چالاکییە کلتوورییەکان زیاتر بکرێن.